توندوتیژی زارەکی و ڕق دەربڕن پەیوەست بە پرسی ژنان لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

"کۆمێنتەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وەک نموونە"

رێباز جلال محمود 1*  و مراد حکیم محمد  2

1 زانکۆی سۆران-هەرێمی كوردستان-عێراق. (Rebaz.mahmood@soran.edu.iq)

2 زانکۆی سۆران-هەرێمی كوردستان-عێراق. (muradhakeem@gmail.com)

تاريخ الاستلام: 12/2023              تاريخ القبول: 04/2024    تاريخ النشر: 08/2024  https://doi.org/10.26436/hjuoz.2024.12.3.1370

پوختە:

ئەم توێژینەوەیە هەوڵێکە بۆ ڕوانین لە توندوتیژی زارەکی و ڕق دەربڕین لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیوەست بە پرسەکانی ژنان لە هەرێمی کوردستان. ئامانجی ئەم توێژینەوەیە تێگەیشتنە لە چۆنیەتی بەکارهێنانی توندوتیژی زارەکی و ڕق دەربڕین لە نێو بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە دیاریکراوی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە هەمبەر پرسەکانی پەیوەست بە ژنان. میتۆدۆلۆژیای بەکارهاتوو بۆ ئەم مەبەستە خۆی لە میتۆدلۆژیای تێکەڵاو دەبینێتەوە، بە جێبەجێکردنی میتۆدۆلۆژیای نێتنۆگرافیا و میتۆدی شیکردنەوەی گوتاری ڕەخنەیی، و شیکردنەوەی ناوەرۆک. وەک نموونە بە شێوەیەکی سەرەکی پێنج پۆستی فەیسبووک وەرگیراون و بۆ هەر پۆستێکیش ١٠٠ کۆمێنت بە شێوەیەکی هەرەمەکی وەک نموونە وەرگیراون لە رێگەی وێبسایتی Export comments. گرنگی ئەم توێژینەوەیە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە ئەم توێژینەوەیە هەوڵێکی زانستییە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی بەکارهێنانی زمانی توند و ڕقاوی لە نێو بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە بەرامبەر پرسەکانی ژنان. لە ئەنجامدا ئەم تێگەیشتنە بەرجەستەبوو کە بەکارهێنانی توندوتیژی زارەکی و قسەی توند و ڕقاوی بە رێژەیەکی زۆر بەرز لە نێو بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە بەرامبەر پرسەکانی ژنان هەیە، زیاد لەمە، مەعریفەیەکی زانستی پەیوەست بە تێگەیشتن لە سروشتی بەکارهێننای زمانی توند و پیس و قسەی ڕقاوی لە رێگەی بەکارهێنانی تیۆرییە پەیوەندیدارەکان بەرهەم هێرا.

وشە کلیلیەکان: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، فەیسبووک، توندوتیژی زارەکی، ڕق دەربڕین.


پێشەکی

لەم سالانەی دوایدا گۆڕانکاری زۆر بەسەر ئەو ڕێگەیانەدا هاتووە کە بەهۆییەوە خەڵک پەیوەندی دەبەستن لەگەڵ یەکتردا و بەریەک دەکەون بە تایبەتی بەهۆی دەرکەوتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو شۆڕشەی کە ئینتەرنێت لە ژیانی گشتیدا بەرپای کردووە. بەو واتاییەی کە مرۆڤ گەیشتۆتە سەردەمێک کە دەتوانن بە ئازادی سوودمەند ببن لە چەندین کەناڵی گەیاندن کە بەهۆییانەوە لە چرکەیەکدا پەیوەندی ببەستن لەگەڵ یەکتردا تەنانەت ئەگەر دوورییەکی زۆریش لە ڕووی جوگرافییەوە لە نێوانیاندا هەبێت، ئەم زەمینەیەش وای کردووە کە رۆژ دوای رۆژ خەڵکێکی زیاتر و زیاتر سوود لە پلاتفۆرمی ئۆنلاین وەربگرن نەک تەنها بۆ کارڵێکی کۆمەڵایەتی، بەڵکو بۆ هاوبەشیکردنی هەواڵ و مەبەستی جیاجیا(Tontodimamma et al 2020) .

بەو واتایەی کە لە ئێستادا، بەکارهێنانی ئینتەرنێت لە نێو خەڵکدا لە ئاستێکی بەرزدایە، بە مانایەکی دیکە، بەهۆی ئینتەرنێتەوە پەیوەندی و کارلێکە کۆمەڵایەتییەکان بە ڕادەیەکی زۆر گۆڕانکارییان بەسەرداهاتووە، خێراترن بەراورد بە ڕابردوویان (Dogruer, Menevis & Eyyam, 2011). ئەوەش وەک یەکێک لە دەرئەنجامەکانی شۆڕشی تەکنەلۆژی لێکدەدرێتەوە لە میانەی چەند دەییەی ڕابردوودا .(Ferri, Grifoni & Guzzo, 2012) وەک لێکەوتەیەکیش لە شۆڕشی تەکنەلۆژیدا، ماڵپەرەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاتنە بوون. بۆیە لە ئێستادا بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆنەتە دیاردەیەکی حاشاهەڵنەگر لە ژیانی تاکەکان و دامەزراوەکاندا. زیادە لەمەش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری بەرچاویان هەیە لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە نێو خەڵک بە شێوەی ئەلیکترۆنی، هەروەها وەک ڕوبەرێک دەبینرێن بۆ کارلێکی کۆمەڵایەتی نێو تاکەکان.

توێژەران بەکارهێنانی زمانی ڕق و گوتاری توندوتیژ بە باوترین کێشەی ژەهراویکردنی ژینگەی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دادەنێن، ناوەندە ئەکادیمیەکانیش هەوڵی تیشکخستنە سەر ڕوخسارە جۆراوجۆرەکانی ئەم فۆرمە لە گوتار دەدەن لەنێو بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (Das et al 2020). وەک تێبینی دەکرێت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەتی فەیسبووک بە شێوەیەکی فراوان لە نێو خەڵکی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێت. لەم سۆنگەیەشەوە کارڵێکی کۆمەڵایەتی وەک پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی لە هەر کاتێک خێراتر بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی دێتە بەرچاو. وەک لێکەوتەیەکی ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر شێوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکاندا هاتوون، بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری جیاجیا، لە نێو بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە زۆر باردا ئەوەی تێبینی کراوە زمانی توندوتیژ و گوتاری ڕق و کینە لە بەرامبەر یەکتردا بەکاردەهێنرێت، بە مانایەکی دیکە، لە نێو بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە جیاتی بەکارهێنانی وشەی بەڕێز، پەسەندکراو و گفتوگۆکردن، لە زۆر باردا بەکارهێنەران، هەستەکانیان و توڕەییان بە جنێو، ڕەتکردنەوە، گوتاری توندوتیژ و رق و کینە دەخەنەڕوو. بە واتایەکی دیکە، بەشێکی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بابەتێک یاخود پرسێک، کە کەسەکە گۆشە نیگا، یاخود بۆچونی کەسێکی تری بەلاوە پەسەند نیە، بە تایبەتی کاتێک بابەتەکە پەیوەستە بە پرسەکانی ژنان، زمانی توندوتیژ و گوتاری ڕقاوی باوترین پەرچەکرداری دەبێت بۆ لایەنی بەرامبەر.

         لەبەر ئەوە پرسیاری سەرەکی لەم توێژینەوەیەدا ئەوەیە کە بزانرێت کە ئایا ئاستی بەکارهێنانی توندوتیژی زارەکی و گوتاری ڕقاوی لە نێو بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە بەرامبەر پرسەکانی ژنان چۆنە؟ هەروەها چۆن دەکرێ لە ڕووی زانستیی و تیۆرییەوە لە پرسەکە تێبگەین؟

·                     ئامانجی توێژینەوە

ئەم توێژینەوەییە مەبەستیەتی لە ئاستی بەکارهێنانی توندوتیژی زارەکی و ڕق دەربڕین تێبگات پەیوەندیدار بە پرسەکانی ژنان لە نێو تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە هەرێمی کوردستان، زیاد لەوە، ئەم توێژینەوەیە مەبەستیەتی لەم ناوەرۆکە تێبگات کە لەنێوان بەکارهێنەرانی تۆرە کۆمەلایەتییەکاندا هەیە لە رووی ئاخاوتن، زمان، کارلێککردن و کاریگەری ئەم دۆخە لەسەر داهاتووی کۆمەلگەی کوردی لە هەرێمی کوردستان.

·                     گرنگی توێژینەوە

لە ژێر ڕۆشنای پرس و ئامانجی توێژینەوەکە، دەکرێت گرنگی ئەم توێژینەوەیە لەم چەند خالەی خوارەوە کورت بکرێتەوە:

١. یەکێک لە گرنگیەکانی ئەم توێژینەوەیە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە ئەم توێژینەوەیە هەوڵێکی زانستییە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی بەکارهێنانی زمانی توند و ڕقاوی لە نێو بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە بەرامبەر پرسەکانی ژنان.

٢. هەروەها بەپێی ئەو  گەڕان و پرسیارکردن و بەدواداچونەی کراوە، بەشێکی زۆر کەم معریفە  لە نێو ئەکادیمیستان بەردەستە لەبارەی دیاردەیەکی وا زیندوی نێو کۆمەلگەی هەرێمی کوردستان، تەنانەت لە ئێستادا چەند پەیپەرێکی زۆر کەم بەردەستن کە بە شێوەیەکی ئەکادیمی لە پرسەکەیان کۆلیبێتەوە لە رەهەندە جیاجیاکانی. لەم سۆنگەیەشەوە، ئەم توێژینەوەیە دەکرێ ببێتە هۆی پڕکردنەوەی بەشێک لەم بۆشاییە مەعریفییەی کە لە بواری ئەکادیمیادا هەیە وەک یەکەمین کارە ئەکادیمیەکان بە مەبەستی تێگەیشتن لە سروشتی دیاردەکە لە هەرێمی کوردستان.

·                     میتۆدۆلۆژیای توێژینەوە

لەم توێژینەوەیەدا بەهۆی پرسیار و ئامانجەکانی، هەروەها سروشتی کۆمەڵگەی توێژینەوە، میتۆی نێتنۆگرافیا و دواتریش میتۆدی شیکردنەوەی ناوەڕک بەکارهێنراون لە کۆکردنەوە و شیکردنەوەی داتاکان، تایبەتمەندی ئەم دوو میتۆدەش ئەو واتایە ئەدەن بە دەستەوە کە رێبازی ئاوێتە Mixed Methods، بەکاربهێنرێت، کە بریتییە لەو ڕێبازەی لێکۆلینەوە کە دیزاین کراوە بە تایبەتمەندی هەردوو شێوازی چۆنایەتی و چەندایەتی بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیاری، و شیکردنەوەیان، کە تیایدا توێژەر داتاکان یەکدەخات، ڕێکی دەخات، بە بەکارهێانی ڕێبازەکانی چەندایەتی و چۆنایەتی تاوتوێیان دەکات و شیاندەکاتەوە لە چوارچێوەی یەک توێژینەوەدا (Mertens 2010: 293, Creswell 2014).

هەرچی میتۆدی نێتنۆگرافیایە Netnography Method، میتۆدێکی توێژینەوەیە کە ئیتنۆگرافیا و کۆمەڵگە ئۆنلاینەکان لەخۆدەگرێت، کە بە تایبەتی تیشک دەخاتە سەر توێژینەوە لە ڕەفتار، کارلێکەکان، هەروەها کولتووری تاکەکان لەنێو ئەم کۆمەڵگەیانەی کە ئۆنلاینن، یاخود دیجیتالین (Kozinets 2002). نێتنۆگرافیا رێبازێکە زۆرێک لە تایبەتمەندیەکانی لەگەڵ ئیتنۆگرافیا Ethnography، هاوبەشن، بەڵام لێکۆڵینەوەی نێتنۆگرافیا لە نێو کۆمەڵگەیەکی ئەلیکترۆنیدا بە ئەنجام دەگات (Kozinets, Earley & Dolbec 2013). ڕۆبێرت کۆزینێتس ئەو توێژەرەیە کە زاراوەی نێتنۆگرافی پەرەی پێداوە و دایهێناوە لە پێناوە پێشکەشکردنی ڕوانینێکی دەولەمەند لەبارەی کارلێکی بەکارهێنەران لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە (Kozinets 2017). بە شێوەیەکی گشتی ئەم میتۆدە لە توێژینەوەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان، بازار، ڕەفتاری بەکاربەر بەکاردەهێنرێت لە پێناو تێگەیشتن لە کولتوور، ڕەفتار و کاڕلێکەکانی نێوان بەکارهێنەرانی کۆمەڵگە ئەلیکترۆنییەکان. هەروەها دەکرێ بوترێ کە میتۆدی نێتنۆگرافی گوزارشتە لە چاودێریکردن و شیکردنەوەی گفتوگۆو، کارلێک و بەریەککەوتنەکانی نێو کۆمەڵگە ئۆنلاینەکان وەک پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا، یاخود نێو جیهانە مەجازییەکان (Kozinets 2002).

هەروەها میتۆدی شیکردنەوەی ناوەڕۆک Content Analysis Method، بریتییە لە شێوازێکی شیکاری زانستی کە بەکاردێت بۆ شیکردنەوە و لێکدانەوە و تاوتوێکردن و لێکدانەوەی سیستەماتیکی ناوەڕۆکی جۆرە جیاوازەکانی پەیوەندیەکان، وەک دەقی نوسراو، تۆماری دەنگی، ڤیدیۆ، وێنە، یاخود هەر جۆرە پەیوەندیەکی تری تۆمارکراو، ئەم میتۆدە بە شێوەیەکی فراوان لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان، توێژینەوەکانی  بواری کارلێک و پەیوەندیەکان و بواری میدیا بەکاردەهێنرێت (Stemler 2001). زیاد لەوە، ئەم میتۆدە بەکاردەهێرێت بۆ سەرنج خستنەسەر بەڵگەنامە و دەقی جۆراوجۆری وەک چاپکراو، بینراو، بیستراو، و دەکرێ چەندایەتی بێت کە سەرنجی توێژەر لەسەر کۆدکردنی داتاکان دەبێت بۆ پۆلێنبەندکردنێکی سیستەماتیکی ژمارەیی، یاخود خۆی لە هەوڵدانی توێژەر دەبینێتەوە بۆ دەستخستنی مانای قوولتر لە دەقەکان و بەریەککەوتنەکان یاخود سەرنجی لەسەر هەردوو لایەنی چەندایەتی و چۆنایەتی پرسەکە دەبێت (Bryman 2016).

·                     کۆکردنەوەی داتا

بەهۆکاری ئەوەی کە لەم توێژینەوەیەدا یەکەی لێکۆلینەوە بریتییە لە کۆمەڵگەیەکی ئۆنلاین، توێژەر لێ پێناو دەست گەیشتن بە داتاکان میتۆدی نێتنۆگرافیای بەکارهێناوە، کە دەرفەت دەدا بە توێژەر هاوشێوەی میتۆدی ئیتنۆگرافیا، بەڵام لەمەیان نەوەک لە مەیدانی لێکۆلینەوە، بەڵکو لە نێو تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بە شێوەیەکی ئۆنلاین  چاودێری ڕەفتار و کارلێک و بەریەککەوتنەکانی خەڵکی کردووە پەیوەست بە پرسەکانی ژنان لە نێوان تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ تاوەکو ئابی ٢٠٢٣. لەو ماوەیەدا توێژەر وەک نێتنۆگرافێک پێنج پۆستی پەیوەست بە پرسەکانی ژنان وەرگرتوە لە پێنج پەیچی جیاجیا نێو تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک (بڕوانە پاشکۆی ب). دواتر چاودێری کارلێک و کاردانەوە و کۆمێنتی بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکی کردوە بۆ ئەم پێنج پۆستە، دواتر لە ڕێگەی وێبسایستی Export Comments، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بۆ هەر پۆستێک (١٠٠) کۆمێنتی بەکارهێنەرانی تۆڕەکە وەک نموونە وەرگیراون لە پێناو شیکردنەوەی ناوەڕۆکیان، دواتر توێژەر ئەم کۆمێنتانەی لە خشتەیەکدا بە شێوەی ژمارەیی پۆڵێنبەند کردوە بە پێی ڕادەی توندێتی ڕق و توندوتیژی بە مەبەستی تاوتوێکردن و شیکردنەوەیان لە ژێر ڕۆشایی تیۆرییە پەیوەندیدارەکان.

§                     چەمکە سەرەکییەکانی توێژینەوە:

§                     توندوتیژی

شیکردنەوەی چەمکی توندوتیژی بە بەشێکی گرنگ لە کۆمەڵناسیدا دادەنرێت، هەر لە قۆناغی کلاسیکدا تا هاوچەرک بەردەوام باسی توندووتیژی و زەبروزەنگ مایەیی ڕوانین و لێکۆلینەوەی بیرمەندانی بواری زانستە کۆمەلایەتییەکان بووە ، لەوانە مارکس، ڤێبەر تا دەگاتە میشێل فۆکو و ئەنتۆنیۆ گیدینز(Walby 2013). بە گشتی توندوتیژی وەک کردەیەک, ڕەفتارێک  یاخود وەک هەرەشەیەک پێناسەکراوە کە بەرامبەر بە کەسێک یاخود گروپێک لە خەلک ئەنجامدەدرێت لە لایەن کەسێک یاخود گروپێکی تر لە شێوەی هەرەشەکردن، بریندارکردن، لێدان، کوشتن یاخود ئازاردانی دەروونی (Jackman 2002).

توندوتیژی لە چوارچێوەی فەلسەفەی کلاسیکدا خۆی لە فۆرمە بنەرەتیی و دەستپێکیەکانی کۆمەڵناسیدا دەبینێتەوە، دوو ڕوانینی جیا لەبارەی توندووتیژی و ڕقی مرۆڤ لە بەرامبەر یەکتردا دەخرێنە روو, لەم ڕویەوە جۆن لۆک بڕوای وابوو کە مرۆڤ لە دۆخی سروشتیدا پەسەند و باشە و بە ئاکارە، و مافی ئازادیی و ژیانکردن و خاوەندارەتییان هەیە، بۆیە ئەگەر حکومەت توندوتیژی لە بەرامبەر مافە سروشتییەکانی خەلک بەکارهێنا، ئەوا خەلک بۆیان هەیە حکومەتەکە تێکبشکێنن(Tuckness 2005).  هەورەها جان ژاک رۆسۆ پێی وایە کە مرۆڤ بە ئازادیی لە دایک دەبێت، بەختەوەرە و هێمنە، بەلام لە کۆمەلگەی مۆدێرنی بە شارستانی بوو لەدەستی دەدا، پیشکەوتن و گۆڕانکارییە کۆمەلایەتییەکان مرۆڤ دەکەن بە دڕندە و خوێنمژ و توندڕەو. لە بەرامبەر ئەمەدا، تۆماس هۆبز، فەیلەسوفی ئینگلیزی بڕوای وابوو کە مرۆڤ لە دۆخی سروشتیدا توندووتیژ و خراپەکارە، بە بەردەوام لە شەری یەکتردان، بۆ ئەمەشیان لە میانەی گرێبەستێکی کۆمەلایەتیدا خەلک پێوستی بە حکومەتێک هەیە بۆ چەسپاندنی یاسا و بەکارهێنانی میکانیزمەکانی رێکخستنی کۆمەلایەتیی(Steinmetz 1999).

ئەو بەشەی توندوتیژی، یاخو ئەو فۆرمەی کە زیاتر لەم توێژینەوەیەدا واتادارە بریتییە لە توندوتیژی زارەکی یاخود شەرانگێزی Verbal Violence or Aggressive، کە دەتوانرێت وەک هەر جۆرە ڕەفتارێکی زمانی لێی تێبگەین کە ڕەفتارکەرەکە بەهۆی ڕەفتارەکەییەوە نیازییەتی زیان بە ناسنامەی کۆمەڵایەتی کەسیتر بگەینیت و بیکاتە ئامانج (Culpeper 2011).  بە مانایتر دەکرێ توندوتیژی زارەکی یاخود شارانگێزی وەک هەر فۆرمێکی توندوتیژی ببینرێت کە بەهۆییەوە هاوسەنگی کۆمەلایەتی تێکبدرێت، و لە دونیای دیجیتالیشدا ئەم شەرانگێزییە لە رێگەی ئیمەیل، پۆستکردن، و کۆمێنتکردن، یاخود یاخود هەر لێدوانێک کە کەسێک توڕەبکات، سوکایەتی پێبکات، جنێوی پێبدات و زمانی دوژمنکارانە بەکاربهێنێت دەردەکەوێت. ئەم شێوەی توندوتیژییە دەکرێ لە دوو جۆری جیاوازدا پۆلێن بەند بکرێت، کە ئەوانیش توندوتیژی زارەکی ئاشکرا، و شاراوەن (Kumar 2020). مەبەست لە توندوتیژی زارەکی بریتییە لە هەر گوتارێک یاخود دەقێک کە تیایدا بە ئاشکرا شەرانگێزی دەردەبڕێت، لە کاتێکدا لە توندوتیژی شاراوەدا،  بە شێوەیەکی ئاشکرا و ڕاستەوخۆ شەرانگێزی لە گوتارو دەقەکاندا دەرنابڕدرێت، بەلکو هێرشێکی ناراستەوخۆییە دژی قوربانییەکە کە لە زۆر باردا بە شێوەیەکی ئەدەبی دادەرێژرێت و دەردەبڕدرێت وەک حالەتەکانی تەنز (Waseem et al 2017).

لە ژێر ڕۆشنایی ئەم پێناسانەی سەرەوەە و گرفتی توێژینەوەکەدا، چەمکی توندووتیژی هەموو ئەو فۆرمانەی زیان گەیاندن، هەرەشە، ناوزراندن، گێچەل پێکردن، ئیهانەکردن، ناشرینکردن، سوکایەتی پێکردن هتد..دەگرێتەوە کە لە تۆڕە کۆمەلایەتییە کوردیەکاندا بەکارهێنەران بەرامبەر یەکتری ئەنجامی دەدەن بە هۆکارو پاڵنەری جیاجیا پەیوەست بە پرسەکانی ژنان.

·                     ڕق دەربڕین (Hate Speech)

بە گشتی هیچ پێناسەیەکی جیهانی و گشتگیر نیە کە تەواوی شێوازەکانی ڕق دەربڕین لەخۆی بگرێت، و هەمان مانە بدەن بە دەستەوە (2015  Gagliardone). بەڵام بە گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان وا پێاسەی ڕق دەربڕینیان کردوە وەک هەر جۆرە پەیوەندیەکی گوتاری، نوسین و ڕەفتاری، کە هێڕشکارانە بێت، یاخود بەکارهێنانی زمانێکی جیاکاری بێت وەک ئاماژەیەک بۆ کەسێک یان گروپێک لەسەر بنەمای ئەوەی کە کێن. بە واتایتر لەسەر بنەمای ئایین، ئیتنیک، نەتەوە، ڕەگەز، ڕەنگ، ڕەچەلەک، جۆری کۆمەڵایەتی و هۆکاری تری ناسانامەی (United Nations 2020: 8).  ئەوەی لەم ڕووەوە گرنگە دیاریکردنی مەودای نێوان ڕق دەربڕین و ئازادی ڕادەربڕینە، کە لە زۆر باردا بەریەک کەوتن و ناڕونی لە بەکارهێنانی وشەکاندا لە نێو تاکەکاندا ڕوودەدات، بەو واتاییەی کە لە هەندێک باردا تاکەکان لە پەیوەندیە کەسیەکان و ژیانی گشتیاندا لە ژێر ناوی ئازادی لە ڕادەربڕیندا گوتاری ڕقاوی نەخوازراو لە بەرامبەر یەکتردا بەکاردەهێنن. لە کاتێکدا کە ئازادی ڕادەربڕین پەیوەستە بە چەند کۆلەکەیەکی پەیوەندیدار بەیەکەوە: ئازادی ڕادەربڕین بنەمایەکی لەبننەهاتووی ئازادی هزری و خود هۆشیاری ڕەخنەییە، بۆیە کاتێک ئەم بنەمایە پشتگوێ دەخرێت، یاخود نکۆڵی لێدەکرێت، توانای مرۆڤ بۆ بیرکردنەوە، داهێنان، ڵاوازدەبێت، بەو واتاییەی کە هزر لە ئاخاوتن جیاناکرێتەوە و هزر لە گوتاردا بەرجەستە دەبێت، بۆیە کاتێک تاکەکان دەردەکەون و هزرەکانیان دەردەبڕن و واقعێكی دونیایی پێدەدەن. زیاد لەمەش، ئازادی ڕادەربڕین بنەمای ژیانێکی ماناداری مرۆڤە، و بەهۆی دەربڕینەوە تاکەکان خۆیان لە هەمبەر یەکتر دەردەخەن و دەناسرێن و یادەوەری هاوبەش دروست دەکەن(2012: 43  Herz & Peter).  لە کاتێکدا بونی گوتاری ڕق و کینە لە کۆمەڵگەدا، کولتووری رێزگرتنی هاوبەش لاواز دەکات و دەبن بە بەربەست لەبەردەم دروست بونی ژیانی هاوبەش و بێمتمانەیی و ڕق لە نێوان تاکەکان و گروپە کۆمەڵایەتییەکان دروست دەکات. (هەمان سەرچاوەی پيشوو: ٤٤).

بە سەرنجدان لە ناوەڕۆکی ئەو پێناسە و تێگەیشتنانەی کە بۆ چەمکی ڕق دەربڕین هەن، هەرەها پرسی سەرەکی، لەم تێزەدا ڕق دەربڕین خۆی لە هەموو ئەو فۆرمانەی نووسین و قسەکردن و بەریەککەوتنی ڕەفتاری بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دا دەبینێتەوە پەیوەندیدار بە پرسەکانی ژنان لە هەرێمی کوردستان کە شەڕانگێزی و هێرشکارانە بن و هەلگری ڕەگەزی توندوتیژی و ڕق و کینە بن.

·                     میدیای کۆمەڵایەتی Social Media

چەمکی میدیای کۆمەلایەتی، یاخود سۆشیال میدیا زاڕاوەیەکی تازەیە، پسپۆڕان دەستەواژەی جیاواز بەکاردەهێنن بۆ وەسفکردن و شیکردنەوەی (Mohammad 2020). بەلام بەر لە پێناسەکردنی گرنگە هەنگاوێک بگەرێینەوە دواوە لەپێناو دەستخستی وەلامی ئەو پرسیارەی کە میدیای کۆمەڵایەتی چی لە خۆ دەگرێت و لە کوێوە دێت؟.

بەپێی سەرچاوەکان لە ساڵی ١٩٧٩ هەریەکە لە تۆم ترۆسکۆت و جیم ئێلیس (Tom Truscott & Jim Ellis)، لە زانکۆی دوک داهێنانێکیان کرد کە بریتی بوو لە سیستەمێکی گفتوگۆی جیهانی، کە بەهۆیەوە ڕێگەی بە بەکارهێنەرانی ئینتەرێت دەدا پەیامی گشتی بڵاوبکەنەوە. بەلام سەردەمی میدیای کۆمەلایەی وەک ئەوەی ئەمرۆ زانراوە، ڕەنگە نزیکەی ٢٠ ساڵ پێشتر دەستی پێکردبێت کاتێک کە هەریەکە لە بروس و سوزان ئابیلسون (Bruce & Susan Abelson)، کە یاداشتنامەیەکیان لە شێوەی ڕۆژنامەی کراوە دامەزراند، کە سایتێکی سەرەتای تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بووە کە نوسەرانی یاداشتنامەکەی بە شێوەیەکی ئۆنلاین لە نێو یەک کۆمەلگەی خۆجێی کۆدەکردەوە (Kaplan & Haenlein 2013: 60). لە هەمان کاتدا زاراوەی وێبلۆگ (Weblog)، بەکار دەهات، سالێک دواتر وەک بلۆگ (Blog)، کورتکراوەتەوە، و دوای سالێکیتر بلۆگەرێک بە گالتەجاری ناوی وێبلۆگی گۆڕی بۆ (We Blog)، بەم جۆرە و بەهۆی فراوان بوون و بلاوبونەوەی ئینتەرنێت بە خێرایی بوە هۆی دروست بوونی تۆڕێکی کۆمەڵایەتی بەناوی مای سپەیس (Myspace)، لە سالی ٢٠٠٣، و دامەزراندنی فەیسبووک (Facebook)، لە سالی ٢٠٠٤. دوا بەدوای ئەمە زاراوەی میدیا کۆمەلایەتی داهێنراو (هەمان سەرچاوەی پێشوو).

       هەرچەندە بە سەرنج دان لەم سەربوردەییە ڕەنگە هەندێک تێگەیشتن بدات بە دەستەوە کە مەبەست لە میدیای کۆمەلایەتی چییە؟ بەلام بەهۆی جۆڕاو جۆری تێگەیشتن لە چەمکەکە دەکرێ زیاد لە تێگەیشتنێک لەباری سۆشیال میدیا بخرێتە ڕوو. بەشێک لە پسپۆڕان وا پێناسەی دەکەن کە بریتی بێت لە کۆمەلێک بەرنامەی بنەمادار لەسەر ئینتەرنێت کە لەسەر بنەمای دۆزەرەوە ئایدیۆلۆژی و تەکنەلۆژیەکان بونیاد نراون، کە رێگە بە بەکارهێنەرانیان دەدەن بە مەبەستی ئالوگۆڕکردنی ناوەرۆکە دروستکراوەکانیان (Mohammad 2020). کەچی بەشێکیتریان زاراوەی میدیای دیجیتالی دەخەنە پاڵی، ئەوان پێیان وایە میدیای دیجیتالی پێکدێت لە ژێرخانی زانیاری و ئامرازەکانی بەکارهێنراو لە پێناو بەرهەمهێنان و دابەشکردنی ناوەڕۆکێک کە بەهای تاکەکەسی هەیە، بەلام ڕەنگدانەوەی بەها هاوبەشەکانە. ئەم ناوەڕۆکە کە فۆرمی دیجیتاڵی وەرگرتووە لە پەیامە کەسییەکان، هەواڵ، و ئایدییایەکان کە دواجار دەبنە بەرهەمی کوڵتووری (Howard & Hussain 2013: 13).

ئەم دیدانەی کە لەسەرەوە خراونەتەڕوو ئاماژەن بۆ بەرهەمهێنان و ئالوگۆڕکردنی ناوەرۆک لەلایەن بەکارهێنەرانی میدیای کۆمەڵایەتی، بەلام ئەوەی جێگەی ڕوانینە ئەوەیە کە ئەرکی میدیای کۆمەڵایەتی لەمە زیاترە کە ئاماژەی بۆ کراوە. توێژەران پێیان وایە کە سۆشیال میدیا تایبەتمەندی میدیاییان هەیە کە توانای بڵاوکردنەوەی زانیاری و ئاسانکاری بۆ پەیوەندی فرە ئاراستەیان هەیە، لەم ژینگە فرە چەشنە، تەنانەت گروپە کۆمەلایەتییە بچوکەکانیش دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر کۆمەڵگە و لە قالبی بدەن (Coleman & Blumber 2009). هەروەها بەشێکیتر لە توێژەران بڕوایان وایە میدیای کۆمەڵایەتی کەنالی فراوانی پەیوەندین کە زانیاری ئۆنلاین لە فەزایەکی کۆمەڵایەتی- سیاسی گفتوگۆ ئامێز بۆ بەکارهێنرانی دەستەبەر دەکات، و بەهۆیەوە ڕوانینی جیاجیا لەبارەی پرسە کۆمەڵایەتییەکانی نێو کۆمەلگە پێشکەش دەکەن (Bimber, Flanagin & Stohl 2005).

بە سەرنج دان لە ئەدەبیاتی بەردەست دەکرێت میدیای کۆمەڵایەتی، یاخو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەموو ئەو پلاتفۆرمانە بگرێتەوە کە لەسەر ئینتەرنێتدا جێگیر کراون، بەتایبەت تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک کە دەرفەتی ناردن، وەرگرتن، هاوبەشکردن، ئالوگۆڕکردن، بڵاوکردنەوەی هەوال و داتا و زانیاری دەدات بە بەکارهێنەران، کە بەهۆیەوە دەتوانن کارلێکێکی کۆمەلایەتی لە نێو دونیای دیجیتالی بەرهەم بهێنن و کاریگەری لەسەر یەکتر و کۆمەلگەش دروست بکەن.

·                     تیۆرییە پەیوەندیدارەکان بە پرسی توێژینەوە

بەهۆی فڕە ڕەهەندی پرسی توندوتیژی زارەکی و ڕق دەربڕین لەم توێژینەوەیە سوود لە هەریەکە لە تیۆری گوتاری ڕەخنەیی شیکاری Critical Discourse Analysis (CDA)، ی نۆرمان فێرکڵاف، تیۆری دوولاینەی ڕق Duplex Theory of Hate، تیۆری لەکەی کۆمەڵایەتی Social Stigma Theory، تیۆری دەماری- دەروونی-کۆمەڵایەتی گوتار Neuro-psycho-Social theory of Speech (NPS) ، هەروەها مۆدێلی بەهادۆر بۆ ڕق دەربڕین Bahador’s Model of Hate Speech، وەرگیراوە لە پێناو شیکردنەوەی داتاکان.

§                     تیۆری گوتاری ڕەخنەیی شیکاری Critical Discourse Analysis (CDA)

گوتاڕ لە دیوە کۆمەڵناسییەکەوە تەنها بریتی نیە لە یەکەیەکی زمانی لە نێو ڕستەکاندا یاخود وەک سیستەمێکی زمان بێت کە ئامانج لێی بریتی بێت لە دروستکردنی پەیوەندی، بەڵکو گوتار ئەو لایەنە کۆمەڵایەتییانە دەگرێتەوە کە شاراوەن و لە پشتەوەی دەق و ڕستەکانەوەن. بەم پێیە بێت لەم باسەدا شیکاری گوتاری ڕەخنەگرانە لێکۆڵینەوەیە لە شێوازەکانی توندوتیژی هێزە کۆمەڵایەتییەکان و نایەکسانییەکان کە لە تێکست و قسەکردنەکان دەردەکەون لە چوارچێوە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکاندا (Tannen, Hamilton & Sehiffrin 2015).

بەواتایەکی دیکە گوتار ڕەنگدانەوەی شوناسی کۆمەڵایەتی و کولتووری بەکارهێنەرانی زمانە. بەم پێیەش بێت، شیکاری دیالێکتیکی گوتاری کارا دەبێت لە نەخشەکێشانی پەیوەندی نێوان دەق و چوارچێوە کۆمەڵایەتی، کولتووری و مرۆییەکان لە شیکردنەوە و تێگەیشتن لە دیاردە زمانەوانییەکان. شیکاری گوتاری ڕەخنەیی کارێکی داهێنەرانە و دیسپلیندارە لەسەر بنەمای تیۆری کردەی قسەکردن دامەزراوە، کە تیایدا زمان نەک تەنها بۆ وەسفکردنی شتەکان، بەڵکو بۆ ئەنجامدانی شتەکانیش بەکاردەهێنرێت. لە دیدی نۆرمان فێرکڵافەوە، قسە و دەربڕینەکانی خەڵک ڕەنگدانەوەی کۆمەڵێک بەهای ئەزموونی و هەلومەرجەکانی نێو کۆمەڵگەن، بەو پێیەی کە پەیوەندیەک لە نێوان بەرهەمهێنانی زمانەوانی و گۆڕاوە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە، ئەم تێگیەشتنە لای فێرکلاف ئاماژەیە بۆ پرۆسەی شیکارکردنێکی دەقی زمانی بە تیۆری کۆمەڵایەتی لە چوارچێوە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکاندا. ئەم پرۆسەییە نەک بە تەنها یارمەتیدەرە بۆ ناسینەوەی جۆری بونیادنانی ناوخۆیی گوتار، بەڵکو یارمەتیدەرە بۆ دیاریکردنی ئەو واتایانەش کە گوتارەکە دەیخاتە ڕوو (Fairclough 1992). شیکاری گوتاری ڕەخنەیی (CDA)، پرۆسەیەکە کە شێوە جیاجیاکانی گوتار بە تایبەتی لە چوارچێوەی پێکهاتن و نیشانە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکدەدرێنەوە و شیدەکرێنەوە. لە دیدی (Van Dijk 1997: 86) جۆرە جیاوازەکانی گوتار لە ژێر کاریگەری هێزە کۆمەڵایەتییەکاندان کە لەلایەن گروپێکی باڵادەستەوە بەکاردەهێنرێت بەسەر هۆش و بیر و کرداری گروپێکیتردا. بەم جۆرە هەندێک لە دەسەڵاتەکان ئازادییەکان سنووردار دەکەن و کاریگەری لەسەر مەعریفە و ئایدیۆلۆژیا و قسەکردن و دەربڕینیان دادەنێن (Al Ghazali 2007: 3).

     شیکاری گوتاری ڕەخنەیی بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بە ئایدیاکانی نۆرمان فێرکڵاف Norman Fairclough، ڕوث ووداک Ruth Wodak، تێون ڤان دایک Teun van Dijk. بەڵام ئەوەی کە جێگەی تێڕامانە، کۆی ئەم توێژەرانە لەسەر ئەوە کۆکن کە زمان ئامرازی بونیادنانی کۆمەڵایەتییە لە کۆمەڵگەدا، هەم کۆمەڵگە شێوە دەدات بە زمان  و هەم دووبارە زمان لە کۆمەڵگەوە شێوە وەردەگرێتەوە (Machin & Mayr, 2012: 4). نۆرمان فێرکڵاف لە شیکارییەکەیدا پێی واییە کە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و مێژووییەوە زمان فۆرمێکی ڕەفتارکردنە کە پەیوەندییەکی دیالێکتیکی هەیە لەگەڵ بونیادی کۆمەڵایەتی (Fairclough 2010).

           لەم گۆشەنیگایەوە دەکرێ لە گوتار تێبگەین وەک ڕەفتاری قسەکردن و دەربڕین کە پەیوەندی بە پراکتیزی کۆمەڵایەتی (Social Practice) یەوە هەیە، زیاد لەمە، شیکردنەوەی زمان تەنها بۆ ڕوونکردنەوەی لاینەکانی زمان نییە، بەڵکو بۆ تێگەیشتنە لەو پراکتیکە کۆمەڵایەتییانەی کە هاوتەریب لەگەڵ زماندان و لە نێویدان (Waluati, Sastra & Reflinaldi 2019). هەروەها گوتار نوێنەرایەتی بیر و هەستی گوتاردەر، قسەکەر و نووسەر دەکات لە رێگەی کۆدە زمانەوانییەکان یاخود پرۆسەی بەرهەمهێنانی دەقەوە. ئەوەی پەیوەستە بە بەرهەمهێنانی مانا خۆی لە بەکارهێنانی دەق دا دەبینێتەوە، واتە چۆن گوتار وەرگر (گوێگر، بینەر، خوێنەر)، لە دەقەکان تێدەگات کە گوتاردەر بەرهەمی هێناوە، لەم نێوەندەدا پڕاکتیکە کۆمەڵایەتی- کولتوورییەکان پەیوەستن بە چوارچێوەکانی دەرەوەی تێکستەکان (Guedes et al, 2016).

لەم سۆنگەیەوە شیکاری گوتاری ڕەخنەیی چوارچێوەی تیۆری و میتۆدی کردەیی دەدات بەدەستەوە بۆ پەیوەندی نێوان گوتار و پەڕەسەندنە کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکان لە بوارە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا. رێبازی نۆرمان فێرکلاف Norman Fairclough، لە کۆمەڵێک بنەمای فەلسەفی، شێوازی تیۆریی، رێنمایی و رێکاری میتۆدۆلۆژی و تەکنیکە تایبەتەکان پێکدێت بۆ شیکاری زمانەوانی (Snowdon & Eklund 2021).

·                     تیۆری دوولاینەی ڕق Duplex Theory of Hate

ڕق پانتاییێکی فراوانی لەم باسە داگیرکردووە، بۆیە تێگەیشتن لە سروشتی ڕق لە ڕووی تیۆرییەوە یارمەتیدەرە لە شیکردنەوەی پرسی توێژینەوە کە بریتییە لە توندووتیژی و ڕق دەربڕین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. لە میانەی سەدەی ڕابردوودا، بیرمەندان لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە سەیری ڕقیان کردوە، سەرەرای جیاوازیان، بەڵام لە بنەرەتدا وەک تەواوکەری یەکتر دەردەکەون. دەکرێ تیۆرییەکانی پەیوەست بە ڕق بە پێی سەرنجدانیان بۆ بابەتی ڕق، دابەشی سەر گروپی جیاواز بکرێن (Sternberg & Sternberg 2008). بە گشتی زانستە مرۆیی و دەروونییەکان چوارچێوەی تیۆریی کەمییان پێشکەشکردووە کە بە ڕوونی مامەڵە لەگەڵ بابەتی ڕق و کینەدا بکەن، و ڕەنگە بەشێکی پەیوەست بێت بەو ڕاستییەی کە پێناسەیەکی باوی قبولکراو بۆ ڕق نییە، و نەبوونی یەکگرتوویەکی لەو شێوەییە، بابەتی لێکۆلینەوە لە ڕقیش قورستر دەکات، بۆیە پرسی یەکخستنی تیۆرییەکان یاخود بەرواردکردنی ئەنجامەکانیان ئەستەمە ئەگەر توێژەران لەسەر ئەوە کۆک و تەبا نەبن کە لە ڕاستیدا ئەوە چیە لێکۆلینەوەی لەبارەوە دەکەن. چەند تیۆرییەک هەن کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ مامەلەیان لەگەڵ ڕق و کینە کردووە، سەرەتایترین تیۆریست کە کاری لەسەر بابەتی ڕق کردوە گۆردۆن ئالپۆرت (Gordon Allport) بوو، هەروەها ئێریک فرۆم و ئەرۆن بێک هەندێک هەوڵیان داوە بۆ پێناسەکردن و شیکردنەوەی چۆنیەتی بونیادنانی ڕق، بەڵام لە ئێستادا گشتگیرتین تیۆری ڕق بریتییە لە تیۆری دوو ڵایەنەی ڕق لە لایەن تیۆریستی بواری دەروونزانی کۆمەڵایەتی رۆبێرت ستێرنبێرگ  (Sternberg 2003) داڕێژراوە.  تیرۆییەکەی ستێرنبێرگ سێ پێکهاتەی هەیە: نکۆڵیکردن لە ئینتیما Negation of intimacy، سۆز Passion، و پابەندبوون\بەردەوامی Commitment. (Sternberg & Sternberg 2008). لە پێکهاتەی یەکەمی تیۆرەکەدا کە بریتییە لە نکۆڵیکردن لە ئینتیما، و ڕەتکردنەوە و بێزاری، لە کاتێکدا ئینتیما ئاماژەیە بۆ گەڕان بەدوای نزیکایەتی سۆزداریدا، نکۆڵیکردن بریتییە لە گەڕان بەدوای دووری سۆزداریدا، یاخود جیابونەوە، لەم دۆخەدا کەسی ڕق دەربڕ بەدوای دووری و دورکەوتنەوەدا دەگەڕێت لە تاکی بەئامانج گیراو لەسەر ئەو بنەمایەی کە ڕقدەربڕ پێیوایە کە کەسی بە ئامانجگیراو هیچ هەست و سۆز و ئینتیماییەکی نیە و نەماوە بۆ ئەو پرسەی کە ڕقدەربڕ بڕوای پێیەتی و ئینتیمای بۆ هەیە (هەمان سەرچاوەی پێشوو).

·                     تیۆری دەماری- دەروونی-کۆمەڵایەتی گوتار Neuro-psycho-Social theory of Speech (NPS)

پسپۆری بواری دەروونی د. تیمۆتی جەی (Dr. Timothy Jay)، ئەمریکی لە کتێبەکەیدا بەناوی بۆچی ئێمە جنێو دەدەین، تیۆری دەماری، دەروونی و کۆمەڵایەتی خستۆتە روو بۆ چۆنیەتی تێگەیشتن لە سروشت و هۆکاری جنێودان و بەکارهێنانی زمانی پیس Dirty Language لە نێو کۆمەڵگەی مرۆیدا (Jay 1992). تیمۆتی جەی لە تیۆریەکەیدا سێ لایەنی فراوانی ڕەفتاری مرۆڤ تێکەڵ دەکات، ئەوانیش: کۆنترۆلی دەماری Neurological control، سەرکوتکردن و سنوردارکردنی دەروونی Psychological restraints، هەروەها سنوردارکردنی کۆمەڵایەتی و کولتووری Socio-cultural restrictions. لە دیدی جەی (١٩٩٩) دەکرێ لە ڕێگەی شیکارییەکی کۆمەڵایەتی مێژوییەوە وشە جنێوییەکان لە وشە ناجنێوەییەکان جیابکەینەوە، بەڵام ناتوانرێت لە کردەی جنێودان تێبگەین بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەرسێ ڕەهەند و لایەنی رەفتاری مرۆڤ. ئەم تیۆرییە مەبەستیەتی کە ئەوە بخاتە ڕوو کە بۆچی تاکەکان جنێو دەدەن و بۆچی ئەم وشانە هەڵدەبژێرن بۆ دەربرین. لە تیۆری دەماری- دەروونی- کۆمەڵایەتی و کولتووریدا سیستەمی کۆمەڵایەتی و کولتووری لە کۆمەڵگەدا دەخرێتە ژێر تێڕامانەوە تا بزانرێت کە لە نێو ئەم سیستەمەدا گۆڕاوەکان چۆن باسکراون، بۆ نموونە وروژاندنی نوکتە، کە قسەکەر دەیکات بۆ زانینی ڕادەی گونجاوی و نەگونجاوی وشەکانی لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتی دیاریکراودا، بە واتایەکی دیکە هەر کولتوورێک پێوەری تایبەتی خۆی پەرەپێداوە بۆ ئەوەی کە چی گاڵتە و نوکتەیەکی پیس و گونجاو و کۆمێدیە، یاخود نوکتە و گاڵتەیەکی پیسی نەگونجاو و ناکۆمێدی پێکدەهێنێت، ئەوەش بەندە بە گاڵتەجارەکە و چوارچێوە کۆمەڵایەتییەکەوە (Jay 2009). لەم تیۆرییەدا و لە ڕەهەند و سیستەمی دەروونیدا شیکارییە زمانەوانی و ماناسازیەکان لەخۆدەگرێت، وا گریمانە دەکرێت کە قسەکەر کاتێک زمانی نەفرەتکردن و جنێودان بەکاردەهێنێت، ئەوا گوازرشتکردن بێت لە لێهاتوویی قسەکەرەکە لە ڕووی زمان  و ئەدای زمانەوانی وەک بەرەنجامی گەشەسەندنی دەروونی لە چوارچێوەی زمانێکی کۆمەڵایەتی کولتووریدا پیشانی دەدات. بە بڕوای جەی کولتوورە جیاوازەکان و زمانە جیاوازەکان شێوە و فۆرمی جیاواز لە سنووردارکردنی زمانەوانی و ماندا لەبارەی بەکارهێنانی وشەی پیس و جنێوداندا دەخەنەڕوو. سەرەرای ئەوەی کە تاکەکان فێری زمانی باوی نێو کۆمەڵگەکانیان دەبن، بەڵام بەکارهێنانی وشەی پیس و جنێودان لەلای هەر کەسێک بە گەشەی ئەو لەناو ژینگەیەکی زمانەوانی و خێزانی و کولتووری دیاریکراودا دیاری دەکرێت، لێردەا مەبەستی تیمۆتی جەی لە گەشە لە ڕووی دەروونییەوە واتە ئەو گۆڕاوانەی کە ڕاستەوخۆ کاریگەریان لەسەر جنێودان هەیە وەک: میزاج، خاسیەتەکانی کەسایەتی، ئایینداری و سزا و پاداشتی کۆمەڵایەتی (Jay 1992). بە بڕوای جەی بنەمای ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە فراوانەی کە تێیدا هەر کەسێک کەوتۆتە ژێر سنوردارکردنی دەروونییەوە بریتییە لە مێشکێکی گەشەسەندووە، مێشکی گەشەسەندو سیستەمێکی دەماری پرۆسەکانی کۆنترۆڵکردنە کە لە هەموو کۆرپەیەکی تەندروستدا هاوشێوەیە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی چوارچێوە کولتوورییەکان، یاخود ئەو زمانەی کە کۆرپەکە فێری دەبێت. لەم تیۆرییەدا دوو سیستەمی گرنگی دەماری بەیەکەوە گرێدراون هەن وەک: توێکلی مێشک the cerebral cortex، کە تێگەیشتن و بەرهەمهێنانی قسەکردن بەرێوەدەبات، هەروەها سیستەمە لاوەکییەکان the subcortical systems، ی وەک (limbic system, basal ganglia, and amygdala)، کە بەرپرسن لە رێکخستنی کاردانەوە سۆزداریی و هەڵچوونییەکانی مرۆڤ، وەک ئەو وەڵامانەی کە بەهۆیانەوە خەڵک لە یەکتر نزیک یاخود دوور دەکەونەوە (Jay 1999).

·                     تیۆری لەکەی کۆمەڵایەتی Social Stigma Theory

زاراوەی لەکە یاخود پەلە وەک ئاماژەیەک بەکاردەهێنرێت بۆ بێ بەهاکردنی کەسێک لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتیدا (Kusow 2015: 4778). چەمکی ستیگما یاخود لەکە لە یۆنانی کۆندا وەک گوزارشتێک بەکارهاتووە بۆ ئاماژەدان بە نیشانە جەستەییەکان کە وەک هێمایەک وابوون بۆ شتێکی نائاسایی و خراپی پەیوەست بە پێگەی ئەخلاقی نیشاندەرێکەوە (Signifier)، ئەم نیشانانە بە جەستەی نیشاندەرەوە دەکران یاخود بە جەستەییەوە دەسوتێنران وەک ئاماژەیەک کە کەسەکە کۆیلەیە، یاخود تاوانبار و خیانەتکار و پیسە بە تایبەت لە شوێنە گشتییەکاندا پیشان دەدران تا خەڵک لێیان دووربکەونەوە، لە کاتێکدا لە ئێستادا ئەم چەمکە بۆ خود ڕیسواکردن بەکاردەهێنرێت لە چوارچێوە کۆمەڵایەتییەکاندا (Goffman 1963).

ستیگما لە کۆمەڵگەی هاوچەرخدا بونیادێکی نەرێنییە، نیشانەیەکی شەرمەزارییە پەیوەست بەو کەسانەی کە ناتوانن ڕۆڵە چاوەروانکراوە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان ببینن. بەو واتایەی کە چیتر ستیگما یاخود لەکەی کۆمەڵایەتی تەنها ئاماژە نییە بۆ نیشانەیەکی جەستەیی، بەڵکو ئەنجامی کاردانەوە کۆمەڵایەتییەکانە و بەرهەمێکی کۆمەڵایەتییە، کە بەهۆی کارڵێکە کۆمەڵایەتییەکانەوە دێتە بوون و ناسانامەی کۆمەڵایەتی کەسی لەکەدارکراو دەشێوێنێ و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بێ بەهای دەکات، بەو ماناییەی کە تاکی لەکەدارکراو بە تەواوی لە پەسەندی کۆمەڵایەتیSocial acceptance، بێبەشکراوە (Green 2009: 15, & Fitzpatrick 2008). زیاد لەوە، لەکەی کۆمەڵایەتی گوزارشتە لە ناپەسەندێتی، یاخود جیاکاریکردن دژی تاکێک یاخود گروپێک لەسەر بنەمای تایبەتمەندیەکانیان کە لە ئەندامەکانی تری کۆمەڵگە جیایان دەکەنەوە کە بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندی هەیە بە کولتوور، جۆری کۆمەڵایەتی، نەژاد، ئایین، چینی کۆمەڵایەتی، تەمەن، شێوەی جەستە، کەم ئەندامی جەستەیی و تەندروستی و هتد... (Goffman 1963). ئەم تیۆرییە بە شێوەیەکی فراوان لە نێو کارەکانی کۆمەڵناسی کەنەدی ئێرڤینگ گۆفمان (Erving Goffman)، پەرەی پێدراوە بە تایبەتی لە یەکێک لە کتێبە بە ناوبانگەکانیدا بەناوی ستیگما. لە دیدی گۆفمان ئەوە کۆمەڵگەیە کە ئامرازەکانی پۆلێنبەندکردنی خەڵک دروست دەکات.

·                     مۆدێلی بەهادۆر بۆ ڕق دەربڕین Bahador’s Model of Hate Speech

لە کاتێکدا لە نێو زۆربەی ئەدەبیاتی بەردەستدا ڕق دەربڕین وەک چەمکێکی یەک پۆلی سەیر دەکرێت کە ڕق وەک گشتێک دەبینرا (Fink 2018). بەڵام پرۆفیسۆر بابەک بەهادۆر Babak Bahador، پرۆفیسۆری توێژینەوەی هاوبەش و بەرێوەبەری پرۆژەی میدیا و بونیادنانی ئاشتی لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن مۆدێلێکی تایبەتی بە ڕق دەربڕین پێشکەش کرد کە خۆی لە شەش پۆل دا دەبینێتەوە و  بەسەر سێ جۆر دابەشیکردوون. چونکە بەهادۆر پێی وابوو کە جیاوازییەکی ڕوون هەیە لە نێوان ڕقێک کە خۆی لە ئیدانەکردن دەبینێتەوە بەرامبەر بە کەسێک یاخود گروپێک لەگەڵ جینۆسایدکردنی گروپێک (Bahador et al 2019). بۆ ئەم مەبەستە پێوەرێکی چڕی پۆلنکردنی قسەی ڕقاوی پێشکەش کرد (بڕوانە پاشکۆی ا). ئەم تایپۆلۆژیەی کە بەهادۆر خستیە ڕوو بە جۆرێک قسەی ڕقاوی پۆلێن دەکات کە هێزی هەر پۆلێک لەگەڵ پۆلێکیتر جیاواز دەردەکەوێت، بۆ نموونە لە پۆلی یەکەم تاوەکو سێیەم جۆری ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لەخۆدەگرێت، کەچی پۆلی چوارەم تاوەکو شەشەم لە جۆری لە مرۆڤ خستن/ بەشەیتانیکردن لە خۆدەگرێت کە چرترینیانن کە زیاتر هاندانی توندوتیژی فیزیکی و کوشتن لەخۆ دەگرن (Paasch-Colberg et al 2021). پێوەری بەهادۆر بەسەر ڕەنگی جۆراوجۆردا دابەشکراوە بە جۆرێک کە پۆلی یەکەم کە بە ڕەنگی سەوز دەستنیشانکراوە، ئاماژەیە بۆ سەرەتایترین جۆری ڕق کە خۆی لە ناکۆکیدا دەبینێتەوە، وەک ئاماژەیەک کەوا کەسەکە یاخود گروپەکە هەڵەیە و ئەوەی کە گروپەکە ئاماژەی بۆ دەکات ناڕاست و درۆیە. بە گشتی ئەمە سەرەتایترین و سوکترین شێوەی قسەکردنی نەرێنیە لەبەرامبەر کەسێک یاخود گروپێک کە ناکۆکن لە گەڵیان و زیاتر ئەم ناکۆکییە خۆی لە ئاستی بیرۆکە، ئەقڵ و دەروون دا دەبینێتەوە وەک فشارێک بۆ رازیکردن و گۆڕینی ئایدیا و بیروباوەری کەسەکە یاخود گروپەکە، بەدیاریکراویش دژایەتیکردنی دیدگا و ئایدیۆلۆژیای گروپێکی تایبەتە.

پۆلی دووەم بە ڕەنگی زەردی کاڵ دانراوە کە ئاماژەیە بۆ کردەی نەرێنی ناتوندوتیژ، وەک ئاماژەیەک بەو ئاخاوتنانەی کە ناکردەیین وەک (شکستخواردن، هەڕەشەکردن، ڕەفتاری توڕەیی، مامەڵەی خراپ، نامۆکردن و هیواخواستن بە شکستیان). پۆلی سێیەم بە ڕەنگی زەرد دەستنیشان کراوە کە ئاماژەیە بۆ کارەکتەری نەرێنی کە زیاتر خۆی لە سوکایەتی پێکردندا دەبینێتەوە، ئەم پۆلەی قسەی ڕق لە پۆلی دووەم چڕتر و خراپترە، چونکە لە دەربڕینەکاندا وا نیشان دەدرێت نەرێنێتی بەشێکی بنەڕەتیە لە سروشتی کەسەکە یاخود گروپەکە و کەمتر دەرفەتی ئەوە هەیە کە گۆڕانکاری لە سروشتی گروپەکەدا ڕوبدات، لە نمونەکانی گەمژە، دەستدرێژیکەر، ساختەچی و شێت (Agapoglou et al 2021).

پۆلی چوارەم کە بە ڕەنگی پرتەقالی ناسراوە ئاماژەیە بۆ بە شەیتانیکردن و لە مرۆڤداماڵین، ئەم پۆلە لە ڕق دەربڕین خۆی لەو دەربڕینانەدا دەبینێتەوە کە مرۆڤ لە مرۆڤبوون دادەماڵێت و وەک شەیتان وێنای دەکات. تایبەتمەندی نەرێنی نامرۆیی دەخرێتە پاڵ کەسەکە وەک ئاماژەیەک لە نامرۆڤبوونی کەسەکە یاخود ئەندامانی گروپێک و بە کەمتر لە مرۆڤ لێیان دەڕوانرێت وەک سوکایەتیێکیش بە ئاژەڵ و نەخۆشی کوشندە وێنادەکرێن وەک: بەراز، مشک، مەیموون، هەروەها نەخۆشی شێرپەنجە میکرۆب و تەنانەت وەک ئەهریمەن و ڕۆبۆت و نازی لێیان دەڕوانرێت. بۆیە لە دیدی بەهادۆر لەناوبردنی نەیار لە دۆخێکی وادا نەوەک هەر قبوڵکراوە، بەڵکو خواستراو و سودبەخشیشە لە دیدی گروپە نەیارەکاندا، هەڵومەرجێکی وا تەواو لەبارە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ هەر توندوتیژیێکی سیاسی (Faiq & Noori 2022). پۆلی پێنجەم و بەر لە کۆتای بە رەنگی سور ڕەنگ کراوە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو فۆرمانەی ڕق دەربڕین کە خۆی لە توندوتیژیدا دەبینێتەوە و نوێنەرایەتی پۆلێکی خراپی قسەی ڕقاوی دەکات، چونکە ڕاستەوخۆ ئاماژەن بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی وشەیی دژی گروپەکە، کە ناکوشندەیە لە ڕووی فیزیکییەوە، لە کاتێکدا کە ئەم جۆرە توندوتیژییە وشەییە بە دڵنیاییەوە دەکرێ پاڵپشت و پاساوی بەجێبێت بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی زیاتر، دواجار ئەم پۆلەی ڕق دەربڕین ببێتە هۆی ئازاردان، دەستدرێژیکردن، برسیکردن، تاڵانکردن و تەنانەت ئەشکەنجەدانی گروپەکە. کۆتا پۆل کە بە رەنگی ڕەش وێناکراوە گوزارشتە لە خراپترین جۆری قسەی ڕقاوی، وەک ئاماژەیەک بە توندوتیژییەکی وشەیی کە کوشندەیە و لەسەر بنەمای کردەوەکانی ڕابردوو /ئێستا/ داهاتووی گروپێک بونیاد دەنرێ، دواجار ئەم جۆرە ڕق دەربڕینە خۆی لە فۆرمی لەناوبردن و کوشتنی تاکەکە یاخود گروپەکەدا دەبینێتەوە (Bahador 2021, Bahador et al 2019).

·                     ئەنجامەکان و تاوتوێکردنیان


 

 

خشتەی کۆمێنتی بەکارهێنەران پەیوەست بە پرسی ژنان

پۆستەکان

جۆری کۆمێنت

کۆمێنتی پالپشت

کۆمێنتی ئاسایی

کۆمێنتی ناپەیوەندیدار

کۆمێنتی توند و ڕقاوی

کۆی گشتی

ژمارە

%

ژمارە

%

ژمارە

%

ژمارە

%

ژمارە

%

پۆستی یەکەم

10

 %10

3

 %3

10

 %10

77

 %77

100

100

پۆستی دووەم

21

 %21

4

 %4

26

 %26

49

 %49

100

100

پۆستی سێیەم

0

%0 

12

 %12

10

 %10

78

 %78

100

100

پۆستی چوارەم

3

%3 

13

 %13

15

 %15

69

 %69

100

100

پۆستی پێنجەم

6

 %6

10

%10 

9

 %9

75

 %75

100

100

 


ئەم خشتەییەی سەرەوە گوزارشتە لە تەنها پێنج پۆست کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک کراون پەیوەندیدار بە پرسەکانی ژنان. هەروەها لە کۆی کۆمێنتەکانی هەر پۆستێک تەنها ١٠٠ کۆمێنت وەک نموونە وەرگیراون، بڕوانە پاشکۆی (ب). نمونەی یەکەم کە لە پۆستێکی پەیجی ڕووداو دا هاتووە وەرگیراوە، کە پۆستەکە لە ١٤/٦/٢٠٢٢ کراوە، کە تیایدا ژنە چالاکوانێک کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بەستوە پەیوەست بە مافی ژنان و ئەو توندوتیژییانەی کە لە کۆمەڵگەدا لە بەرامبەریان ئەنجام دەدرێن بە تایبەت پرسی فرە ژنی، دەرکەوتووە کە تەنها بە رێژەی١٠% لە کۆی ١٠٠ کۆمێنت پاڵپشتی بۆچوون و لێدوانی ژنە چالاکوانەکە کراوە، لە بەرامبەردا بە رێژەی ٧٧% لە کۆی نمونەی کۆمێنتەکان گوازرشتن لە وشە و دەربڕینی توند و ڕقاوی، تەنانەت وێناکردنی ژنە چالاکوانەکە بە (دایناسۆر، گەمژە، قەرەج، قەحپە، سەر بە ڕشک و سپی، بێوەژن، کەر، سەگ، ماڵ وێرانکەر...). لە کاتێکدا تەنها بە رێژەی ٣% کۆمێنتەکان دەربڕینی ئاسایی ناتوندوتیژن لە بەرامبەر قسەکەر ، هەروەها بە رێژەی ١٠% کۆمێنتی ناپەیوەندیدارن بە پرسەکەوە کە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکە بەکاریانهێناوە بۆ بابەتی رێکلام کردن بۆ پەیج و کارە بازرگانیەکانیان.

لە هەمان کاتدا ئەگەر سەنج بدرێت لە نمونەی پۆستی دووەم کە بریتیە لە پۆستی پێشکەشکارێکی ئافرەت، لەسەر پەرەی تایبەت بەخۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک کە لە ڕێکەوتی ٢٤/٣/٢٠٢٣ پۆستێکە لەبارەی کاتی پەخشکردنەوەی بەرنامەکەی لە کەناڵێکی کوردی، کە نووسیویەتی (بە هەموو پێوەرێک ئەوەی یەکشەممەی داهاتوو دەیبینن کەم وێنەیە ئەمە بەڵێنە سوپاس بۆ چاوەڕوانیتان)، کە لە بەرنامەکەیدا گفتوگۆ لەبارەی پرسی ژن و ژیانیان دەکرێ، (بڕوانە پاشکۆی ب). بە وردبونەوە لەو کۆمێنتانەی کە بۆ پۆستەکە هاتوون دەردەکەوێ کە لە کۆی ١٠٠ کۆمێنتی وەرگیراو وەک نمونە نزیکەی نیوەی کۆمێنتەکان کە دەکاتە ٤٩% ی کۆی کۆمێنتەکان بریتین لە دەستەواژە و وشەی زبر و توند و ڕقاوی کە ناوەرۆکەکانیان بریتین لە ناوزڕاندن، سەرزەنشتکردن، سوکایەتیپێکردن، جنێودان، وێناکردنی کەسایەتی پێشکەشکارەکە بە کۆمەڵێک دەستەواژە کە گوزارشتن لە مرۆڤ خستنی کەسەکە لە شێوەی (شەیتان، میکرۆب، دایکی فەسادەت، دەجال، لەشفرۆش، بەڕەلا، نەوەی ئیبلیس، دایکی فەساد و بێ ئەدەبی، مەیمون ...).

پۆستی سێیەم، کە تایبەتە بە پۆستکردنی ڕێکخستنی خولێکی ڕۆشنگەری بۆ ژنان و کچان کە لە پەیجی چاودێر ئەم پۆستە کراوە لە ڕێکەوتی ٨/٩/٢٠٢١، کە فێمێنیزمی ڕۆشەنگەری سەر بە تۆڕی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر بەڕێوەی بردوە و تیایدا چەند وێنەیەک لە ژنان و کچان لەگەڵ پۆستەکە دانراون، (بڕوانە پاشکۆی ب). بە سەرنجدان لە خشتەی سەرەوە دەرکەوتوە کە لە کۆی ١٠٠ کۆمێنتی وەرگیراو لە پۆستەکە، هیچ کۆمێنتێک وەک پاڵپشتی بۆ خولەکە و کچان و ژنان نەهاتووە،  لە کۆی گشتی تەنها بە رێژەی ١٢% وشە و دەربڕینی ئاسایی لەلایەن بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکەوە بۆ پۆستەکە کراون، هاوشێوەی پۆستەکانی پێشوو بە رێژەی١٠% کۆمێنتی ناپەیوەندیدار بە پۆستەکەوە کراون، لە کاتێکدا بەراورد بە پۆستەکانیتر بەرزترین رێژەی کۆمێنتی توند و ڕقاوی بۆ پۆستەکە هاتووە کە دەکاتە ٧٨% ی کۆی کۆمێنتە وەرگیراوەکان. بە وردبونەوە لە ناوەڕۆکی ئەم رێژە بەرزەی وشە و دەستەواژە توند و ڕقاوییەکان، دەردەکەوێ کە لە ڕێگەی نووسینەوە چەندان تۆمەتی ئەخلاقی دەخرێنە پاڵ ژنە چلاکوانەکان و بەرێوەبەرانی پەیجەکە، سەرزەنشت دەکرێن و گاڵتەیان پێدەکرێت، وەک چەندان جۆری ئاژەڵ و شەیتان وێناکراون کە سەرەکیترینیان بریتین لە (بێقیمەتر لە کلێنکسی بەکارهاتوو، فاشیلەکان، فس گەنی، ئێکس پایەر، ڕسوا، بەڕەڵا، ورگ هەویر، ورچی دارستان، پیس و بۆگەن، دەلە قۆرینە، دایناسۆر، هاورەگەز، شەیتان، حیزکردن، ...).

ئەگەر پێداچوانەوەیەکیش بە مانا و وشە و دەستەواژەکانی پەیوەست بە کۆمێتەکانی پۆستی چوارەم بکرێت کە کراون بۆ پۆستێکی پەیجی کەناڵی کوردستان ٢٤ لە فەیسبووک لە ڕێکەوتی ٨/١٢/٢٠١٩، کە لە پۆستەکەدا ژنە چالاکوانێکی بواری داکۆکیکردن لە مافی ژنان دەردەکەوێ و دەڵێ کە (١٤٠ ڕێکخراوی ژنان بەشی ئەوە ناکات کە داکۆکی لە مافی دوو ملیۆن و نیو ژن بکات لە هەرێمی کوردستان)، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە نیوەی دانیشتوانی هەرێم ژنان پێکی دەهێنن، هەروەها بەهۆی زۆری توندوتیژی و پێشێلکاری لە مافی ژنان، ئەم ژمارە ڕێکخراوە ناتوانن فریای داکۆکیکردن بکەون لەمافی ژنان، بڕوانە پاشکۆی (ب). لە نموونەی وەرگیراو لە کۆمێنتەکان دەرکەوتوە کە تەنها ٣% ی کۆمێنتەکان وەک پاڵپشتی کراون بۆ دەربرین و لێدوانی ژنە چالاکوانەکە، و بە رێژەی ١٣% ی کۆمێنتەکانیش دەربرینی ئاسایین، واتە هیچ ڕەگەزێکی توندوتیژی و ڕق دەربرینیان تێدا نیە، هاوشێوەی پۆستەکانیتریش ١٥% کۆمێنتەکان خۆیان لە نووسینی رێکلامی و ناپەیوەست بە پۆستەکەدا دەبیننەوە، لە کاتێکدا بە رێژەی ٦٩% ی کۆمێنتەکان هەڵگری ڕەگەزی توندوتیژی زارەکین بە نووسین و ڕق لە پێکهاتەی کۆمێنتەکانیاندا دەردەکەوێ، سەرەکیتین ئەم دەربڕینانەش بریتین لە (ئەم ورچە، قەحپە، فتنەی کۆمەڵگە، کۆمەڵە گا، دەم کونی مەجاری، بۆن گوو، بەرەڵا، دز، حیز، بێ ئەخلاق، تەشریب خۆر، ناخ پیس، گەواد، خوێری، قون زل، گەڵ گەنیو، تڕ ئەستور، دڕندە، گوبخۆ، تڕ گەورە، ...).

لە کۆتایدا ئەگەر سەرنج بدەین لە پۆستی پێنجەم کە خانمە پێشکەشکارێکی کورد بە بۆنەی هەشتی مارس نووسیویەتی، لە پەیجی خەندان لایف پۆستکراوە لە ڕێکەوتی ٨/٣/٢٠٢٢، تیایدا ژنە پێشکەشکارەکە دەلێت (هەمو ساڵێك دەڵێم، رۆژی جیهانی ئافرەتان پیرۆز بێت، بەڵام ئەمساڵ ئەڵێم، لە 8 مارس ئافرەت ئەكوژرێت، لە 8 مارس باسی مافی ئافرەت ئەكرێت بەس نەبێت ئەم هەمو توندوتیژە دژ بە ئافرەت! ، كوشتن لەسەر جادە، سوتان لە ناوماڵی خۆی، لێدان، سوكایەتی پێكردن، چەوساندنەوە... بۆستن چی تر لەم كارە ئافرەتیش وەك ئێوە مافی هەیە)، بڕوانە پاشکۆی (ب). بە وردبونەوە لە کۆی ئەو دەستەواژە و کۆمێنتانەی کە وەک نمونە وەرگیراون پەیوەست بە پۆستەکە دەردەکەوێ کە ٦% ی کۆمێنتەکان وەک پاڵپشتی بۆ نووسینی خانمە پێشکەشکارەکە کراون، هەروەها ١٠% ی کۆمێنتەکان، دەربڕین و دەلالەتی ئاسایین و ڕەهەندی توندوتیژی و ڕق دەربڕینیان تێدا نین، هاوشێوەی پۆستەکانیتر ٩% ی کۆمێنتەکان پەیوەندیدارنین بە پۆستەکەوە، ئەوەی جێگەی تێرامانە لە کۆی گشتی نمونەی وەرگیراو لە کۆمێنتەکان ٧٥% یان گوزارشتن لە دەربڕینی ڕقاوی و توندوتیژ و جنێودان بە خانمە پێشکەشکارەکە، سەرەکیترین ئەو دەستەواژانەش بریتین لە (قەحپە، سۆزانی، بێ شەرەف، ئێرانی، گوی بخۆ، ناخ بۆگەن، بەرڵا، ڕسوا، کەرەکەر، میکرۆب، خوا لەناوتانبەرێ، بێ ئەخلاق، لەش فرۆش، قوندەر، گەمژە، سوک، کەر ...).

لێردا بە ڕەچاوکردنی پرسی سەرەکی توێژینەوە کە جەختکردنەوەیە لەسەر توندوتیژی زارەکی و ڕق دەربڕین و بە سەرنجدان لە ناوەڕۆکی چەند کۆمێنتێک لە کۆی ئەو رێژە ٧٧% کە وەک کۆمێنتی توند و ڕقاوی هاتوون بۆ پۆستی یەکەم، چەند نموونەیەک لە کۆمێنتەکان وەرگیراون بە مەبەستی شیکردنەوەی ناوەڕۆکیان بە پێی تیۆریە بەکارهاتوەکان لەم پرۆژەیەدا، لە یەکێک لە کۆمێنتەکاندا بەکارهێنەرێک بۆ پۆستەکە نووسیویەتی ' هەی دایناسۆری ناشیرینی ناڕەزا ناکا ئەتۆش خۆت بە ژن بزانی؟'. بە سەرنجدان لە ناوەڕۆکی ئەم کۆمێنتە لە ڕووی تێکست و مانای وشەکانەوە دەردەکەوێ کە کۆمێنتکەر لە دەستپێکی کۆمێنتەکەیدا ژنە چالاکوانەکەی بە جۆرێک لە ئاژەڵ (دایناسۆر)، وێناکردوە، بەڵام ئاژەڵێکی (ناشرین)، هەروەها لە کۆتای کۆمێنتەکەشیدا دەپرسێ کە (ناکا تۆش خۆت بە ژن بزانی؟)، واتە لە تایبەتمەندی ژنبونیش دایدەماڵێ، بەو واتایەی کە لە مرۆڤ بوون دەیسڕێتەوە.

بە سەرنجدان لە دەقی کۆمێنتەکە بە پێوەدانگی تیۆری شیکردنەوەی گوتاری ڕەخنەیی نۆرمان فێرکلاف، بە تێڕامان لە دەستەواژە و پێکهاتەی کۆمێنتەکە، ڕۆلی ئایدۆلۆژی و ناسنامە و هێزی کۆمەڵایەتی بکەرەکە ئاشکرا دەبێت کە نوێنەرایەتی دەقەکە دەکات، وەک جۆرێک لە پراکتیکی گوتاری دەبینرێت بە سەرنجدان بە کردەی دەربڕین و نووسینی کۆمێنتەکە و بەستنەوەی بە خودی پۆستەکەوە. بە مانایەکیتر کۆمێنتکەرەکە لە ڕێگەی هەڵبژاردن و بەکارهێنانی وشەکان لە کۆمێنتەکەدا جیهانی کۆمەڵایەتی خۆی داڕشتوە، ئایدیۆلۆژیا و بیروباوەڕی خۆی وەک کاردانەوەیەک بۆ خودی دەقەکە وەک بەرهەمی پرۆسەیەکی بەرهەمهێنان خستۆتە ڕوو لە ڕێگەی کۆمێنتەکەیەوە. هەر بەم جۆرەش لە ڕێگەی کارلێکی کۆمەڵایەتییەوە پراکتیکی کۆمەڵایەتی دروست دەبێت، بەو واتایەی کە هەم ئەم گوتار و دەقانە بە شێوەیەکی کۆمەڵایەتی شێوە دەدەن بە کۆمەڵگە و لە هەمان کاتیشدا لەلایەن خودی کۆمەڵگەوە لە قاڵب دەدرێنەوە. واتە هەم ژینگەی کۆمەڵایەتی بە ڕەچاوکردنی فاکتەرەکانی وەک ئایدیۆلۆژیا و دەسەڵات شێوە دەدەن بە گوتار و دەقەکان، و هەم دووبارە گوتار و دەقەکانیش شێوە دەبەخشن بە کۆنتێکستی کۆمەڵایەتی و کولتووری کۆمەڵگە (Fairclough 1989, Fairclough 1993, Fairclough 2003). ئەگەر بە پێی پێوەدانگی تیۆری دوولاینەی ڕق، شیکردنەوە بۆ خودی کۆمێنتەکە بکرێ پەیوەست بە پۆستەکەوە، ئەوا کۆمێنتکەرەکە وەک ڕق دەربڕێک وێنا دەکرێت کە لە ڕێگەی پەیامەکەیەوە بۆ ژنە چالاکوانەکە بێ ئینتیمایی و بێزاری خۆی بۆ دەربڕیوە و ڕەتیدەکاتەوە، واتە کۆمێنت نووسەکە بەم ڕێگەیە بە دوای دووری و دوورکەوتنەوە دەگەڕێت لە گوتار و نیگەرانیەکانی ژنە چالاکوانەکە، ئەمەش بەو واتایەی کە بە پێی تیۆری دوو لایەنەی ڕقی ڕۆبێرت ستێرنبێرگ، لە دیدی ڕق دەربڕ کەسی بە ئامانجگیراو هەست و سۆز و ئینتیمای نیە بۆ ئەو پانتاییەی کە ڕق دەربڕ بڕوای پێیەتی (Sternberg 2003). واتە بە گشتی لە دیدی ڕق دەربڕەوە وتە و دەربڕینەکانی ژنە چالاکوانەکە پەسەند نین، بەڵام کۆمێنتکەرەکە تەنها بەوە نەوەستاوە کە پەسەندی ڕاوبۆچونی ژنە چلاکوانەکە نەکات، بەڵکو زمانێکی توندوتیژی لە نووسینی کۆمێنتەکەیدا بەکارهێناوە کە ئاماژەکانی ڕق لای کەسەکە پیشاندەدەن بە ئاراستەی چالاکوانەکەی بواری مافی ژنان کە لێرە وەک قوربانی دەردەکەوێ.

هەروەها بە ڕوانین لە ناوەرۆکی کۆمێنتەکان بە گشتی و تیۆری پێوەری توندێتی ڕق دەربڕین لە لای بابەک بەهادۆر (٢٠١١)، دەردەکەوێ کە زۆرینەی ئەم رێژە ٧٧ % لە نموونەی یەکەم بەدەر لە بەکارهێنانی زمانی زبر و توندوتیژ، هەوڵێکن بۆ بەشەیتانیکردنی کارەکتەری قسەکەر و داماڵینی لە مرۆڤبوونی و پێدانی کارەکتەری نەرێنی کە ئاستی چوارەم و سێیەمی پێوەرەکە پێکدەهێنن. کە بەپێی تیۆرییەکە ئەم پۆلە لە ڕق دەربڕین خۆی لەو دەربڕینانەدا دەبینێتەوە کە مرۆڤ لە مرۆڤبوون دادەماڵێت و وەک شەیتان لێی دەڕوانرێت و بە نمونەکانی وەک: وەک بەراز، مشک، مەیموون، هەروەها نەخۆشی شێرپەنجە، میکرۆب و تەنانەت وەک ئەهریمەن و ڕۆبۆت و نازی، گەمژە، دەستدرێژیکەر، ساختە و شێت لێیان دەڕوانرێت (Bahador 2021).

هەر پەیوەست بە پۆستی یەکەمەوە، لە یەکێکیتر کۆمێنتەکانی بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکدا هاتووە ' دە گووبخۆ ئەوە چی دەمێکە باوکەڕۆ قوڕ بەسەر ئەوەی ژن تۆیە عەفو پیاو پیاو توخوا پیاو لەگەڵ تۆیا ئەژی...'. بە وەردبونەوە لە ناوەرۆکی ئەم کۆمێنتە و شیتەلکردنی لە ژێر ڕۆشنایی تیۆری لەکەی کۆمەڵایەتی (Social Stigma)، ئێرڤینگ گۆفمان، کۆمەڵناسیی کەنەدی، دەردەکەوێ کە دەستەواژە بەکارهاتووەکانی نێو کۆمێنتەکە وەک (ئەوە چ دەمێکە  و وێناکردنی ژنە چالاکوانەکە بە پیاو بەهۆی قژی کورتی ژنەکەوە)، وەک پەڵە یاخود لەکە بەکارهاتوون وەک ئاماژەیەک بۆ بێ بەهاکردنی ژنە چالاکوانەکە لە ژن بوون، هەروەها بێ بەهاکردنی دەمی ژنەکە وەک نیشانەیەکی جەستەیی کە وەک هێمایەک لە کۆمێنتەکەدا هاتووە بۆ شوێنێکی نائاسایی لە جەستەی ژنەکەدا لە کاتێکدا لە بنەڕەتدا دەمی ژنەکە وەک دەمی هەر مرۆڤێکیتر دەمێکی ئاساییە. (بڕوانە پاشکۆی ب). لە دیدی گۆفمانەوە لەکەی کۆمەڵایەتی ئاماژەیە بۆ ناپەسەندێتی تاکێک، یاخود گروپێک لەسەر بنەمای تایبەتمەندیەکانیان کە بەهۆیانەوە لە ئەندامانی تری کۆمەڵگە جیا دەکرێنەوە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندی هەیە بە کولتوور، جۆری کۆمەڵایەتی، نەژاد، ئایین، چینی کۆمەڵایەتی، تەمەن، شێوەی جەستە، کەم ئەندامی جەستەیی و تەندروستی (Goffman 1963). بەدەر لە لەکەی کۆمەڵایەتی کە دراوەتە پاڵ ژنە چالاکوانەکە، کۆمێنتنووسەکە لە دەستپێکی کۆمێنتەکەدا نووسیویەتی (دەگووبخۆ)، ئەم دەستەواژەیە لە ژێر ڕۆشنایی تیۆری دەروونی-کۆمەڵایەتی و دەماری تیمۆتی جەی گوزارشتە لە دۆخی ئاڵۆزی دەروونی کۆمێنتنووسەکە لە هەمبەر وتە و دەرکەوتنی ژنە چالاکوانەکە، ئەم جنێوە لە دیدی تیۆرییەکەوە هەرگیز ڕەفتارێکی هەرەمەکی نیە، بەڵکو جنێوەکە ئاماژەیە بۆ ڕەفتارێکی ڕێکخراوی مەبەستدارانە، کە لە دیدی تیمۆتی جەی تاکەکان لەگەڵ فێربوونی زماندا رێسایەکانی جنێودان و نەفرەتکردن لە یەکتری فێردەبن، بەدەستهێنانی زمان، واتە بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر ئەوەی کە کەی و لە کوێ جنێو بدەی و چی بڵێی (Jay 2009). بەپێی ئەم تیۆرییە دەشێ سیستەمی دەروونی کۆمێنتنووسەکە لەگەڵ ئەو هەلومەرجە کۆمەڵایەتییە ناتەبا و ناکۆک بوبێت کە بەهۆی لێدوان و دەرکەوتنی ژنە چالاکوانەکە هاتۆتە کایەوە وەک ئاماژەیەک بۆ بوونی ناکۆکی و ناتەبایی لە نێوان دۆخی دەروونی هێرشکەرەکە لەگەڵ سیستەمی کۆمەڵایەتی، کە بەهۆی دەرکەوتن و لێدوانی ژنە چالاکوانەکەی بواری مافی ژنان هاتبێتە کایەوە.

بە سەرنجدان لە ناوەڕۆکی ئەو کۆمێنتانەی کە بۆ پۆستی دووەم هاتوون کە تیایدا ژنە پێشکەشکارێک لە پەرەی تایبەت بەخۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاماژەی داوە بە کاتی دەستپێکردنەوەی بەرنامەکەی خۆی لە کەناڵێکی ئاسمانیدا، نزیکەی نیوەی کۆمێنتەکان ٤٩% کە بۆ پۆستەکە هاتوون دەرکەوتووە کە ئاماژە و گوزارشتی توندو و ڕقاوین ئاراستەی ژنە پێشکەشکارەکە و هەروەها بینەرەکانیشی کراون، لە یەکێک لە کۆمێنتەکاندا هاتووە 'دایکی فەساد و بێ ئەخلاقی گەڕایەوە سەر شاشە، بۆ تێکدان و بەلاڕێدا بردنی نەوجەوان و هەرزەکاران، خەجەڵەت و ڕوو ڕەشبی نەوەی ئیبلیس.....'. هەروەها لە کۆمێنتێکییتردا هاتووە 'دايكی فەساد و هاوری شەيتانيت'. هەروەها کەسێکیتر نووسیویەتی 'به خوا تەيريكی ناشرينی ياخوا بەملی شكاو بيتەوه'، و بەکارهێنەرێکیتری تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بۆی نووسیوە 'ئەو کەسەی سەیری بەرنامەکانت ئەکات و ئەوەی تۆی لا پەسەندە بێ شک لەشفرۆشە'. لە کۆی ئەو کۆمێنتانەی کە وەک نموونە وەرگیراو لە سەرەوەدا خراونەتەڕوو، دەردەکەوێ کە ئەم بەکارهێنەرانەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەدەر لە بەکارهێنانی زمانێکی توند و پڕ لە ڕق و کینە بەرامبەر بە ژنە پێشکەشکارەکە، و بەرنامە و تەنانەت بینەرەکانیش، کۆمەڵێک دەستەواژەیان بەکارهێناون کە بە پێی تیۆرییە زانستیەکانی بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکان گوزارشتن لە داماڵینی ژنە پێشکەشکارەکە لە مرۆڤبوون و بەشەیتانیکردنی، ئەم جۆرە لە ڕق خۆی لە ئاستی چوارەمی پێوەری توندێتی ڕق دەربڕین دا دەبینێتەوە، کە بابەک بەهادۆر پێشکەشی کردووە، هەریەکە لە دەستەواژەکانی ( نەوەی ئیبلیس لە کۆمێنتی یەکەم، هاورێی شەیتان لە کۆمێنتی دووەم، هەروەها تەیری (باڵندەی) ناشرین). ئاماژەی ڕوونن بۆ داماڵینی ژنە پێشکەشکارەکە لە مرۆڤبوون و پێدانی تایبەتمەندی نەرێنی نامرۆیی وەک سوکایەتیەک پێی، هەروەها وێناکردنی بە باڵندەیەکی ناشرین وەک جۆرێک لە گیاندار و ئاژەڵ، بۆیە لە دیدی بەهادۆر ئەم جۆرە تاکانەی کە بەم جۆرە تێگەیشتنە لە بەرامبەر دەڕوانن نەک هەر لەناوبردنیان ڕێگەپێدراوە، بەڵکو ویستراو و خواستراو و قبوڵکراویشە، وەک نەیارێک لە کەسی بە ئامانجگیراو دەڕوانرێت. هەروەها بە پێوەدانگی تیۆری دوولایەنەی ڕق لای ستێرنبێرگ هەندێک جار وا ڕێک دەکەوێ کە هەندێک جار پێش داوەری و گێڕانەوە و باسکردنی نەرێنی پەیوەست بە کەسی بە ئامانجگیراو دەگەن بە لوتکە و بەهۆییەوە ڕق و کینە بەرامبەر بە کەسانی دیار، و بژاردەی نێو کۆمەڵگە دروست دەبێت و وەک تێکدەر، نەفرەتی و ئاژەڵ وێنادەکرێن (Sternberg & Sternberg 2008).

بە وردبونەوە لە کۆی ئەو کۆمێنتانەی کە وەک نموونە وەرگیراون پەیوەست بە پۆستی سێیەم کە گوزارشتە لە پۆستکردنی کردنەوەی خولێکی تایبەت بۆ ژنان و کچان کە ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر ڕێکی خستوە لەگەڵ پۆستکردنی چەند وێنەیەکی بەشداری ژنان و کچان لە خولەکە، ئەوەی جێگەی سەرنجە لە کۆی ١٠٠ کۆمێنت کە وەک نموونە وەرگیراو، تەنانەت یەک کۆمێنتیش وەک پالپشتی بۆ خول و چالاکییەکە و ژنان نەهاتوون، لە بەرامبەردا ٧٨% کۆی کۆمێنتە وەرگیراوەکان وەک نموونە گوزارشتن لە سەرزەنشتکردن، ناوزڕاندن، هەڕەشەکردن، سوکایەتی پێکردن، جنێوپێدان و وێناکردنی کارەکتەرکانی نێو وێنەکان بە ئاژەڵ و لکاندنی لەکەی کۆمەڵایەتی پێیانەوە و نیشاندنیان وەک دژە ئایین و هاوڕەگەزخواز، هەروەها نووسینی دەربڕینی توند و ڕقاوی دژی کچان و ژنان و خودی ناوەندەکە. بۆ نمونە یەکێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە ژێر پۆستەکە نووسیویەتی 'ئاخر دایناسۆڕی سفوری دژە خوا و دین و قیەمە کۆمەڵایەتیەکان قەیناکا کە بەشداری ئەو توڕەهاتە بکەن، بەڵام دایناسۆڕی حیجاب چ ئیشی بەو شوێنانەیە؟ وەڵا سەیرە نازانی کە فیمینیستی دژی هەموو جوانیەك و هاوکاری فریودانی کچانە بۆ سورکردنی شەوانی کوڕە بەرپرس و بازرگانان'. (بڕوانە پاشکۆی ب). بە لێڕامان لەم کۆمێنتەی سەرەوە دەردەکەوێ کە کۆمێنتنووسەکە هەر لە دەستپێکدا لەبەرامبەر ئەم پۆستەدا پێش داوەری کردوە، و بەشێک لە بەژداربوانی بە دژە خوا و ئایین و بەها کۆمەڵایەتییەکان ناوبردووە، تەنانەت وەک جۆرێک لە ئاژەڵ وێنای کردوون وەک جۆرێک لە بێ بەهاکردنیان و لە مرۆڤداماڵینیان، بە دیوێکیتردا دەکرێ وا لە کۆمێنتکەکە بڕوانرێت وەک گوزارشتێک لە سیستەمێکی بیروباوەری کۆنەپارێز Conservative. لای کۆمێنتنووسەکە، هەر چالاکییەک کە بەشێک نەبێت لەو دونیایەی کە خۆی بڕوای پێیەتی، ئەوا دەچێتە چوارچێوەی لادان لە بەها کۆمەڵایەتی و ئایینیەکان. بەدەر لەوە بەکارهێنەرەکە لە کۆتایی کۆمێنتەکەدا تۆمەتی ئەخلاقی دەخاتە پاڵ ناوەندە ڕۆشنبیریەکە و تەنانەت بەشداربووانیش کە هۆکارن بۆ فریودانی کچان بۆ کوڕە بەرپڕس و بازرگانان، واتە بەرپرسیارەتی تۆمەت بەخشینەوە بەبێ بەڵگە وەک کارێکی ئاسایی و ئاسان لێی ڕوانیوە. هەروەها لە کۆمێنتێکیتردا هاتوە 'جێندەر یانی مولحید دژ بەدینی ئیسلام خودایە قڕیان تێ بخە وەک چۆن حسین میسریو شێرکۆ بێکەس لەناوبرد ئەمانیش تەفروتوناکە یاشدید العقاب'. بە سەرنجدان لە ناوەڕۆکی ئەم کۆمێنتە ئەمە بە ڕوونی دەردەکەوێ کە کۆمێنتنووسەکە بەبێ گەڕانەوە بۆ مانا و تێگەیشتنی زانستی بۆ چەمکی جێندەر، ڕاستەوخۆ چەمکەکەی یەکسان کردوە بە ئیلحاد (بێباوەڕ)، یاخود دژی ئایینی ئیسلام، بۆیەشە بەم بیانوە یەکسەر نەفرەتی لە بەشداربووان کردووە، کە بە تێگەیشتنی خۆی هەریەکە لە حسین مسری و شێرکۆ بێکەسیش بەر نەفرەتی خوا کەوتوون، ئەم جۆرە لە بیروباوەرە دەکرێ وەک جۆرێک لە ئایدیۆلۆژیا لێیبڕوانرێت کە کۆمێنتنووسەکە لە رێگەی کۆمێنتەکەیەوە گوزارشتی لە سیستەمی بیرکردنەوە و بیروباوەڕی خۆی کردووە. بە واتایەکیتر بە شیکردنەوە و دەستنیشانکردنی بەشە وشەییەکانی ئەم دەقە کە بەکارهێنەرەکە نووسیویەتی بۆ پۆستەکە، هەروەها بەهۆی بەکارهێنانی ئەم دەستەواژانەی کە لە سەرەوە خراونەتە روو، وەک سەرچاوەی نیشانەیی بۆ تێگەیشتن لە مەبەستی کۆمێنتنووسەکەدا، ئەوا لە دیدی نۆرمان فێرکلاف دەکرێ یارمەتیدەربن لە داڕشتنی ڕۆلی ئایدیۆلۆژی و ناسنامە و جیهانی کۆمەڵایەتیی نووسەرەکە (Fairclough 2003). هەر پەیوەست بە پۆستی سێیەم لە کۆمێنتیتردا هاتوە 'خوا هیدایەتتان دات ئەگەر خێرتان تیا ماوە دەنا بەهیوای لەناوچون و ڕسوا بوون لەدونیاو قیامەت' هەروەها یەکێکیتر نووسیویەتی 'هەتیوو ئەوورگە چیە ئەڵێی وورچی دارستانی'، و هاوشێوەی کۆمێنتەکەی پێشوو یەکێکیتریش نووسیویەتی بۆ یەکێک لە ژنە چالاکوانەکان 'با خەمیکی ورگی بخوا ئەو سک پانە'، لە کۆمێنتێکیتردا نوسراوە 'خولی کۆبوونەوەی شەیتانەکان'، هەروەها کەسێکیر بۆی نووسیون ' ئەمانە هاوڕەگەزەکانن😂'، بە سەرنجدان لە ناوەڕۆکی ئەم دەق و کۆمێنتانەی سەرەوە، بە ڕوونی دەردەکەوێ کە کۆمێنتنووسەکان هەست بە دوورییەکی زۆر دەکەن لەگەڵ ئەوەی کە پۆست کراوە، بە واتایەکیتر دەستەواژە بەکارهاتووەکان لە کۆمێنتەکاندا ئەوە دەردەخەن کە کۆمێنتنووسەکان توانای پەسەندێتییان نیە بۆ باسێک کە خۆی لە خولێکی وشیارکردنەوەی کچان و ژنان دا دەبینێتەوە لە بارەی ماف و ئەرکەکانیان لە نێو کۆمەڵگەدا، ئەوەی کە جێگەی تێرامانی قوڵە لەم کۆمێنتانەدا ئەوەیە کە بەشێک لە کۆمێنتنووسەکان تەنانەت خوازیاری لەناوچون و ڕسوابوونی ژنە چالاکوانەکانن، وەک لە کۆمێنتەکەی سەرەوەدا هاتووە (بەهیوای لەناوچوون و ڕسوا بوون لە دونیا و قیامەت)، کە ئەم دۆخە بەپێی پێوەری توندێتی ڕق دەربڕین لای بەهادۆر ئاستی شەشەمی پێوەڕەکە پێکدەهێنێت کە ناونراوە بە (مردن)، کە بە ترسناکترین و توندترین ئاستی دەربڕینی توندوتیژی زارەکی و ڕق دەربڕین وێناکراوە، وەک ئاماژەیەک بۆ توندوتیژیەکی وشەیی کە کوشندەیە کە لەسەر بنەمای ڕابردوو\ئێستا\ داهاتووی گروپێک بونیاد دەنرێت، کە خۆی لە فۆرمی لەناوبردن و کوشتنی تاکەکە، یاخود قوربانیەکە یاخود گروپەکەدا دەبینێتەوە (Bahador 2021). هەروەها لە دوو کۆمێنتی دیکەدا کە لەسەرەوە ئاماژەیان بۆ کراوە، کۆمێنتنووسەکان بەدەر لەوەی کە هیچ تێبینی و سەرنجێکیان لەسەر خولەکە و چالاکییەکە نەخستۆتە ڕوو، کەچی بە چەند وشەییەکی توند و ڕقاوی توانج و سوکایەتییان کردوە بە یەکێک لە ژنە چالاکوانەکان کە لە وێنەکان دەرکەوتووە وەک (ئەو ورگە چییە، ئەلێی ورچی دارستانی، یاخود باخەمێکی ورگی بخوات ئەو سک پانە)، (بڕوانە پاشکۆی ا)، ئەم دەستەواژانە جگە لە هەڵگرتنی مانا و دەلالەتی سوکایەتیکردن و تانەدان لە کەسێک لەسەر بنەمای شێوەی جەستەی، ئەوا لە دیدە زانستییەکەوەیە جۆرێکە لە ستیگمای کۆمەڵایەتی، بەو واتایەی کە ورگی ژنە چالاکوانەکە وەک لەکەیەک لەم کۆمێنتانە نیشانە کراوە تا بەهۆیەوە لە بەها و پێگەی کۆمەڵایەتی ژنە چالاکوانەکە کەم بکەنەوە. زیاد لەمە، لە دوو کۆمێنتەکەیتردا کە لە سەرەوە ئاماژەیان بۆ کراوە کە وەک نموونە وەرگیراون، لە یەکێکیان وەک (شەیتان)، ئاماژەی بۆ کراوە و لە کۆمێنتەکەیتردا وەک (هاورەگەزخواز)، ئاماژە زانستییەکان بۆ وێناکردنی کەسێک یاخود گروپێک بە شەیتان لە لایەن کەسێک یاخود گروپێکەوە، گوزارشتە بۆ جیاکاریکردنیان و لە مرۆڤ داماڵینیان، و لە تێگەیشتنە ئایینیەکەشەوە بە شەیتان ناوهێنانی کەسێک یاخود گروپێک، ئاماژەییە بۆ ئەو کەسە، یاخود گروپەی کە خەڵک لە رێگە ڕاستە ئایینیەکە دووردەخەنەوە، پێچەوانەی فەرمانەکانی خوا هەڵسوکەوت دەکەن، واتە هەم لە رووی زانستییەوە ڕوانین لە کەسانێک وەک شەیتان ئاماژەی بەهێزن بۆ بوونی توندوتیژی و ڕقێکی ئەستور بۆ کەسەکە،  هەمیش لە ڕووی ئاینییەوە وێناکردنی کەسێک بە شەیتان خۆی لە خۆیدا زەمینەیەکی لەبار ئەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی کەسەکە بە ئاسانی لە لایەن باوەردارە توندڕەوەکانەوە بکرێتە ئامانج.

پەیوەست بە پۆستی چوارەم کە خۆی لە پارچە ڤیدیۆیێکدا دەبینێتەوە و تیایدا ژنە چالاکوانێک بەشداری لە یەکێ لە بەرمانەکانی کەناڵێکی ئاسمانی کوردیدا کردوە، و ئاماژە بەوە دەدات کە '140 رێکخراوی ژنان بەشی ئەوە ناکات داکۆکی لە مافی 2 ملیۆن و نیو ژن بکات لە هەرێمی کوردستان'، وەک ئاماژەیەک بۆ زۆری کێشەو گرفتی کۆمەڵایەتی- کولتووری، بەرزی رێژەی توندوتیژیەکان بەرامبەر بە ژنان، ئەوەی جێگەی سەرنجە وەک لە خشتەکەی سەرەوەدا خراوەتە ڕوو، ٦٩% ی کۆی کۆمێنتە وەرگیراوەکان بریتین لە ناوزڕاندن، سەرزەنشتکردن، تۆمەتبارکردن، گێچەڵپێکردن، هەڕەشە لە ژنە چالاکوانەکە و رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە ژنان بە گشتی، گالتەکردن بە جەستەی ژنەکە وەک نیشانەیەک بۆ کەمکردنەوە لە شکۆی ژنەکە و بێ بەهاکردنی. یەکێک لە بەکارهێنەرەکان بۆ ژنە چالاکوانەکەی نووسیوە 'ئەم ورچە مافی ژن ئەدات تفوو لەم ئافرەتەش تۆ نەسیحەتی بکەیت'، بە سەرنجدان لە دەستپێکی کۆمێنتەکەدا ئەمە بە ڕوونی لە نیازی کۆمێنتنووسەکەدا دەردەکەوێ کە ویستویەتی لە ڕێگەی نووسینەکەیەوە تایبەتمەندی مرۆڤ بوون لە ژنە چالاکوانەکە وەلابنێت، و بەرگی ئاژەڵی بخاتە بەری وەک ورچ ناوی بردوە، زیاد لەمە، بە وەردبوونەوە لە درێژەی کۆمێنتەکەدا دەردەکەوێ کە نەک هەر چالاکوانەکە کراوەتە ئامانج، بەڵکو هەوڵی هێرشکردن و سەرزەنشتکردنی هەموو ئەو ژنانەش دراوە کە گوێ لەم ژنە چالاکوانە دەگرن. ئەگەر بە دیدێکی گشتگیرتر لەم کۆمێنتە بڕوانین کە گوزارشتە لە جیهانبینی کۆمێنتنووسەکە، ئەوا پرسی ژنان و ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕوویان دەبنەوە لە نێو کۆمەڵگەدا، هەروەها بڕوا بوون بە دادپەروەری و یەکسانی ڕەگەزی لە پانتایی ژیانی گشتی لای کۆمێنتنووسەکە ڕەتکراوەیە، نووسینی کۆمێنتەکەش دەکرێ گوزارشت بێت لە نەبونی نیەت بۆ پەسەندکردنی پرسگەری لەم جۆرە لە نێو کۆمەڵگەدا. بەکارهێنەرێکیتری تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە ژێرەوەی ڤیدیۆیەکە بۆ ژنە چالاکوانەکە نووسیویەتی ' دەمت دەلێ كونی مەجاریە فلتەفلت بەكەيفی خۆتان دەكەن و دەخۆن خوتان شەريف كردوە دەتانەوێت ژنی خەلك بەرەلا بكەن دانيشە بۆن گو'، لە کۆمێنتێکیتردا هاتوە 'ئەو بە ناو ڕێخراوی ژنانە هەموی گەواد و خوێرین بە ناوی مافی ژن گەوادی دەکەن و دەرشێنەوە'، هەروەها کەسێکیتر بۆی نووسیوە 'هههههههه کو بەش دەکان سەیری ئەم ورگ و هەیکەله'،  بەکارهێنەرێکیتیش نووسیویەتی 'خوا لەناوتان ببات نەك ريكخراوەكە ئەوەی پشتگيريشتان دەكا' (بڕوانە پاشکۆی ب). بە وردبونەوە لەم کۆمێنتانە دەردەکەوێ کە کۆمێنتنووسەکان لە جیاتی گەنگەشەکردنی پرسەکە لەسەر بنەمایەکی دروستی لۆژیکی و تەندروست، زمانێکیان بەکارهێناوە لە نووسیندا کە پڕیەتی لە ڕقێکی ئەستور، تۆمەتبەخشین، جنێودان، توندوتیژی زارەکی و پێشاندانی نیازێکی خراپ و ناپەسەند بەرامبەر بە ژنە چالاکوانەکە، بە تێگەیشتنی زانستی ئەم دۆخە و جیهانبینینەی کە کۆمێنتەکانی تێدا بەرهەم هاتووە، بە تەواوی پێچەوانە و ناکۆکە لەگەڵ ئەم جیهانبینی و تێگەیشتنەی کە ژنە چالاکوانەکە هەیەتی بۆ پرسی ژنان، تا ئێرە دەکرێ ئاسایی بێت ناکۆکی و ناچۆنیەکی هەبێ لە بیرکردنەوە و جیهانبینی کەسەکان بۆ پرسی جیاجیا لە نێو کۆمەڵگەدا، بەڵام ئەوەی نائاسایی و مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنە، بوونی رقێکی توند و زمانێکی توندوتیژە لە وەڵامدانەوەی پرسێک کە لەگەڵ بیروباوەر و گۆشەنیگای کۆمێنتنووسەکاندا یەکناگرێتەوە.

تیمۆتی جەی لە تیۆرییە دەماری- دەروونی- کۆمەڵایەتیەکەی پەیوەست بە شیکردنەوەی گوتار ئاماژەی داوە بەوەی کە سەرەڕای ئەوەی کە تاکەکان فێری زمانی باوی نێو کۆمەڵگەکانیان دەبن، بەڵام بەکارهێنانی زمانی پیس و جنێودان لای هەر کەسێک بە گەشەی خودی کەسەکە لە نێو ژینگەیەکی زمانەوانی و خێزانی و کولتووری دیاریکراودا دیاریدەکرێت (Jay 1992). هەروەها لە ڕووی دەمارییەوە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە دوو سیستەمی دەماری گرنگ بەیەکەوە گرێدراون کە ئەوانیش توێکلی مێشک (The cerebral cortex)، کە تێگەیشتن و بەرهەمهێنانی قسەکردن بەرێوەدەبات، هەروەها دووەمیان کە خۆی لە سیستەمە لاوەکیەکاندا دەبینێتەوە (The subcortical systems)، کە لە رووی زانستییەوە بەرپرسن لە ڕێکخستنی کاردانەوە سۆزداریی و هەڵچونیەکانی مرۆڤ وەک ئەو کاردانەوانەی کە دەبنە هۆی نزیکبوونەوە و دوورکەوتنەوەی خەڵک لە یەکتری. زیاد لەوە، تیمۆتی جەی پێیوایە کە ئەم دوو سیستەمەی مێشک ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینن لە ڕێکخستنی دەربڕینە زارەکییەکانی خەڵک، هەروەها کاردانەوە هەستەکی و هەڵچوونیەکانی هەر کەسێک لە ئاستە جیاوازەکانی هۆشیاری و کۆنترۆڵکردندا دەردەکەون کە دەکرێ جنێودان فۆرمێکی کاردانەوەی لەخۆیەوە بێت، لە دەرەوەی هۆشاری و کۆنترۆڵی جنێودەرەکەدا بێت (هەمان سەرچاوەی پێشوو).

هەروەها پەیوەست بەو کۆمێنتانەی کە نووسراون بۆ پۆستی پێنجەم کە بە رێژەی ٧٥% ی کۆی کۆمێنتە وەرگیراوەکان ئاماژە و ڕەگەزی توندوتیژی و ڕقیان هەڵگرتوە، تەنیا بۆ نووسینێکی خانمە پێشکەشکارێک لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک کە نووسیویەتی:

' هەمو ساڵێك دەڵێم، رۆژی جیهانی ئافرەتان پیرۆز بێت، بەڵام ئەمساڵ ئەڵێم،

لە 8 مارس ئافرەت ئەكوژرێت، لە 8 مارس باسی مافی ئافرەت ئەكرێت

بەس نەبێت ئەم هەمو توندوتیژە دژ بە ئافرەت!

كوشتن لەسەر جادە، سوتان لە ناوماڵی خۆێ، لێدان، سوكایەتی پێكردن، چەوساندنەوە... بۆستن چی تر لەم كارە ئافرەتیش وەك ئێوە مافی هەیە'. (بڕوانە پاشکۆی ب).

ئەم نووسینەی خانمە پێشکەشکارەکە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی هەشتی مارس، کە لە جیهاندا وەک ڕۆژی جیهانی ژنان ناسراوە، وەک رۆژێک دیاریکراوە لە زۆرێک لە وڵاتان بۆ بەرەنگاربونەوەی نادادی و ستەم دژی ژنان و بنپێکردنی مافەکانیان، هەروەها ژنان بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازییە نەتەوەیی، ئیتنیکی، کولتوور، زمان، ئابووری و سیاسی هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانیان دەدەن,  ئەم رۆژە لە سالی ١٩٧٧ ەوە لە لایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە ناسێندراوە (United Nations 2023). لە بەرامبەر ئەم شیعرەی خانمە پێشکەشکارەکەدا ژمارەیەکی زۆر دەستەواژەی ڕقاوی و توندوتیژ لە ڕێگەی کۆمێنتەوە بۆ خانمە پێشکەشکارەکە هاتوون، لە کۆمێنتێکدا هاتووە 'كوناحە بە قەحپە و لەشفرۆشی وەکو تۆ بوترێ ئافرەت، ئافرەت زۆر گەورە و پیرۆزە بەڵام خەریکە ئێوەی قوندەر ناوی ئافرەت لەکەدار دەکەن، بەلێ بۆ کوشتن و سوتاندنی هەموو قەحپە و قوندەرچی وەک تۆ'، بە تێڕامان لە ناوەڕۆکی ئەم کۆمێنتە بە پێوەدانگی تیۆری توندێتی ڕق دەربڕین لای بابەک بەهادۆر، ئەو چەمک و دەستەواژانەی کە لەم کۆمێنتەدا بەکارهاتوون هەلگری مانا و دەلالەتی مەترسیدارن، هەروەها هەردوو ئاستی پێنجەم و شەشەمی پێوەرەکە دەگرنەوە کە بەرزترین ئاستی دەربڕینی توندوتیژی و ڕقن، کە هێرشکار بەکاری دەهێنێ لە بەرامبەر کەسی بە ئامانج گیراو، کە ئەوانیش خۆیان لە ئاستی (توندوتیژی و مردن) دا دەبیننەوە (Bahador 2021). لە هەردوو ئاستی توندوتیژی و مردندا ئەو دەستەواژە و وشانەی کە لە کۆمێنتەکەدا بەکارهێراون خۆیان لەو فۆرمانەی ڕق و توندوتیژیدا دەبیننەوە کە کوشندەن، و نوێنەرایەتی پۆلێکی خراپی قسەی ڕقاوی دەکەن، چونکە لە بنەرەتدا وشەکانی وەک (قەحپە، لەشفرۆش، قوندەر)، و دواتریش بەڵێ کردن لە (کوشتنی هەموو قەحپە و قوندەری وەک تۆ)، یاخود کەسێکیتر بۆی نووسیوە 'خۆزگە رۆژێک هەواڵی کوشتنی تۆشم دەبیست'، ئاماژەی ڕاستەوخۆن بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی زارەکی و تەنانەت جەستەیش، چونکە دەکرێ توندوتیژی زارەکی بەو ئاستە توندە هۆکار و پاڵپشت و پاساوی بەجێبێت بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی فیزیکی تا ئاستی لەناوبردن و کوشتن. لە کۆمێنتێکی دیکەدا کەسێک بۆی نووسیوە 'ئێرانیە لێی ناگیرێ'، ئەم دەستەواژەیە وەک جۆرێک لە سوکایەتی پێکردن هاتووە بۆ خانمە پێشکەشکارەکە، لە هەمان کاتدا دەلالەتێکیتری ئەم دەستەواژەییە نیشاندانی پاکیزەیی و بێ خەوشی خۆیەتی لە بەرامبەر کەسێکدا کە لە دیدی ئەو ئەم پاکیزەیی و بێ خەوشیەی پێ نەبڕاوە، لە هەمان کاتدا ئەم جۆرە گوزارشت کردنە لە خانمە پێشکەشکارەکە جۆرێکە لە ستیگمای کۆمەڵایەتی کە لە رێگەی ڵکاندنی خانمە پێشکەشکارە کوردەکە بە وڵاتێکی دیکە بە مەبەستی بێ بەهاکردن و سوکایەتیپێکردن بەکارهاتووە.

·                     ئەنجامگیری

لە ژێر ڕۆشنایی ئەم شیکردنەوانەی کە لەسەرەوە ئەنجام دراون لەسەر بنەمای ئەو (٥٠٠)، کۆمێنتەی کە وەک نموونە بۆ ئەم توێژینەوەیە وەرگیراون، دەرکەوتووە بەرزترین رێژەی ئەو جۆرە کۆمێنتانەی کە بۆ پێنج پۆستەکە هاتوون، گوزارشتن لە چەمک و زاراوە و نووسینی توندوتیژ و ڕقاوی لە فۆرمی هەڕەشەکردن، سوکایەتیکردن، ناوزڕاندن، جنێودان، ئومێد خواستن بە لەنێوچونیان. هەروەها لە چەندان کۆمێنتدا ژنان و کەسایەتیەکانی نێو پۆستەکان وەک شەیتان و جۆری جیاجیای ئاژەڵ وێناکراون، تەنانەت لە هەندێک کۆمێنتدا دەستەواژەی وا توند بەکارهاتوون کە بەشێک لە چالاکوانانی بواری مافی ژنان لە مرۆڤبوون داماڵدراون، لە هەمان کاتدا جۆرێک لە لەکەی کۆمەڵایەتی Social Stigma، وەک نیشانەیەک بۆ بێبەهاکردن و سەرزەنشتکردنیان بەکارهاتوون. بە گشتی لە زۆرینەی ئەو کۆمێنتانەی کە بۆ ئەم پێنج پۆستە نووسراون کە وەک نموونە وەرگیراون، ڕق دەربڕەکان نەک هەر ڕەتی پۆستەکان، ناوەڕۆک و کەسایەتییەکانیان کردۆتەوە، بەڵکو وەک پەرچەکردارێک زمانێکی زۆر توند و ڕقاوی و نەفرەتکردنیان بەکارهێناوە بە جۆرێک کە زەمینەی بەیەکەوە هەڵکردن و تەبایی لە نێو کۆمەڵگەدا بە تەواوی دەخاتە ژێر هەڕەشە و مەترسییەوە کە بە پێی تیۆرییە بەرکارەکان دەشێ ئەم هەڕەشانەی کە بە نووسین دەکرێن دواجار ببنە هەوێنی هاندان و کردەی فیزیکی تا ئاستی لەناوبردن و تیرۆکردنی کەسە بە ئامانج گیراوەکان.

·                     پێشنیار و ڕاسپاردە

·                     کارکردن لەسەر ھۆشیارکردنەوەی تاکەکان لەبارەی لێبوردەیی و چۆنیەتی یەکترقبولکردن، بە کۆمەلێک ڕێگەی جیاجیا: وەک کردنەوەی خولی هۆشیاری و ڕاسپاردنی رێکخراوەکانی کۆمەلی مەدەنی، بەکارهێنانی میدیا بۆ ئەم مەبەستە لە پێناو سنوردارکردنی شێوە جۆراوجۆرەکانی توندوتیژی زارەکی و ڕق دەربڕین بە تایبەت لە نێو پڵاتفۆرمە ئۆنڵاینەکان پەیوەست بە پرسەکانی ژنان.

·                     هەر پەیوەست بە مانا و ڕۆل و کاریگەری پرسی ڵێبوردەیی وەک چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کەمکردنەوەی ڕق و کینە و فراوانکردن و بەهێزکردنی توانای یەکتر قبولکردن لە نێو گروپە کۆمەڵایەتییەکان، ئەم توێژینەوەیە پێشنیار دەکات پرسی ڵێبوردەیی و بەیەکەوە ژیان بکرێ بە وانەیەکی سەرەکی لە نێو پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا دا، وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوە هەستی ڕقاوی، ئەمەش بەهۆی ئەو پانتاییەی کە ڕق و کینە لە ژیانی گشتی خەلک لە هەرێمی کوردستان داگیری کردوە.

·                     بەکارهێنانی مینبەرەکانی دامەزراوە ئاینیەکان بە مەبەستی فراوانکردنی توانای یەکتر قبولکردن و لێبوردەیی لە نێو خەلکدا بە تایبەت کە زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان موسلمانن.

·                      دەسنیشانکردنی چوارچێوەکانی ڕق دەربڕین بە یاسا لە ڵایەن پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان، هەروەها بە سزاگەیاندنی ڕق دەربڕەکان بەجۆرێک کە زیان بە پرسی ئازادی ڕادەربڕین نەگەینێت.

·                     سانسۆر خستنە سەر میدیا بە گشتی و کەسایەتیەکان و لایەنە سیاسی و ئاینیەکان بەجۆرێک کە لە پێناو دەستکەوتی سیاسی و ململانێیەکانیان هانی ڕق دەربڕین نەدەن و ئاراستەی خەلک نەکەن بۆ بەکارهێنانی هەر فۆرمێکی تری توندوتیژی.

·                     ڕاسپاردەکردن بۆ توێژەر و ئەکادیمیستیەکان بە مەبەستی ئەنجامدانی کاری ئەکادیمی زیاتر لە سەر ئەم پرسە بە ڕێگەی ئەنجامدانی توێژینەوەی زیاتر و بەکارهێنانی میتۆدی زیاتر.

·                     پێشنیارکردن بۆ ناوەندە پەروەردەیی و ئەکادیممیەکان پەیوەست بە ڕێکخستن و ئەنجامدانی کۆنفرانس و وۆرکشۆپی ئەکادیمی لە پێناو بەرهەمهێنانی مەعریفەی زیاتر لەسەر پرسی توندوتیژی زارەکی و ڕق دەربڕین.

·                     لیستی سەرچاوەکان:

Agapoglou, T., Mouratoglou, N., Tsioumis, K., & Bikos, K. (2021). Combating Online Hate Speech through Critical Digital Literacy: Reflections from an Emancipatory Action Research with Roma Youths. International Journal of Learning and Development, 11(2), 104120-104120.

Al Ghazali, F. (2007). Critical discourse analysis: How can awareness of CDA influence teaching techniques?. University of Salford Manchester. Available at: http://usir.salford.ac.uk/id/eprint/22590/

Bahador, B. (2021). Countering hate speech. In The Routledge Companion to Media Disinformation and Populism (pp. 507-518). Routledge.

Bahador, B., Kerchner, D., Bacon, L., & Menas, A. (2019). Monitoring hate speech in the US media.

Bimber, B., Flanagin, A. J., and Stohl, C. (2005). Reconceptualizing Collective Action in the Contemporary Media Environment. Communication Theory , 15 (4), 365- 388.

Bryman, A. (2016). Social research methods (Fifth edition.). Oxford University Press.

Coleman, S., and Blumler, J. G. (2009). The Internet and Democratic Citizenship Theory, Practice and Policy. Cambridge: Cambridge University Press.

Creswell, John., W. (2014). Research Design, Qualitative, Quantitative, and Mixed Methods Approaches. 4th edition. Sage publications. London

Culpeper, Jonathan. 2011. Impoliteness Using Language To Cause Offense. Cambridge: Cambridge University Press.

Das, M., Mathew, B., Saha, P., Goyal, P., & Mukherjee, A. (2020). ‘Hate speech in online social media’, SIGWEB newsletter : the newsletter of ACM’s Special Interest Group on Hypertext and Hypermedia, Autumn: 1–8. DOI: 10.1145/3427478.3427482

Dogruer, N., Menevis, I. and EYYAM, R. (2011). "What is the motivation for using Facebook?", Procedia - Social and Behavioural Sciences, vol. 15, pp. 2642-2646.

Faiq, A. M., & Noori, M. S. (2022). Hate Speech Forms and Implications in English and Kurdish Social Media. Journal of University of Human Development, 8(4), 80-88.

Fairclough, N. (1989). Review of Social Semiotics. Sociology, 23(2), 326–328. British Sociological Association Publications Limited.

Fairclough, N. (1992) Discourse and Social Change. Cambridge: Polity Press.

Fairclough, N. (1993). Critical discourse analysis and the marketization of public discourse: The universities. Discourse & society, 4(2), 133-168.

Fairclough, N. (2003). Analysing discourse: textual analysis for social research. London: Routledge

Fairclough, N. (2010). Critical discourse analysis : the critical study of language (2nd ed.). Routledge. London and Newyork.

Ferri, F., Grifoni, P. and GUZZO, T. (2012). "New forms of social and professional digital relationships: the case of Facebook", Social Network Analysis and Mining, vol. 2, no. 2, pp. 121-137.

Fink, C. (2018). Dangerous speech, anti-Muslim violence, and Facebook in Myanmar. Journal of International Affairs, 71(1.5), 43-52.

Fitzpatrick, M. (2008). Stigma. British Journal of General Practice, 58(549), 294–294. https://doi.org/10.3399/bjgp08X280092

Gagliardone Iginio (2015). Mapping and Analysing Hate Speech Online. SSRN Electronic Journal . p:9-10. https://papers.ssrn.com/sol3/papers.cfm?abstract_id=2601792

Goffman E. (1963). Stigma: Notes on the management of spoiled identity. Prentice-Hall, Englewood Cliffs. United States of America.

Green Gill. (2009). The End of Stigma? Changes in the social experience of long-term illness. First Published. Routledge Taylor & Francis Group. London and New York.

Guedes, E., Sancassiani, F., Carta, M. G., Campos, C., Machado, S., King, A. L. S., & Nardi, A. E. (2016). Internet addiction and excessive social networks use: What about Facebook? Clinical Practice and Epidemiology in Mental Health: CP & EMH, 12, 43-48. 

Herz, Michael, and Peter Molnar (2012), The Content and Context of Hate Speech: Rethinking Regulation and Responses, Cambridge, New York: Cambridge University Press.

Howard, P. N., and Hussain, M. M. (2013). Democracy’s Fourth Wave? Digital Media and the Arab Spring. New York, USA: Oxford University Press.

Jackman, M. R. (2002). Violence in Social Life. Annual Review of Sociology, 28, 387–415. http://www.jstor.org/stable/3069247

Jay, T. (1992). Cursing in America a psycholinguistic study of dirty language in the courts, in the movies, in the schoolyards and on the streets. Philadelphia: J. Benjamins Pub. Co.

Jay, T. (2009). The Utility and Ubiquity of Taboo Words. Perspectives on Psychological Science, 4(2), 153–161. https://doi.org/10.1111/j.1745-6924.2009.01115.x

Kaplan, A. M., and Haenlein, M. (2010). Users of the world, unite! The challenges and opportunities of Social Media. Bussiness Horizons , 53 (1), 59-68.

Kozinets, R, V., Earley, A., & Dolbec, P.-Y. (2013). Netnographic Analysis: Understanding Culture Through Social Media Data. The SAGE Handbook of Qualitative Data Analysis (pp. 262–276). SAGE Publications, Limited. https://doi.org/10.4135/9781446282243.n18

Kozinets, R. (2017). Netnography: Radical participative understanding for a networked communications society. The SAGE handbook of qualitative research in psychology, 374.

Kozinets, R. V. (2002). The Field behind the Screen: Using Netnography for Marketing Research in Online Communities. Journal of Marketing Research, 39(1), 61–72. http://www.jstor.org/stable/1558584

Kumar Ritesh (2020). Verbal Aggression on Social Media: How, Why And Its Automatic Identification.{Online}. Last accessed 17 September 2022 at: https://www.academia.edu/46610471/VERBAL_AGGRESSION_ON_SOCIAL_MEDIA_HOW_WHY_AND_ITS_AUTOMATIC_IDENTIFICATION

Kusow Adil M. (2015). Stigma. {Online}. Last accessed 23 December 2022 at: https://doi.org/10.1002/9781118663202.wberen316 

Machin, D., & Mayr, A. (2012). How to do critical discourse analysis: A Multimodal Introduction. Los Angeles: Sage.

Mertens, Donna. M. (2010). Research and evaluation in education and psychology: Integrating diversity with quantitative, qualitative, and mixed methods. 3rd edition. Sage publications. London.

Mohammad, M. (2020). Social Media and Democratization in Iraqi Kurdistan. Lexington Books.

Nardi, A. E. (2016). Internet addiction and excessive social networks use: What about Facebook? Clinical Practice and Epidemiology in Mental Health: CP & EMH, 12, 43-48.

Paasch-Colberg, S., Strippel, C., Trebbe, J., & Emmer, M. (2021). From insult to hate speech: Mapping offensive language in German user comments on immigration. Media and Communication, 9(1), 171-180.

Snowdon, & Eklund. K, L. (2021). A Critical Discourse Analysis of Representations of Travellers in Public Policies in Ireland. Societies (Basel, Switzerland), 11(1), 14–. https://doi.org/10.3390/soc11010014

Steinmetz, S.K., (1999). Sociological theories of violence. In Handbook of Psychological Approaches with Violent Offenders (pp. 13-38). Springer, Boston, MA.

Stemler, Steve (2001) "An overview of content analysis," Practical Assessment, Research, and Evaluation: Vol. 7, Article 17. DOI: https://doi.org/10.7275/z6fm-2e34

Sternberg, R. J. (2003). A duplex theory of hate: Development and application to terrorism, massacres, and genocide. Review of General Psychology, 7(3), 299–328.

Sternberg, R. J. & Sternberg, K. (2008). The nature of Hate. 1st published. Cambridge university press. Cambridge. UK.

Tannen, D., Hamilton, H. E., & Schiffrin, D. (2015). The handbook of discourse analysis (Vol. 1). John Wiley & Sons, Inc.

Tontodimamma, A., Nissi, E., Sarra, A., & Fontanella, L. (2020). Thirty years of research into hate speech: topics of interest and their evolution. Scientometrics, 126(1), 157–179. https://doi.org/10.1007/s11192-020-03737-6

Tuckness Alex (2005). Locke’s political philosophy. {online}. Last accessed 17 December 2021 at: https://plato.stanford.edu/entries/locke-political/

United Nations (2020). United Nations Strategy and Plan of Action on Hate Speech{Online} Last accessed 02.02.2022 at:https://www.un.org/en/genocideprevention/documents/UN%20Strategy%20and%20PoA%20on%20Hate%20Speech_Guidance%20on%20Addressing%20in%20field.pdf

United Nations (2023). International Women's Day
8 March
. {Online}. Last accessed 22 June 2023 at: https://www.un.org/en/observances/womens-day/background#:~:text=International%20Women%27s%20Day%20is%20celebrated,%2C%20cultural%2C%20economic%20or%20political.

van Dijk, T. A. (1997). What is political discourse analysis? Political linguistics, ed. By Jan Blommaert and Chris Bulcean, 11–52. Amsterdam: John Benjamins.

Walby, S. (2013) ‘Violence and society: Introduction to an emerging field of sociology’, Current Sociology, 61(2), pp. 95–111. Doi: 10.1177/0011392112456478.

Waluati Triana, H., Sastra, G., & Reflinaldi. (2019). ‘Social Practice In Facebook: Critical Discourse Analysis In The Process of Text Production’. Proceeding of The 4th International Seminar on Linguistics (ISOL-4), pp. 105–10. Sciendo: Warsaw, Poland. DOI: 10.2478/9783110680027-015

Waseem Zeerak, Thomas Davidson, Dana Warmsley, And Ingmar Weber. (2017). Understanding Abuse: A Typology of Abusive Language Detection Subtasks. In Proceedings of The First Workshop on Abusive Language Online. Association For Computational Linguistics. Pages 78–84.


 

 

 

 

 

 

 

 

پاشکۆییەکان

پاشکۆی (ا)

 

پێوەری توندێتی ڕق دەربڕین لە لایەن بابەک بەهادۆر Babak Bahador (2021)

ڕەنگ

ناونیشان

وەسف

نموونە

 

٦. مردن

ئاماژەیە بۆ توندوتیژییەکی وشەیی کە کوشندەییە کە لەسەر بنەمای کردەوەکانی ڕابردوو\ئێستا\ داهاتووی گروپێک بونیاد دەنرێ

خۆی لە فۆرمی لەناوبردن و کوشتنی تاکەکە، یاخود گروپەکە دەبینێتەوە

 

٥. توندوتیژی

وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو فۆرمانەی ڕق دەربڕین کەخۆی لە توندوتیژیدا دەبینێتەوە، و نوێنەرایەتی پۆلێکی خراپی قسەی ڕقاوی دەکات، چونکە ڕاستەوخۆ ئاماژەن بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی وشەیی دژی گروپەکە، کە ناکوشندەییە لە ڕووی فیزیکییەوە، لە کاتێکدا کە ئەم جۆرە توندوتیژییە وشەییە بە دلنیاییەوە دەکرێ پالپشت و پاساوی بەجێبێت بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی زیاتر

ئازاردان، دەستدرێژیکردن، برسیکردن، تالانکردن و تەنانەت ئەشکەنجەدانی گروپەکە

 

٤.بەشەیتانیکردن و لە مرۆڤداماڵین

ئاماژەیە بۆ بە شەیتانیکردن و لە مرۆڤداماڵین، ئەم پۆلە لە ڕق دەربڕین خۆی لەو دەربڕینانەدا دەبینێتەوە کە مرۆڤ لە مرۆڤبوون دادەمالێت و وەک شەیتان وێنای دەکات

وەک بەراز، مشک، مەیموون، هەروەها نەخۆشی شێرپەنجە میکرۆب و تەنانەت وەک ئەهریمەن و ڕۆبۆت و نازی لێیان دەڕوانرێت

 

٣. کاراکتەری نەرێنی

ئاماژەیە بۆ کارەکتەری نەرێنی کە زیاتر خۆی لە سوکایەتی پێکردندا دەبینێتەوە، ئەم پۆلەی قسەی ڕق لە پۆلی دووەم چڕتر و خراپترە، چونکە لە دەربڕینەکان دا وا نیشان دەدرێت نەرێنێتی بەشێکی بنەرەتی و سروشتی کەسەکە، یاخود گروپەکەیە، و کەمتر دەرفەتی ئەوە هەیە کە گۆڕانکاری لە سروشتی گروپەکەدا ڕوبدات

گەمژە، دەستدرێژیکەر، ساختە و شێت

 

٢. کردە نەرێنیەکان

ئاماژەیە بۆ کردەی نەرێنی ناتوندوتیژ، وەک ئاماژەیەک بەو ئاخاوتنانەی کە ناکردەیین

شکستخواردون، هەرەشەکردن، ڕەفتاری توڕەیی، مامەلەی خراپ، نامۆکردن، و هیواخواستن بە شکستیان

 

١. ناکۆکی

زیاتر ئەم ناکۆکییە خۆی لە ئاستی بیرۆکە، عەقلی، دەروونی دا دەبینێتەوە وەک تەحەدیەک بۆ رازیکردن، و گۆڕینی ئیدیا و بیروباوەری کەسەکە یاخود گروپەکە، بە واتایەکی دیکە دژایەتیکردنی دیدگا و ئایدیۆلۆژیای گروپێکی تایبەتە

درۆ، ناڕاست، تەحەدا، ڕازیکردن، گۆڕینی بیرکردنەوە

 

 

پاشکۆی (ب)

پۆستی یەکەم وەرگیراوە لە:

https://www.facebook.com/watch/?v=706120687271589

پۆستی دووەم وەرگیراوە لە:

https://m.facebook.com/photo?fbid=765461221608839&set=a.293180712170228

پۆستی سێیەم وەرگیراوە لە:

https://www.facebook.com/chawdernews/posts/pfbid0HduYt8mVMtvyTy2ciEWbs5qmAgdgrWSG2S3LJUNY5pwQuKNYpA8ez3fbJ6UUm6p1l

پۆستی چوارەم وەرگیراوە لە:

https://www.facebook.com/watch/?v=2429501773955776

پۆستی پێنجەم وەرگیراوە لە:

https://www.facebook.com/xendanlife/posts/pfbid0jmXPSkymGxmNhdT2SA71uMuHLt9oPYVDQAVJEg51i8eKHFVLV5sesLijbUELGATPl

 

 

 

 

 

 

العنف اللفظي وخطاب الكراهية المتعلق بقضايا المرأة على شبكات التواصل الاجتماعي

"تعليقات الفيسبوك كمثال"

الملخص:

هذا البحث هو محاولة لرؤية العنف اللفظي والتعبير عن الكراهية في شبكات التواصل الإجتماعي حول المسائل المتعلقة بالمرأة في أقليم كوردستان. يهدف البحث الى فهم كيفية إستخدام العنف اللفظي والتعبير عن الكراهية لدى مستخدمي وسائل التواصل الإجتماعي وتحديدا شبكة التواصل الإجتماعي الفيسبوك تجاه المسائل المتعلقة بالمرأة. تم أستخدام المنهج المختلط وتطبيق المنهج النيتنوغرافي ومنهج التحليل النقدي للخطاب وتحليل المحتوى. وقد تم تحليل خمسة منشورات من الفيسبوك، و 100 تعليقا لكل منشور تم أختيارهم عشوائيا عبر منصة Export comments. تكمن أهمية هذا البحث في كونه محاولة علمية لفهم كيفية إستخدام لغة العنف والكراهية لدى مستخدمي شبكة التواصل الإجتماعي الفيسبوك تجاه القضايا المتعلقة بالمراة. وفي النتيجة تبين أن العنف اللفظي والكراهية يستخدم وبنسبة كبيرة جدا تجاه القضايا المتعلقة بالمرأة لدى مستخدمي شبكة التواصل الإجتماعي الفيسبوك. إضافة الى تحصيل معرفة علمية حول فهم طبيعة أستخدام لغة العنف والكراهية عبر أستخدام النظريات المتعلقة.

الكلمات المفتاحية: التواصل الاجتماعي، الفيسبوك، العنف اللفظي، خطاب الكراهية.

 

 

VERBAL VIOLENCE AND HATE SPEECH RELATED TO WOMEN'S ISSUES ON SOCIAL NETWORKS

"FACEBOOK COMMENTS AS AN EXAMPLE"

ABSTRACT

This research endeavor seeks to examine instances of verbal aggression and hate speech within social networks pertaining to women’s concerns in Kurdistan Region. The primary objective is to comprehend the utilization of such aggressive language and hate speech among social media users, particularly on Facebook, in the context of women’s issues. The study employs a mixed methods approach, utilizing a combination of netnography methodology, critical discourse analysis techniques, and content analysis. Five prominent Facebook posts were selected as the sample, with 100 comments randomly extracted from each post using the ExportComments website. This study’s significance is rooted in its scholarly pursuit to gain insights into the prevalence of hostile and disparaging language employed by Facebook users discussing women’s topics. The findings underscore a substantial prevalence of verbal aggression and hate speech directed at women’s matters on the platform. Moreover, this study contributes to the scholarly understanding of the underlying patterns of the employing of harsh language and hate speech, drawing on relevant theoretical frameworks.

KEYWORDS: Social Networking, Facebook, Verbal Violence, Hate Speech.

 

 



* ڤەکولەرێ بەرپرس.

This is an open access under a CC BY-NC-SA 4.0 license (https://creativecommons.org/licenses/by-nc-sa/4.0/)