ڕەنگدانەوەی مێژووی میرانی کورد له شیعری حاجی قادری کۆییدا

یەدوڵڵا پەشابادی

بەشی زمان و ئەدەبی کوردی/توێژینگەی کوردستانناسی- زانکۆی کوردستان (سنە) /ئیران

 تاريخ الاستلام: 04/2023           تاريخ القبول: 05/2023    تاريخ النشر: 09/2023  https://doi.org/10.26436/hjuoz.2023.11.3.1338

پۆختە:

حاجی قادری کۆیی (١٨١٧-١٨٩٧) وەکوو شاعیرێکی نەتەوەیی و ڕۆشنبیر له نێو بازنەی ئەدەبی کوردی له سەدەی نۆزدەدا، گرنگایەتییەکی زۆری به مێژوو و وێژه و زانست داوه. له نیوەی دووهەمی تەمەنی ئەدەبی و فیکریی خۆیدا ئاوڕی له زانیاران و میران و شاعیران و ناودارانی کورد داوەتەوه و خاڵە گرنگەکانی کارنامەیانی به کورتی تۆمارکردووه. ئەم لێکۆڵینەوەیه به شێوازی وەسفی-شیکاری دەیهەوێ ئاماژه و لایەنه مێژووییەکانی پەیوەندیدار به ماڵەمیرانی کوردەوه له شیعری حاجی قادردا لێکبداتەوه و به هەڵێنجان و دەرخستنی نموونە شیعرەکانی، دەست بداتە بەراوردکارییەکی زانستی لەگەڵ ئەوەیدا که لە سەرچاوە مێژووییەکانی وەکوو شەرەفنامەدا هاتووه. بەو نیازەی بتوانێ هەندێک له سەرچاوەکانی فیکر و هزری قووڵی حاجی بدۆزێتەوه. حاجی قادر جگە له لایەنی ئەدەبی و هونەری که یەکێک له ڕەهەندەکانی شیعری ئەم شاعیرەیه، بۆ هەر بوارێک له مێژووی میران و تۆمارکردنی ناو و یادی شاعیران و گەورە مرۆڤانی کورد هەوڵی­داوە و تایبەتمەندییەکی گرنگی ئەو میر و شاعیر و ئەدیبانەی تۆمارکردووه. له گرنگترین ئاکامەکانی ئەم توێژینەوەیه دەتوانین پەنجه بۆ ئەوە ڕابکێشین که کتێبی شەرەفنامەی بەدلیسی و هەندێ له دەسنووسەکانی تر، له کەنار ڕۆژنامە و گۆڤاری تورکی و ئەورووپیدا که له ئەستەمووڵ دەستی کەوتووه، سەرچاوەی ڕۆشنبیری و ئاگاداریی بوون و توانیویەتی زۆرێک له بارودۆخی سەردەم و ناوونیشانی میران له شیعری خۆیدا به چاوێکی ڕەخنەگرانەوه تۆماربکات.

په‌يڤێن سه‌ره‌كى: حاجی قادری کۆیی، مێژوو، میرانی کورد، میرانی کورد، شیکاریی بەراوردکارانه.


1- پێشەکی

خوێندنەوەی بەرهەمی گشتیی گەلێک، لەگەڵ داب­ودەستوور و یاسا و ڕێسا و پاشخوانی هزری و مێژوویی ئەو گەلەدا سیمایەکی بەربڵاوی ئەو گەلەمان پێ­دەنوێنێت. ئەدەب بەتایبەت ئەدەبی پێبەند به گەل و نیشتمان (الأدب المتزم/الأدب المتعهد) زیاتر ئەم ڕەنگ و بۆنه وەردەگرێت و زێدەتر ئەو ئەرکه جێبەجێ دەکات. له بەستێنی ئەدەبێکی وەهادا دەتوانین چاوێک بخشێنین به سەر دەورانگەلی مێژوویی و هەوراز و نشێوگەلی ڕابردووی گەلدا. لەم چاوخشاندنەدا کەند و کۆسپ و بەرهەڵست و کزی و گەشەی گەل و هۆز و نیشتمانمان بۆ ڕوون دەبێتەوه. له پاش ئەو ڕوون بوونەوەیە بۆمان هەیه دەرسی عیبرەت وەربگرین و خاڵه لاوازەکان بگوێزینەوه بۆ زێدەکردنی خاڵە بەهێزەکان و کەموکووڕی و ناتەواوییەکانی ڕەوتی شارستانیەت و پڕاوپڕبوونەوەی گەل و نیشتمان و لەو ڕێگایەوه مایەی هێز و دەسەڵات و پێشکەوتنی زیاتر دابین بکەین. ناوبانگ­دەرکردنی حاجی قادر وەکوو شاعیرێکی نیشتمانی پێشینەیەکی دوورودرێژی هەیه (بڕوانه: سەجادی، ١٣٩٥: ٣٣٤).

حاجی قادری کۆیی ئاوێنەیەکی فەرهەنگی و مێژوویی و سیاسی و تەنانەت ئابووریشی له سەدەی نۆزدەدا ئامادە کردووه بۆمان. کاتێک لەم ئاوێنەدا ڕابردوو و بارودۆخ و ئاستی هزر و ڕۆشنبیری و تێگەیشتنی گەل سەیر دەکەین، پەی به زیرەکی و تیژباڵیی بیر و ڕوانینی ئەم شاعیره ئاگایە دەبەین. شیعر له سەردەمی حاجیدا بووبووه چەکێک بۆ بەرگری له فەوتان و لەناوچوون (حەداد، ٢٠٠٤: ١٥٢)؛ به هۆی ئەوەی که ئمپراتووریی عوسمانی بڕیاری کۆکردنەوە و لابردنی میرنشینە کوردییەکانی دا، هەستی کزی و کەوتنه پەراوێزەوه، باڵی بە سەر زمان و فەرهەنگ و ئەدەبیشدا کێشا.

حاجی قادر هەم وەکوو شاعیرێکی نیشتمان­پەروەر و کوردپەروەر و هەم له چەشنی زانا و سیاسەتوانێکی دڵسۆز دەناسرێت (خەزنەدار، ٢٠٠٤: ٤/١٢٨). حاجی قادر بەرامبەر به داگیرکەران هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرای هەبووه و داوای پێکهێنانی قەبارەیەکی دیار و بوونێکی ڕاستەقینەی کردووه (دلێر، ١٩٩٨: ١٨٧). به خوێندنەوەی شیعری حاجی جگە لەوانه زۆر بابەت و لایەنی مێژوویی و فەرهەنگی و نەتەوەییمان بۆ ڕوون دەبێتەوه که له نێویاندا لایەنی مێژوویی؛ به مێژووی میری و مێژووی ئەدەبیشەوه دوو ڕەهەندی ئەم بابەتەیه که لەم کورته لێکۆڵینەوەیەدا ئاوڕێک له یەکەمیان دەدەینەوه.

1-1. شرۆڤەی بابەت و پرسیارە سەرەکییەکانی لێکۆڵینەوه

لەم وتارەدا دەمانەوێ به لێکۆڵینەوه و لێکدانەوەی شیکارانه لەسەر بنەمای شێوازی تەوسیفی-شیکاری ئاماژە مێژووییەکانی نێو شیعرەکانی حاجی قادر شرۆڤە بکەین. بۆ ئەم مەبەسته سەرەتا به خوێندنەوەی شیعرەکانی حاجی سەرجەم گەواهـ و شایەته شیعرییەکانیمان هەڵهێنجاوه و ئینجا به ڕاڤه و بەراوردکاری لەگەڵ داکەوتی مێژووییدا شرۆڤەمان کردوون تا بزانین حاجی قادر لە چ لایەنگەلێکەوه ئاوڕی له مێژووی میرانی کورد داوەتەوه و چ تایبەتمەندی و چ ڕەهەندێکی بۆ گرنگ بووه. تەنانەت بەو نیازەی بەڵکوو بتوانین هەندێ له سەرچاوەکانی ڕۆشنبیری و تێگەیشتنی حاجی له بەستێنی مێژوودا بدۆزینەوه.

1-2. پێشینەی لێکۆڵینەوه

لێکۆڵینەوه و توێژینەوه سەبارەت به خودی حاجی قادری کۆیی و شیعری، وە نەبێ کارێکی تازەبابەت و بێ ڕچە بێت. حاجی قادر لەو کەسایەتی و کۆڵەکەگەلەی ئەدەبی کوردییه که له زۆر لایەن و به زۆر بۆنەوه ئاوڕی لێ دراوەتەوه و کتێب و وتار و لێدوان و بابەت و تێزی لەسەر نووسراوه و هۆی سەرسوڕمانی زۆر لێزان و لێکۆڵەر له جوغرافیای کوردستان و له ئاستی جیهانیشدا بووه. له یەکەم ڕۆژنامەی کوردییەوه (کوردستان-قاهیره) تاکوو ئێستاکەش نموونە شیعر و بابەتی سەبارەت به حاجی ڕازێنەری لاپەڕەکان و کۆڕ و کۆبوونەوەکان بووه. جگە لە پێشەکییەکانی سەرجەم چاپەکانی دیوانەکەی و جگه له ئەوەی له کتێبەکانی مێژووی ئەدەبدا سەبارەت به حاجی هاتووه، هەندێ کتێب و وتار لەم بوارەدا شیاوی ئاماژەن:

ڕەنگه وەکوو یەکەمین بابەتی نووسراو سەبارەت به حاجی ئەو بەشه بێ که ڕەفیق حیلمی له کتێبە بەنرخەکە خۆی شیعر و ئەدەبیاتی کوردیدا نووسیویه که بەرگی یەکەمی که حاجی قادریش دەگرێتەوه له ساڵی ١٩٤١ له بەغدا چاپ بووه. حیلمی به «بولبولی نیشتمان­پەروەری کورد» ناوزەدی دەکات (حیلمی، ٢٠١٠: ٨٧). به ڕای حیلمی هەوای نیشتمان­پەروەری هەر له مناڵییەوه کەتۆته سەر حاجی و به هاوتای نامیق کەماڵ شاعیری وەتەنپەروەری تورکی دادەنێت (حیلمی، ٢٠١٠: ٨٧). هەروەها جەختی لەسەر شارەزایی حاجی به نیسبەتی مێژووی کورد و میرومەزنانی کردووه (حیلمی، ٢٠١٠: ٨٩). دوای ئەوه لێکۆڵینەوەی دیکه سەبارەت به حاجی ڕەنگه کورتە وتارێک بێت که محەمەدتەوفیق وردی له ساڵی ١٩٤٤دا له ژێر ناونیشانی «دۆزینەوەی گەنجینەیەک» له گۆڤاری گەلاوێژدا، وێڕای چەند شیعرێکی تازەدۆزراوەی حاجی، چەند خاڵێکی زۆر کورتی تێدا نووسیوه. محەمەدی مەلاکەریم دوو کتێبی لەم بوارەدا پێشکەش کردووه؛ یەکەمیان حاجی قادر شاعیری قۆناغێکی نوێیه له ژیانی نەتەوەی کورد (١٩٦٠) که لێکدانەوەیەکی ورد و شیکارییەکی بەپێزی هەندێ بابەته له شیعرەکانی حاجیدا، وەکوو «حاجی و زەبانی کوردی» (ل. ٢٤)، «شیعر لای حاج» (ل. ٤٣)، «گەل و نیشتمان­پەروەەری و هەستی نەتەوایەتیی حاجی» (ل.٧١)». کتێبەکەی تری به ناونیشانی هەنگاوێکی تر به ڕێگادا بەرەو ساغکردنەوەی دیوانی حاجی قادری کۆیی(١٩٨٩)، گەرچی زۆرتر بۆ بۆچوون و تێبینییەکانی خۆی سەبارەت به شێوە خوێندنەوەی هەندێ وشه و جیاوازیی دەسخەتەکانی شیعری حاجی تەرخانی کردووه، بەڵام له دوو توێیدا هەندێ کورتە ئاماژەی به گرنگیی میران و ئاوڕدانەوەی حاجی لە باسی مێژوویی خستۆته نێو وتەکانی خۆیەوه. بێ گومان لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەلتر و هەمەلایەنتر به دەستی مەسعوود محەمەد نووسراوه که له سێ بەرگدا به ناوی حاجی قادری کۆیی له ساڵانی ١٩٧٤ هەتا ١٩٨٤ بەم لاوە پێشکەشی کردوون. شیاوی ئاماژەیه که خالید دلێر (١٩٩٨) وەکوو پاشکۆیەک بۆ کارەکەی مەسعوود محەمەد کتێبێکی به ناو ستەمکردن له حاجی قادری کۆیی تاوانه ئاراستە کردووه که زۆر ڕەخنەی جیددیی لەو کاره گرتووه. مەریوان وریا قانع جگه لەوەی که تێزی دوکتۆراکەی له سەر حاجی قادره، له چەند شوێندا نووسینی سەبارەت به حاجی ئاراسته کردووه که یەکێکیان وتارێکه له ژێر ناونیشانی «مەنفای کورد له نێوان سێ نەوە و سێ ئەزموونی مانا جیاوازدا» و ساڵی ٢٠٠١ نووسیویەتی. گرنگترین خاڵی ئەم نووسینەی مەریوان پەیوەندیداره به جێگەوپێگەی شوێن بەتایبەت نیشتمان و هەستی شاعیر بەرامبەر بەم چەمکەوە. ڕێبوار سیوەیلیش له کتێبی حاجی قادر (٢٠١٦)دا دیاردەی کات و شوێن و دەرکەوتە و کاریگەریی ئەم دوو دیاردەیەی له شیعری حاجی قادردا له ڕوانگەیەکی فەلسەفییانەوه شی­کردۆتەوه. وەک دەردەکەوێ ئەم لێکۆڵینەوەیەی بەردەست چڕدەبێتەوه بە سەر کۆکردنەوەی زانیارییەکانی پرژوبڵاوی نێو شیعری حاجی لەمەڕ میران و گەورەماڵانی پێشینەوه که بە شێوەیەکی تەکووز و یەکجێ لەو لێکۆڵینەوە ناوبراوانەدا نابینرێت.

1-3. ئامانج و شێوەی لێکۆڵینەوه

ئامانجی سەرەکیی ئەم لێکۆڵینەوەیه که به شێوەی وەسفی-شیکاری ئەنجام دەدرێت، خستنه پێش چاو و دیاری کردنی زانیاری و ئاماژەکانی حاجی و لێکدانەوەی فەرهەنگ و سیمای کورده لە بەستێنی میر و حاکماندا بەو شێوەی که له شیعری حاجی قادردا دەرکەوتووه.

2- تەوەری باس

هیچ گومانێکی تێدا نییه که حاجی قادر دڵسۆز و خەمخۆری ڕاستەقینەی خاک و زێد و زمان و فەرهەنگ و کەلەپووری خۆی بووه و تەواوی ژیان و مانی بۆ ئەم ئامانجه تەرخان کردووه. وەک دەڵێن له پێناو خزمەت کردن به میللەتی خۆیدا له پێشەنگی ئەو شاعیر و قەڵەم­بەستانەوەیه که شیعریان له ڕێی قازانجی گەل و نیشتماندا بەکارهێناوە (الصویرکی الکردی، 2008: 2/٨). هەر بۆیەیه که خۆی جەخت دەکاتە سەر ئەوەی که چیدی بۆ ئاگادارکردنەوه و ڕێ نیشان دان کارێک نەماوه نەیکا:


 

قوڕی کوێ کەم بە سەر خۆما له غوربەت!

 

خەوم نایێ له داخی موڵک و میللەت

 

 

(کۆیی، ١٣٩٠: ٢٢٧)

ەینی ئەم بە تەنگ­هاتنەی جارێکی تر دەربڕیوە و گەرچی زەن دەکا که بەهرەی نابێ بەڵام بەڵێن دەدا که دەست له چاکەبێژی و ڕێنوێنیی خەڵک هەڵنەگرێت:

قوڕی کام جێ بکەم بە سەر خۆدا!

ئەمه لێم بوویته عیللەتی سەودا

به قسەی چاکه دەستیان دەگرم

تەرکی ناکەم به لۆمه تا دەمرم

(کۆیی، ١٣٩٠: ١٩٦)


باسی مێژوو و فەرهەنگ و بنەماڵەی میران یەکێ له گرنگترین بابەتەکانی شیعری حاجی قادره که ناوەناوه له شیعرەکانیدا پرشەی داوەتەوه. به پێی گێڕانەوە و بۆچوونی هەندێ له لێکۆڵەران (بڕوانه: محەمەد، ١٩٧٣: ٦٧) کەم وا هەیه حاجی قادر به نیسبەتی ڕووداو یا هەواڵێکی پەیوەندیدار به میرنشینان و بەتایبەت بابانەوه کەمتەرخەم بووبێت. له ڕوانگەی حاجییەوه کوردستان پێش له دەست­بەسەراگرتنی حکوومەته زۆرکارەکانی دەوروپشتی، خاوەن قەوارەیەکی دیاریکراوی سیاسیی بووه (مەلاکەریم، ١٣٩٩: ٧٦). حاجی به شێوەیەکی جیددی گرنگیی بەم بابەت داوە و گوتارێکی بۆ خۆی پێکهێناوه. گوتاری نەتەوەخوازیی حاجی قادر له ژیانی ڕۆشنبیری و شاعیرێتیی خۆیدا له سێ قۆناغدا دەرکەوتووه که ئەو سێ قۆناغه له بەستێنی سێ چەشنی ئەدەبیی غەزەڵ و قەسیده و جووتسەروادا ڕەنگی­داوەتەوه (Yaqoobi, 2019: 182). لەو سەردەمەدا نەهامەت و پەشێویی حاڵی کوردستان له چاوی حاجییەوه به هۆی نەبوونی ئەو قەوارە سیاسی و حوکمه خۆماڵییەوە بووه (مەلاکەریم، ١٣٩٩: ٧٨). حاجی زۆر هەوڵی داوه که میرایەتی و سەربەخۆیی هەر بمێنێت و تەنانەت بنەماکانی ئەو چەمکەشی دیاری کردووه که دوانیان «شیر» و «قەڵەم»ه. ئەوی شیاوی سەرنجه ئەوەیه که قەڵەم و شیر له بیر و هزری حاجیدا دوانە و تەواوکەری یەکترن (سیوەیلی، ٢٠١٦: ٢٦٣) بەتایبەت له پێناو پێکهێنانی ئەو ئامانجە مەزنەدا ئەو دوو ئامرازه بەلایەوه هۆکاری سەرکەوتن و مان و ژیانن. بەڵام مخابن دەڵێ:


 

 

شیر و قەڵەم شەریکن لەم عەسرەدا، درێغا

شیرم قەڵەمتراشە و کالانییە قەڵەمدان!

  (کۆیی، ١٣٩٠: ٩٨)

دیسان لەسەر ئەم مەبەسته جەخت­دەکاتەوه:

به شیر و خامه دەوڵەت
 پایەداره

 

ئەمن خامەم هەیه شیر نادیاره

(کۆیی، ١٣٩٠: ٢٥١)


حاجی خۆی له باری هزری و تیۆرییەوه بۆ پێکهێنانی ئەو مەبەسته ئامادەیه، کەچی مەیدانی ڕەهەندی چەکدارییەکەی خاڵی دەبینێت.

2-1. ناونیشانی پەیوەندیدار به حاکمان و میرانی کورد له شیعری حاجیدا

له خوێندنەوەی ڕەخنەگرانەی شیعری حاجی قادر له بواری ئەم بابەتەوه، دەبێ ئاماژە بەوەی بکەین که ناونیشان و تایبەتمەندیی تاقمێک له میرانی کورد له شیعری حاجیدا تۆمار کراون. دیارترین شیعری حاجی که ئەم سەردێڕەی تێدا هاتبێ، شیعری: «حاکم و میرەکانی کوردستان/هەر لە بۆتانەوە هەتا بابان»ه (کۆیی، ١٣٩٠: ٢١٢) که هەندێ له بابەتی سەبارەت به ئەم دوو میرنشینەی خستۆته ڕوو. شیاوی شرۆڤەیه که له شیعری حاجیدا بۆتان و جزیر پەیوەستن پێکەوه؛ واته میرنشینێک به ناو میرنشینی جزیروبۆتان له شیعری حاجیدا شوناسی هەیه. ئینجا که جزیر یا بۆتان بە تەنیا دێت، هەر هەمان چەمک دەگرێتەوه. له ئەم شیعرەدا دوو میرنشینی بۆتان و میرنشینی بابان ڕاستەوخۆ دەرکەوتوون (بۆ زێدەتر شارەزابوون له پێشینه و مێژووی ئەم دوو میرنشینه بڕوانه: بدلیسی، ٢٠٠٦: ٣١-٣٢ و ٣٥٧-٣٦٥). میرنشینی بۆتان له شیعرێکی تریدا به شێوەی «میری جزیروبۆتان» (کۆیی، ١٣٩٠: ٩٦) هاتووه. له میرنشینی جزیروبۆتاندا ئەدیب و شاعیری زۆر هەڵکەوتوون؛ شاعیرانی وەکوو عەلی حەریری و مەلای باتەیی و مەلای جزیری و فەقێ تەیران له نێو جوغرافیای شوێن­کاتیی ئەو ئەمارەتەدا ژیاون (أزون، د.ت.: ٩). هەروەها میرنشینی سۆرانیش لەوانەیه که حاجی ئاماژەی پێ­کردووه (بۆ زانیاری له مێژووی کۆنینی ئەم میرنشینه بڕوانه: بدلیسی، ٢٠٠٦: ٣٣٦-٣٥٦):


 

لە مەجمووعی دووەل سۆران و بۆتان

 

لە سایەی ئەم کتێبە ناسراوە

(کۆیی، ١٣٩٠: ١١٨)


شیاوی ئاماژەیه که «ئەم کتێبه» مەبەستی کتێبی مەم­وزینی ئەحمەدی خانییه که له چەند بەیتدا باسی لێوە کردووه. له شیعری «خاکی جزیروبۆتان یەعنی وڵاتی کوردان/سەد حەیف و سەد مخابن، دەیکەن به ئەرمەنستان» (کۆیی، ١٣٩٠: ٩٣)دا، جگه له ناوی میرنشینی جزیروبۆتان (بڕوانه: بدلیسی، ٢٠٠٦: ٣١-٣٢، هەروەها ١٧١-٢٠٩)، ناوی میرنشینی بابان (کۆیی، ١٣٩٠: ٩٦) و میرنشینی ئەردەڵان (به شێوەی والیی سەنەندەج (کۆیی، ١٣٩٠: ٩٦) بۆ ئاگاداری له ڕەگەز و سیمای میرنشینی ئەردەڵان بڕوانه: بدلیسی، ٢٠٠٦: ١٣١-١٤٢)، میرنشینی ڕواندز (به شێوەی بەگزادەی ڕەواندز (کۆیی، ١٣٩٠: ٩٦)) هاتوون. میرنشینی بابان لەم بارەوه له شیعری حاجیدا زۆرترین پاتبوونەوەی بەرکەوتووه؛ بۆ نموونه شیعری شانۆتەوەری «له ڕۆما کەوته بەر چاوم کەسێکی هائیم و حەیران/به هەیئەت تێی­گەییم کورده، بە شێوەی ئەهلی کوردستان» (کۆیی، ١٣٩٠: ١٠٠-١٠٢) یەکسەر له دەوری ئەم میرنشینە دەسووڕێتەوه و تێیدا چەند جارێک ناوی بابان هاتووه. میرنشینی ئەردەڵانیش جارێکی تر به جەخت کردن له سەر نازناوی میریەتی له شیعری حاجیدا هاتووه: «موهەلهەل، ئەردەشێر و دەیسەمی شێر/قوباد و باز و میری ئەردەڵانی» (کۆیی، ١٣٩٠: ١٥٢). حاجی ئاماژەی به میرنشینی کۆیەش کردووه و بەتایبەتی ناوی قۆچ پاشای لێ هێناوه: «له قۆچ پاشاوه تا ئێستا ئەمیرێک/له کۆی پەیدا نەبوو، یاخود وەزیرێک» (کۆیی، ١٣٩٠: ٢٥١). ئاکامی ئەم باسه دەبێته ئەوە که بنەماڵەی میرانی بابان، ئەردەڵان، جزیروبۆتان، سۆران، ڕەواندز و کۆیه له شیعری حاجیدا خراونەته بەر باس و ئاماژە و ڕەهەندێکی داب و شارستانیەتیان باس کراوه. هەروەها هاتنی وشەی «گۆران» له شیعری حاجیدا ڕەنگە هێمایەک بێ بۆ ئەوەی که خەڵکی گۆرانیش سەردەمانێک میرایەتی و فەرمانڕەوایی تایبەت به خۆیان بووه:


 

هەر کە تاجی نایە سەر تەختی لە کوردستان دەبێ

خەرج و پیتاکی لە سەر گۆران و سۆران دادەنێ

 

 

           (کۆیی، ١٣٩٠: ١٨١)


2-2. ئاماژەی جوغرافیایی به میرنشینان

حاجی هەندێ وشەی سەرەکیی بۆ ناساندن و باسکردنی میرانی ئاراسته کردووه که لە دوو توێی ئەم وشەکلیلانەدا ئاقاری جوغرافیایی هەندێ له میرنشینەکان و به گشتی هەندێ ڕووی جوغرافیایی و سنووری وڵاتمان بۆ ڕوون دەبێتەوه؛ وەکوو ئەوەی که له بەیتی «حاکم و میرەکانی کوردستان/هەر له بۆتانەوه هەتا بابان»، له قاڵبی خواستنێکی ئاراستەییدا، باسی جوغرافیاشی تێ ئاخنیوه؛ چونکه کاتێ ئاماژەی «بەرەو»، واته دیاری کردنی لایەنی تێدایه، له زاتی خۆیدا مەبەست و چەمکێکی جوغرافیایی لەخۆگرتووه و دەوروبەری بۆتان هەتا دەوروبەری بابان دەخاته ژێر ئاماژەکەی. جارێکی تر عەینی ئەم سنووردارکردنه له شیعری حاجیدا دەبینین که گەرچی له باسی شاعیراندایه، بەڵام به هەر شێوەیەک جوغرافیای فەرهەنگیی کوردمان بۆ ڕوون دەکاتەوه:


 

ساده هەر ناویان بکەم ئیملا

 

ئەم کتێبه بچووکه  بەش ناکا

هەر له شیرازەوه هەتا بابان

 

پاکی یەک نەزمه پێی دەڵێن گۆران

هەر مووسڵ هەتا حەددی بابان

 

بەیتیان کردووه وەکوو جافان

بەسیه بێ عاری ئەی گەلی خزمان!

 

لەم هەموو بەیتی میللەتی خۆمان

ئەگەر ئێمه و سنه و سولەیمانین

 

ناوی یەکیان به چاکی نازانین

(کۆیی، ١٣٩٠: ٢٢٣)


حاجی لێرەدا باس له زۆربوونی تەنانەت ناوی ئەو کەسانە دەکات که لەم دیوانە شیعرەیدا ناگونجێت. ئینجا سنوور دیاری­دەکات و له گرنگی­نەدان و کەمتەرخەمیی گەلی کورد گلەیی دەکات. شیاوی لێکدانەوەیه که وەکوو چۆن له شەرەفنامەەدا میرشەرەفخان (٢٠٠٦: ٢١) سنوورمان بۆ دیاری دەکات، حاجیش هەر بەو شێوازه له شیرازەوه هێڵێکمان بۆ ڕادەکێشێ که جوغرافیای فەرهەنگیی زمان و وێژەی کوردیمان بۆ نەخش بکات. هاوکات گلەوگازندەشی له خەڵک، خۆشی لەگەڵدا بێ، له بیر ناچێ که ئەو هەموو بەرهەمە ئەدەبییه ناوودەنگێکیان له ناودا نەماوه.

2-3. تایبەتمەندی و وەسفی میرانی کورد

حاجی قادر گەورە و خانەدانی کوردی به ئازا و بەجەرگ و دلێر وەسف کردووه و زۆر جار بێ­زێدەڕۆیی هەندێ لەم تایبەتمەندییانەی له شیعری خۆیدا پاراستووه. وەک چۆن له شیعری شانۆشێوەی «له رۆما کەوته بەر چاوم کەسێکی هائیم و حەیران»دا میران و حاکمانی به «پڵنگ و شێری ئازا» ناوبردووه:

لە پێشا خاکی مە لانەی پڵنگ و شێری ئازا بوو

ئەمێستا مار و مێروو، گورگ و ڕێوی لێی دەکەن سەیران

(کۆیی، ١٣٩٠: ١٠١)

وەسفێکی وەها سەبارەت به میرومەزنانی کورد له شەرەفنامەشدا هاتووه؛ کاتێ له باسی میرانی جزیردا به مەردی و نەبەردی و مەیدانداری و چاپک­سواری ناویان دێنێت (بڕوانه بدلیسی، ٢٠٠٦: ١٧١). چەمکی هێز و دەسەڵاتداری و جەربەزەیی له باسی میرانی بابانیشدا زێدەتر له هەر شوێنێک هاتووه و له باسی ئازایەتیشدا دەڵێن ڕۆستەم له حاندیاندا ناتەوان بووه (هەروەها بڕوانه: هەمان: ٣٥٧). ئەم بەیته له وەسفی حاکمانی جێگری حاکمە کوردەکانیش خاڵی نییه و تایبەتمەندی و خەسڵەتی ئەوانیشی بەدەستەوه داوه. هەروەها ئەوی شیاوی باسه، ئەوەیه که حاجی «ڕابردوو»ەکەی له بیر نەکردووه و جەختی لەسەری کردۆتەوه؛ بەو واتایه که مخابن ئەمێستاکه ئەو بارودۆخه نەماوه و ئەو میر و حاکمانه نەیانتوانی له بەرامبەر ڕەشەبای نەیارانەوه خۆڕابگرن. وەسفی حاجی لێرە سیمای میرنشینی بابان له وەڵامنامەکەی سالم بۆ شیعرنامەکەی نالیمان دێنیتەوە یاد که دەیگوت:


 

لەو ساوه حاکمی، به ستەم دەربەدەر کران

نەیدیوه کەس له چیهرەیی کەس جەوهەری هونەر

(سالم، ٢٠١٥: ١/٣٣٣)

ڕەهەندێکی هێژای وەسفی میران و حاکمان که له شیعری حاجیدا ڕەنگی داوەتەوه، سیمای شادی و خۆشحاڵی بووه که لەوانەوه تەشەنای سەندووه بۆ هەموو خەڵک:

لە وەقتی خۆی هەموو شا بوون، سەراپا بێخەم و شا بوون

 

 

لە جوودا حاتەمی تایی، لە شەڕدا ڕۆستەمی مەیدان

  (کۆیی، ١٣٩٠: ١٠١)


جگه له شابوون و دەسەڵاتداربوون، بەخشس و کەرەم و جەربەزەیی له مەیدانی شەڕدا له تایبەتمەندییەکانی تری ئەو میرومەزنانەیه که حاجی باسی کردوون. ئەم خەسڵەتە له نێو بنەماڵەی میراندا زۆرتر له هەمووان وەپاڵ بابانەکان دراوه و میرشەرەفخان (بدلیسی، ٢٠٠٦: ٣٥٧) حاتەمی تایی له حاند ئەماندا زۆر بێ­دەسەڵات و دەس­قووچاو دەزانێت. هەروەها له شرۆڤەی زێدەتری ئەم بەیتەدا دەتوانین بڵێین که گەشاندنەوه و تەمی خەم ڕەواندنەوه وەکوو خەسڵەتێکی ڕەسەن بۆ میرانی سۆران نێوزەد کراوه (بدلیسی، ٢٠٠٦: ٣٣٨).

تایبەتمەندییەکی تر که حاجی بۆ میرومەزنانی کورد ئاماژەی پێ­دەکات، دین­پارێزی و مافدارییه:


 

حاکم و میرەکانی کوردستان

هەر لە بۆتانەوە هەتا بابان

یەک بە یەک حافیزی شەریعەت بوون

سەییدی قەوم و شێخی میللەت بوون

 

(کۆیی، ١٣٩٠: ٢١٢)

یا وەکوو لەم شیعرەیدا:

سلامُ اللهِ منِّی کلَّ یوم

له ئەسحابانی ساحیب غیرەت و دین

 

(کۆیی، ١٣٩٠: ٢٢٧)

 


که بەم تەوسیفانەوە دەچێتە سەر باس کردن له گەورەکانی کورد. له بەیتی پێشەوەشدا جەختی لە سەر ئەوەش کردووه که هەموو «شەریعەت­پارێز» بوونه. ئەوه له حاڵێکدا بووه که حاکم و میرانی ئمپراتووریی عوسمانی به گورگ و دز و ڕێگر وەسف دەکات و بەم کارەی بەراوردێکی سیفاتی مرۆڤانه و تایبەتمەندیی مرۆڤدۆستی و ئایین­پەروەری له نێو گەلاندا دەکات:


 

موقتەزای ئاب و هەوای خاکی دیاری ڕۆمە

ئەهلی سووتاوی مەیە، بەستەیی ئاوازی نەیە

حاکمی ڕێگری مەعموورەیە، قازیی دزی ڕۆژ

وزەرا و وکەلای گورگە، ڕەعییەت گەلەیە

   (کۆیی، ١٣٩٠: ١٤٦)


حاجی قادر وێڕای لێدوان و باس کردن له میران و میرنشینانی کورد، ڕووی ڕاستینەی دەوڵەتی عوسمانیی خستۆته بەر چاو و پەردەی له سەر کردە دزێوەکانیان هەڵداوەتەوه (بۆرەکەیی، ٢٠٠٨: ٢/٦٢٨؛ هەروەها بۆ ئەم بابەتە له شێعری حاجیدا بڕوانه: کۆیی، ١٣٩٠: ٧٨-٧٩، ١٨٠-١٨٤، ١٩٩). لەم شیعرانەی حاجیدا ئێمه چاومان به بەرزیی ئاستی مرۆڤدۆستی و عەدڵی بنەماڵەی میران بەتایبەت بەرامبەر به خەڵکانی تر ئاشنا دەبێتەوه. ئەڵبەت نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێت که حاجی قادر  بۆ خۆی له نیشتمان­دۆستی و گەل­دۆستیدا له ڕق و ناحەزی به نیسبەتی گەلی باڵادەست بەدووره و نەکەوتۆته داوی ڕەگەزپەرستییەوه (سیوەیلی، ٢٠١٦: ٢٩٢). حاجی زۆر خولیای ئاوەدانیی وڵات و پێشکەوتنی نیشتمانی خواستووه و ئاواتی ئەوەی له دڵدا بووه که نیشتمانەکەی ئەویش به وێنەی پێتەختی عوسمانی واته ئەستەمبووڵ گەشه بکات و پێش­کەوێت (سوبحان، ٢٠١٨: ٩٧).

خاڵێکی تر لەم بابەتە که حاجیش زۆر به لایەوه سەیرە، ئەوەیه که خەڵکی عێراق به کورد و نەکوردیەوه زۆرتر بێگانەپەرستن و به ئاستەم له دەوری کەسایەتییەکی خۆیان کۆدەبنەوه:


عەجەبا بۆ چی ئەهلی موڵکی عێراق

ئیتتیفاقی بەدەل دەکەن بە نیفاق!

بۆ ئەمیرانی غەیرە دەبنە گزیر

نەک لە خۆیان یەکێکی بێتە ئەمیر!

    (کۆیی، ١٣٩٠: ٢٣٤)

شەڕ و پێکدادان و ناتەبایی له نێو ئەو خەڵکەدا شتێکی ئاسایی بووه.

هەیبەت و دەسەڵاتی ماددی و مەعنەویی میرانی کورد بەتایبەت لە هەمبەر کەسانێکەوه که خەڵکیان فریودەدا و قازانجی خۆیان له سەرووی هەموو شتێکەوه دەدیت، تایبەتمەندییەکی تره که له شیعری حاجیدا هاتووه:

حاکم و میرانی کوردستان

هەر له بۆتانەوه هەتا بابان

یەک به یەک حافیزی شەریعەت بوون

سەییدی قەوم و شێخی میللەت بوون

سەیید و شێخەکان لە ترسی ئەوان

مونزەوی بوون و زاکیری ڕەحمان

(کۆیی، ١٣٩٠: ٢١٢-٢١٣)

حاجی لەم بەیتانەدا جەختی لەسەر ئایین­پارێزی و ڕاستی­خوازیی میران و حاکمان دەکاتەوه. سیفەتی سەربەخۆیی میرومەزنانی کورد له شیعری حاجیدا دیاردەیەکی حاشاهەڵنەگره و به داخ­وکەسەرێکی زۆرەوه یادی ئەو ڕۆژانە زیندوو دەکاتەوه:

کوا ئەو دەمەی کە کوردان ئازاد و سەربەخۆ بوون؟

 

 

سوڵتانی موڵک و میللەت، ساحیبی جەیش و عیرفان؟

 

   (کۆیی، ١٣٩٠: ٩٦)

2-4. بنەماکانی میرایەتی

حاجی هەندێ له بنەما و داب­ودەستوورەکانی میرایەتی و مەزنایەتیمان بۆ دیاری دەکات. لەوانه یەکگرتوویی و یەکسانیی هەموو تاکێکی کۆمەڵگایه:

فەرقی نەبێ شوان و جووتیار و میر و گاوان

لەم بەینە ئیتتیفاقێ پەیدا بکەن بە مەردی

بێگانە چاکە دوشمن نەک دوشمنی لە خۆتان

گەر هیچ نەبێ بە ئۆین تابیع بە دەوڵەتێ بن

   (کۆیی، ١٣٩٠: ٩٥)

 

له ڕوانگەی حاجییەوه له هەر بارودۆخێکدا یەکگرتوویی گرنگترین کۆڵەکەی نیشتمان و میللەته:

ئیتتیحادی بە ئیتتیفاقی ئەنام

سوپەرە بۆ حەوادیسی ئەییام

 

 

(کۆیی، ١٣٩٠: ١٩٢)

واته یەکگرتوویی و یەکڕیزیی هەموو خەڵک له هەمبەر ڕووداو و کارەساتەکانی ڕۆژگارەوه، وەکوو قەڵغانە و دەیانپارێزێت. دیسان جەخت لەسەر دەور و گرنگایەتیی ئەو یەکگرتووییە دەکاتەوه و دەڵێ:

بێ ئەگەر دەستی یەکتری بگرن

وەک سکەندەر جیهان هەموو دەگرن

 

(کۆیی، ١٣٩٠: ١٩٢)


حاجی زۆر جار جەختی لەسەر یەکگرتوویی و هاودڵی کردووه؛  بۆیه پێی وایه که گەر کوردان ئەو دۆزه گرنگه ڕادەست بکەن، وەکوو ئەسکەندەری مەقدوونی دەسەڵاتیان هەموو جیهان دەگرێتەوه.

2-5. دوژمنانی میرومەزنان

حاجی وەکوو پزیشکێکی شارەزا و حاڵزان و خۆماڵی دەردێکی تری بۆ دیاری کردووین؛ لەوەیدا که هۆکارێکی کزی و سستیی میرنشینان چی بووه و له کوێوە سەری­هەڵداوه:


 

عولەمامان بە قەولی بێ سەر و پا

پاکی خنکا لە بەحری وشکی هەوا

سەنعەتێک فێر نەبوون لە پاش تەحسیل

سەیری چۆن بۆ مەناهی بوونە دەلیل!

یەک بە یەک بوونە خائینی دەوڵەت

خائینی موڵک و دوشمنی میللەت

 

     (کۆیی، ١٣٩٠: ٢٣٣)


حاجی بۆمان دەگێڕێتەوه که نەزانی و بێ­کاریی زانایان که زۆرتر هەندێ شێخ و مەلای مەبەسته و فێرنەبوونی کار و پیشەیەک، بوو به هۆی کشان بەرەو ڕەزالەت و خراپەکاری و خیانەت به گەل و نیشتمان.

2-6. میرانی بێ­ناونیشان یا ناونیشان­ون

دیاردەیەکی زەق که له شیعری حاجیدا به ڕاشکاوی خۆی دەنوێنێت، داخ و کەسەر دەربڕینه له نەمان و فەوتانی زانیاری و بابەت و زۆر دیاردە و لایەنی فەرهەنگی و مێژوویی و سیاسی و ئەدەبیی کورد. ئەویش بەس لەبەر نەنووسران و تۆمار نەکران بووه. بۆیه لەو شیعرەیدا که به «ئەگەر کوردێک قسەی بابی نەزانی» (کۆیی، ١٣٩٠: ١٥٢) دەست­پێدەکات، هۆکاری ئەم فەوتان و لەناوچوون و بێ­ناونیشان بوونه باس دەکات:


 

کتێب و دەفتەر و تەئریخ و کاغەز

به کوردی گەر بنووسرایه زەبانی

مەلا و شێخ و میر و پادشامان

 هەتا محەشەر دەما ناو و نیشانی

 

(کۆیی، ١٣٩٠: ١٥٢-١٥٣)


لێرەدا زۆر زانایانه حاجی ئەم بابەته دەداتە بەر خەنجەری نەشتەرگەری و شیی­دەکاتەوه. هۆکاری نەمان و فەوتانی میرات و کەلەپوور و زۆر ڕەهەندی مێژووی نیشتمانی و میللیمان بۆ تۆمارنەکران و نەنووسین به زمانی خۆمان دەگەڕێنێتەوه. لەگەڵ ئەوەشدا تانووت دەگرێته ئەو کەسانە، چ خەڵکی ئاسایی و چ میر و حاکمانی کورد (ئەم بابەته شیاوی لێکۆڵینەوەیەکی جیاوازه)، که له هەمبەر زمان و فەرهەنگی خۆیان کەمتەرخەمن و خولیای ڕاگرتن و پاراستنی میراتی باب­وکالیان نییه:


 

    هەر کورده له بەینی کوللی میللەت

بێ بەهره له خوێندن و کیتابەت

بێگانه به تەرجەمەی زەبانی

ئەسراری کتێبی خەڵقی زانی

  یەکسەر عولەما، درشت و وردی

ناخوێننەوه دوو حەرفی کوردی

 

 (کۆیی، ١٣٩٠: ٢٥٧)


له ڕوانگەی حاجییەوه، نووسین و خوێندن به زمانی زگماک دەبێته هۆی سەرفرازی، و ژیان و مانەوەی گەل و کەلەپوور دەستەبەردەکات (بڕوانه: سەجادی، ١٣٩٥: ٣٥٠). لەم نێوەندەدا خەڵکی کورد و میران و مەزنانی کورد له سۆنگەی کەمتەرخەمی و گرنگی­نەدان بەم بابەتەوه لەتمەی زۆریان له خۆیان و کەلەپووریان داوه. بانگێشتی حاجی بۆ بەس کردن و کۆتایی هێنان بەم ڕەوته و وریابوونەوەی جەماوەره. حاجی لەم بوارەدا وەکوو پەیڕەوێکی ئەحمەدی خانی دێتە ئەژمار؛ چونکه حاجی قادر له باری فیکری نەتەوەیی و پێشکەوتوویی سیاسییەوه دوای ئەحمەدی خانی (١٦٥٠-١٧٠٦) به نەفەری دووهەم دادەنرێ و تەنانەت له چەند ڕەهەندیشەوه پێش خانی دەکەوێت (مەلاکەریم، ١٩٨٩: ٣٧٧). نابێ ئەوەش لەبیر بکەین که وەک هەندێ له لێکۆڵەران ئاماژەیان پێ­کردووه (أوزون، د.ت.: ٢٠) حاجی قادر به پڕجۆش­وخرۆشترین پەیڕەوی ئەحمەدی خانی ناوی دەرکردووه.

 له شوێنێکی تردا حاجی دیسان ئەم نەشتەرگەرییه کارناسانەیه دێنێته ئاراوه و پەنجه بۆ هۆکارە سەرەکییەکە ڕادەکێشێ:


ئەم فەسیحانه پاکی بێ­ناون

باعیسی پێت بڵێم: نەنووسراون

 

  (کۆیی، ١٣٩٠: ٢٢٤)

گەرچی ئەمه له باسی شاعیراندا دەردەبڕێ، بەڵام بابەتەکەی هەموو تەوەرێکی فەرهەنگی و مێژووییش دەگرێتەوه. داخ و حەسرەتی حاجی قادر لەم بابەتەوه زۆر بەتینه:

 

گوتی بۆ غوربەت و ڕووتی نییە ئەفغان و هاوارم

لە داخی حاکمی خۆمە، لە شان و شەوکەتی         تورکان

 

(کۆیی، ١٣٩٠: ٢٠٠)


 خاڵێکی تر که حاجی له بیری نەکردووه و شیاوی لێکۆڵینەوەشه، ئەوەیه که کورد بەو هەوموو دەردی نەنووسین و نەخوێندن بە زمانی خۆیەوه، توانیویه تا ڕادەیەکی زۆر ئەو سامان و کەلەپووره دەوڵەمەنده بپارێزێت و هەندێکی بگوێزێتەوه بۆ نەوەکانی دواتر:


 

ئەمه هەر کورده لایقی تەحسین

بێ کتێب و موعەللیم و نووسین

 

(کۆیی، ١٣٩٠: ٢٢٥)


بەڕاستی کامه گەل و هۆز له درێژایی مێژوودا بێ ئەوەی به زمانی خۆی بخوێنێ و بنووسێ، توانیویه تا ئەو ڕادەیه له مێژوودا بمێنێتەوه و له ژێر چەپۆکەسەرێ و تەوژمی لێشاو و تۆفانی ڕۆژگاراندا خۆی ڕابگرێت؟ خاڵێکی گرنگ که له ئاماژەکەی حاجیدا هاتووه و ئەم ڕاستییە ناوازەیەمان بۆ دەسەلمێنێ ئەوەیه که کورد لەم ڕووەوە شیاوی پەسن­دان و ستایش­کردنه.

2-7. میرومەزنانی کوردی به ناوی غەیری کوردەوه زەوتکراو

حاجی قادر سەبارەت به مێژوو و زمان چەند تێبینیی له شیعریدا به جێ­هێشتووه بۆمان. یەکێ ئەوەیه که ناوی کەسانێک به شێوازێک باس دەکا که هەندێ کەس بە کوردی نەزانیون یا مۆرکی کوردبوونیان بەرەو کزی ڕۆیشتبێ:


 

سەلاحەددین و نوورەددینی کوردی

 عەزیزانی جزیر و مووش و وانی

 موهەلهەل، ئەردەشێر و دەیسەمی شێر

قوباد و باز و میری ئەردەلانی

ئەمانە پاکیان کوردن، نیهایەت

لەبەر بێ دەفتەری ون و بوون و فانی

 

(کۆیی، ١٣٩٠: ١٥٢)


جەخت­کردنی حاجی لەسەر کورد بوونی ئەمانه دەتوانێ به دوو هۆکار بووبێت؛ یەک ئەوەی که هەندێ کەس نەیانزانی­بێت که ئەم کەسانه کورد بووبێتن و حاجی بیرئانینێکی بۆ دانابێتن؛ دوو ئەوەی که فەرامۆش کرابێت و بەتایبەت گەلانی تر به ناوی خۆیان یا لانی کەم به ناوی ئیسلامەوه هیندە باسی ئەم کەسانەیان کردبێت که مۆرکی کوردبوونیان بەرەو کزی و نەمان ڕۆیشتبێت. ئەمه نیشان دەدات که حاجی شارەزای سەرچاوه مێژووییە باوەڕپێکراوەکان وەکوو شەرەفنامه بووه (بۆ پشت­ڕاست­کردنەوەی ئەم بابەته بڕوانه: بدلیسی، ٢٠٠٦: ٣٩، ٤١٦). دیسان حاجی نەنووسران و بێ­دەفتەر و دیوان بوونی کورد به هۆکاری سەرەکیی ئەم دەرده دەزانێت.

2-8. میرنشینانی کورد وەکوو کۆڵەکەی مانەوەی دراوسێکان

حاجی قادر هەروەها پەنجەی بۆ بابەتێک ڕاکێشاوه که ڕەنگه له زاتی خۆیدا به چاکه و خاڵێکی بەهێز بناسرێت و بنوێنرێت؛ کەچی کاتێک لێی ورد دەبیتەوه، دیوەکەی تری  نەرێنی و هێمای باوەڕبەخۆنەبوون و بەدەردی خۆ نەخواردن دەدا به دەستەوه. ئەویش کەڵک و فایدەی میرانی کورده بۆ حکوومەتەکانی دەوروبەریان. لەم بارەیەوه دەڵێ:

بە شیر و حیشمەتی کوردە کە ماوە  دەوڵەتی ئێران 

لە ڕیزی زەبر و زەنگی وان کەسێکی تر نەبوو هەرگیز                  

(کۆیی، ١٣٩٠: ١٠١)

 

نەک هەر دەوڵەتی ئێران که لەم بەیتەی حاجیدا ناوی هاتووه، له چەندین سەردەمی هەستیاری مێژووییدا دەوڵەتی عوسمانیش مان و نەمانی بەستەی میرومەزنان و خانەدانی کورد بووه.

3- ئەنجام

به لێکدانەوەی ڕەنگدانەوەی مێژووی میرانی کورد له شیعری حاجی قادردا، دەتوانین له چەند تەوەردا ئەنجامەکەی بخەینە پێش چاو:

· حاجی قادر تا ڕادەیەکی زۆر و به شێوەیەکی باوەڕپێکراو و بەڵگەمەند شارەزای مێژووی میران و حاکمانی کورد بووه.

· ئەو میرنشینانەی حاجی باسی لێ­کردوون، ئەمانەن: میرنشینی بابان، ئەردەڵان، جزیروبۆتان، سۆران، کۆیه و ڕەواندز.

·  حاجی قادر به شێوەیەکی نەڕاستەوخۆ ئاماژەی به پێکهاتەی گۆران وەکوو بنەماڵەیەکی میری کردووه.

·  چەند تایبەتمەندی و خەسڵەتی فەرهەنگی و کۆمەڵناسانەی سەبارەت بەم میرنشینانه باس کردووه؛ وەکوو مەردی و نەبەرد و جەربەزەیی، ئازایی و دلێری، دڵاوایی و کەرەم. لەم سۆنگەوه به کەسانی وەکوو ڕۆستەم و حاتەم وەسفی کردوون.

·  هەندێک خاڵی نەرێنی و خەسڵەتی نەشیاویشی لێیان باس کردووه؛ وەکوو نەگریسی و ناتەبایی و بێگانەپەرستی و یەکنەگرتوویی.

· هەندێک ناونیشان و شوناسی کەسایەتییە کوردەکانی سەردەمانی کۆنینی ژیاندۆتەوه.

· حاجی وێڕای دەربڕینی داخ و کەسەرێکی زۆر جەخت لەسەر ئەوە دەکات که زۆرێک له بابەتی فەرهەنگی و مێژوویی و ئەدەبیی کورد و کوردستان لەبەر نەنووسران و تۆمارنەکران و به وتەیەکی تر نەخوێندن و نەنووسین به زمانی خۆ فەوتاوه.

· چەند هێمایەکی جوغرافیایی بۆ دیاری کردنی سنوور له شیعری حاجیدا هاتووه.

· میرومەزنانی کورد له سەردەمانی جیاجیادا پاڵپشت و هۆکاری مانەوە و ژیانی دەوڵەت و حکوومەتانی دراوسێ بوون.

سەرچاوەکان

‌أ) کوردی

·           بدلیسی، میر شەرەفخان (٢٠٠٦). شەرەفنامه. وەرگێڕانی هەژار. چاپی سێهەم، هەولێر: ئاراس.

·           بۆرەکەیی، سدێق (سەفی زادە) (٢٠٠٨). مێژووی وێژەی کوردی. بەرگی ٢. چاپی دووەم، هەولێر: ئاراس.

·           حەداد، عەبدوڵا محەمەد (٠٠٤). مێژووی شیعر و ئەدەبیاتی کوردی له شاری هەولێر. گۆڤاری زانکۆی سلێمانی، ژماره ١٣، بەشی B، لل ١٤٧-١٨٣.

·           حیلمی، ڕەفیق (٢٠١٠). شیعر و ئەدەبیاتی کوردی، 2بەرگ له یەک بەرگدا، چاپی دووهەم، هەولێر: ئاراس.

·           خەزنەدار، مارف (٢٠٠٤). مێژووی ئەدەبی کوردی. بەرگی ٤. چاپی یەکەم، هەولێر: ئاراس.

·           دلێر، خالید (١٩٩٨). ستەمکردن له حاجی قادری کۆیی تاوانه. سلێمانی: سەفوەت.

·           سالم، عەبدولڕەحمان بەگ (٢٠١٥). دیوان. ساغکردنەوه و لێکدانەوەی مەلا عەبدولکەریم مودەڕڕیس و فاتیح عەبدولکەریم و محەمەدی مەلاکەریم. بەرگی ١. سلێمانی: ژین.

·           سوبحان، کامەران (٢٠١٨). له خەیاڵەوە بۆ خۆڵ. هەولێر [: بێ ناونیشان].

·           سەجادی، عەلائەدین (١٣٩٥). مێژووی ئەدەبی کوردی. چاپی دووهەم، سنه: کوردستان.

·           سیوەیلی، ڕێبوار (٢٠١٦). کتێبی حاجی قادری کۆیی. چاپی یەکەم، هەولێر: ئاکادیمیای کوردی.

·           سەعید، نەوزادوەققاس (١٩٩٦). بزووتنەوەی شیعری له کۆیه له سەدەی نۆزدەهەمدا. نامەی دوکتۆرا، زانکۆی بەغدا.

·           کۆیی، حاجی قادر (١٣٩٠). دیوان. لێکۆڵینەوه و لێکدانەوەی سەردار حەمید میران و کەریم مستەفا شارەزا. چاپی یەکەم، سنه: کوردستان.

·           محەمەد، مەسعوود (١٩٧٣). حاجی قادری کۆیی. بەرگی ١. بەغدا: کۆڕی زانیاریی کورد.

·           مەلاکەریم، محەمەد (١٩٨٩). هەنگاوێکی تر بە ڕێگادا بەرەو ساغکردنەوەی دیوانی حاجی قادری کۆیی. بەغدا: وەزارەتی ڕۆشنبیری.

·           مەلاکەریم، محەمەد (١٣٩٩). حاجی قادری کۆیی شاعیری قۆناغێکی نوێیه له ژیانی نەتەوەی کورد. چاپی یەکەم. سنه: کوردستان.

‌ب) عەرەبی

·           أوزون، محمد (د.ت.). بدایة الأدب الکردی. ترجمة دلاور زنکی. [نسخة ألکترونیة دون مشخصات النشر].

·           الصویرکی الکردی، محمدعلی (2008). الموسوعة الکبری لمشاهیر الکرد عبر التاریخ. المجلد 2. الطبعة الأولی، بیروت: الدار العربیة للموسوعات.

‌ج) English

Yaqoobi, Abdulkhaliq (2019). "The Progressive Process of Kurdish Nationalist Discourse in Haji Qadir Koyi's Poetry". Critical Literary Studies, Vol. 11, No. 1, Autumn and Winter, Pp175-183.


 

 


 

تجلي تأریخ أمراء الکرد في شیعر حاجي قادر الکویي

الملخص;

اهتمَّ حاجي قادر الکویي (1817-1897) کشاعر شعبيّ مثقّف في الأدب الکردي بالتاریخ و الثقافة و التکنولوجیا. فإنَّه قد عُنِيَ فی الفترة الثانیة من عمره الشعري بالعلماء و الأمراء و العشراء الکرد و ضبطَ أهمَّ میزاتهم و خدماتهم. یسعَی هذا البحث في ضوء المنهج التوصیفي التحلیلي إلی العنایة بأبعاد شعر حاجي التاریخیة ذات العلاقة بأُسرة الأمراء و الحکّام و الفحص عن میزاتهم و خصائصهم الحکومیة و الاجتماعیة في غضون أشعاره و یحاول الغور في مصادر حاجي قادر و ینابیع بنات أفکاره. کان حاجي ذا علاقة وثیقة بالصحف و أخبار التکنولوجیا الواصلة من أوروبّا و في خلال ذلک یُشیر إلی أنجازات الأمراء الکرد و دورهم في العصور المختلفة و اهتماماتهم بأمر الشعر و الأدب.

الکلمات الرئیسة: حاجي قادر الکویي، التأریخ، الأمراء الکرد، التحلیل المقارن.

 

 

The manifestation of the history of the kurdish princes in the poetry of haji qadir al-koyi

Abstract:

Haji Kadir al-Koyi (1817-1897), as a popular poet who was educated in Kurdish literature, was interested in history, culture and technology. In the second period of his poetic life, he was concerned with the Kurdish scholars, princes, and associates, and identified their most important features and services. This research seeks, in the light of the descriptive-analytical approach, to pay attention to the historical dimensions of Haji's poetry related to the family of princes and rulers, and to examine their governmental and social features and characteristics within his poems, and tries to delve into the sources of Haji Qadir and the springs of his ideas. Haji was closely related to newspapers and technology news arriving from Europe, and in the meantime he referred to the achievements of the Kurdish princes and their role in different eras, and their interests in poetry and literature.

Keywords: Haji Qadir Al-Koyi, history, Kurdish princes, comparative analysis.