پێوانەکردن  لە توێژینەوەی زانستیدا*

حسن ویسی ئەسمەر* و مراد حکیم محمد

بەشی کۆمەڵناسی، کۆلێژی ئاداب، زانکۆی سەڵاحەدین-هەولێر، هەرێما کوردستانێ-عێراق.

بەشی کۆمەڵناسی، کۆلێژی ئاداب، زانکۆی سەڵاحەدین-هەولێر، هەرێما کوردستانێ-عێراق.( murad.mzori@su.edu.krd)

وةرطرتن: 09/2022  ثةسةندكرن: 12/2022              بةلاظكرن:  03/2023         https://doi.org/10.26436/hjuoz.2023.11.1.1013

پوختە:

ئامانجی ئەم توێژینەوەیە تیشک خستنە سەر گرنگی پێوانەکردنە لە توێژینەوەی زانستیدا، بە جەختکردنەوە لەسەر  پێوەر لە توێژینەوەی کۆمەڵایەتیدا و ئەو پێشەوەچوونەی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها ئەو جیاوازی تێڕوانینەی لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە لە بارەی پێویستی پێوانەکردن. بۆ روونکردنەوەی پێوانەکردن تیشکخراوەتە سەر چەمکە پەیوەستەکان بە پێوەرەوە وەکو رێلایەبیلیتی، ڤالیدیتی، دڵنیایی، وردی، بابەتیبوون و خودیبوون بەو پێیەی ئەم چەمکانە راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی پێوانەکردن و دروستکردنی پێوەر هەیە. تێگەیشتن لە پێوانە لە بواری زانستە سروشتییەکان جیاوازە لەو تێگەیشتنەی کە بۆ پێوانە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا دەکرێت. دەرکەوت پێوانەکردن لە زانستە سروشتییەکان لە ئاستێکی پێشکەوتووترە بە بەراورد بە زانستە کۆمەڵایەتییەکان. لە کاتێکدا کە ئامانجی پێوانەکردن بەرهەمهێنانی جۆرێکە لە راستیێتی، بەڵام لە بەر ئەوەی کە ڕەنگە هەندێک جار پێوانەکردنەکە توانای پێوانەی تەواوی ئەو شتێک یان پێکهاتەیەکی نەبێت کە ئامانجی پێوانەکردنە. بۆیەش دەکرێت بە دەرئەنجامی هەلە بگەین، پێوانەکەش لە ئاستێکی نزمتر لەو ئاستەی کە لێی چاوەڕوان دەکرێت، دەربکەوێت.

چەمکە کلیلییەکان: توێژینەوەی کۆمەڵایەتی، پێوەر، رێلایەبیلیتی و ڤالیدیتی

 


دەروازە

هەر لە کۆنەوە پێوانەکردن وەکو چەمکێکی سەرەکی و بنەڕەتی لە زانستە سروشتییەکان لە بواری ئەندازیاریی و فەلسەفەی سروشتی و لە هەمان کاتیشدا، وەک میتودێکی ناوازە و نموونەیی لە پێناو کۆکردنەوەی زانیاری لە بارەی جیهانەوە بایەخی پێ دەدرێت (Imai, 2017: 1). گوتە بە ناوبانگەکەی ولیام تامسن دەربڕینێکی ئاشکرایە لە گرنگی پێوانەکردن بۆ زانست، کاتێک ئاماژە بەوە دەکات کە لە زانستە سروشتییەکاندا، یەکەم هەنگاوی سەرەکیی و بنەڕەتی لە پێناو فێربوونی هەر بابەتێک بریتییە لە دۆزینەوەی بنەمای ژمارەیی بابەتەکە، هەروەها رێگایەک کە بتوانرێت بە شێوەیەکی کردەیی (پراکتیکی) بابەتەکە بپێوێت. ئەگەر پێوانەی شتێک بکەین کە قسەی لە بارەیەوە دەکەین، لە هەمان کاتدا بتوانین بە ژمارە دەربڕینی لێ بکەین، ئەوا بەو مانایە دێت کە شتێک لەبارەیەوە دەزانین. بە مانایەکی دیکە، ئەگەر زانیارییەکانی کەسێک بە شێوەیەک بن کە نەتوانێت پێوانەیان بکات یان بە ژمارە گوزارشتیان لێ بکات، ئەوا دەکرێت بڵێین: ئەو زانیارییانە بەهایەکی ئەوتۆیان نییە و ناتەواون و جێی رەزامەندی و بایەخپێدان نین (Cobb and Craig ,1998: 1)

سەبارەت بە زانستە کۆمەڵایەتییەکانیش، هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانیانەوە سوودییان لە چەندین رێگا و تەکنیکی جۆراوجۆر وەرگرتووە لەبارەی چۆنیەتی بەکارهێنان و سوودوەرگرتن لە پێوانە بۆ بوارە زانستییەکانیان، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، هێشتا تەبایی و کۆدەنگییەکی تەواو لە نێوان زاناکانی بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ چەمکی پێوانەکردن نییە. ڕەنگە هەبوونی ئەم جیاوازییە ڕوون و ئاشکرایە لە نێوان زانستە کۆمەڵایەتیی و سروشتییەکاندا بۆ خەسڵەت و تایبەیتمەندی و پەیوەندییە لێکنەچووەکانی ئەم  دوو بوارە زانستییە بگەڕێتەوە. ئیمای لەو باوەڕەدایە هەر یەک لەو بوارە زانستییانە چەندین خەسڵەت و تایبەتمەندی جیاواز لەوی تر لەخۆدەگرن، بایەخی پێ دەدەن و لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکەن. بۆ نموونە، کاتێک توێژینەوەیەک لە زانستە سروشتییەکان لە بارەی مەودای شوێنییەوە دەکرێت، ئەوا جیاوازە لە خەسڵەتە ژێر لێکۆڵینەوەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییەکانیان. لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا، بە نموونە کاتێک لە کۆمەڵناسیدا بانگەشەی پێوانەکردنی هەندێک خەسڵەتی تایبەت بەو لقە زانستیە دەکرێت وەک سەرمایەی کۆمەڵایەتی و بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی، ئەوا ئەمانە بە خەسڵەتە کۆمەڵایەتییەکان ناودەبرێن. لە دەروونناسیدا، هەوڵ لە پێناو پێوانەی هەندێک خەسڵەتی دەرووونی وەک دڵەڕاوکێ و بڕوابەخۆبوون و لە ڕووی ئەکادیمییەوە، پێوانەی هەندێک خەسڵەتی پەیوەندیدار بەو لقە زانستییە وەک بەهرە و توانای ماتماتیکی یان خوێندنەوە دەدرێت، کە هەروەک دیارە ئەمانە زۆر بە جیاواز لەو بوارانەی کە لە زانستە سروشتییەکاندا هەوڵی پێوانەکردنیان بۆ دەدرێت، دەردەکەون. خەسڵەتە کۆمەڵایەتتیەکان بەهۆی ئەو باردودۆخە کولتووری، کۆمەڵایەتی و مێژوویانەی کە لە ناویدا گەشەدەکەن، ئەوا زۆر بە ئەستەم بە شێوەی نەگۆڕ یان خەسڵەتێک کە پەیوەندی لەگەڵ خەسڵەتەکانی تر نەبێت، دەردەکەون (Imai, 2017: 2).

دەکرێت بڵێین لە زانستە سروشتییەکاندا جۆرێک لە سەربەخۆیی، سەقامگیریی و سەربەستی لەڕووی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پێکهاتەکانی تر هەیە، کە ئەم تایبەتمەندییانە بەو شێوە روون و دیاریکراوە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدی ناکرێن. ئیمای ئاماژە بەوە دەکات کە هەر دیاردە و بابەت بە شێوەی جیاواز و جۆاروجۆر بە بابەت و لایەنەکانی ترەوە گرێدراوە و ناکرێت بە تەنیا و سەربەخۆ لێکۆڵینەوەیان لە بارەوە بکرێت، ئەمەش بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە زانستە سروشتییەکان هەیە و جورێک لە نەگۆڕی لەخۆدەگرن. خاڵێکیتری گرنگ هاوڕانەبوونی زاناکانی بواری زانستە کۆمەلایەتییەکانە لەبارەی مانای چەمکە کۆمەڵایەتییەکان وەک خەمۆکی و ژیری هەموو خەسڵەتە کەسییەکانی دیکە، کە ئەگەر لەگەڵ زانستە سروشتییەکان بەراوردیان بکەین، ئەوا کۆدەنگی لەسەر مانای چەمکەکان، بە شێوەیەکی روون بەرچاودەکەوێت (Imai, 2017: 2). زانستە سروشتییەکان لەبەر جۆرێک لە جێگیریی و دیاریکراوی کە لە بابەتەکانی ژێر لێکۆڵینەوەیاندا بەدیدەکرێت، ئەوا زۆر بە ئاسانی دەکرێت کۆدەنگی سەبارەت بە پێناسە و ناساندنی بابەتێکی دیاریکراو لە بارەی بابەتەکانیانەوە و لە نێوان زاناکانی ئەو بوارە زانستییە هەبێت. لە کاتێکدا، لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا لە بەر ڕێژەییبوون و پەیوەندی ئالۆگۆڕی نێوان دیاردەکان و هەبوونی مانای جیاواز، لەبارەی مانا و پێناسەی بابەتەکان دەربڕین و هاوڕایی بە ئاستی جیاواز هەیە. لە هەمان کاتدا، خودیبوون و بابەتیبوونیش جارێکی تر و بە شێوەیەکی تر کاریگەری خۆی لە سەر ئەوەی کە چۆن هەر بابەتێک لەلایەن زانایەکەوە بە شێوەیەکی جیاواز پێناسە بکرێت، بە جێدەهێڵێت. بە مانایەکی دیکە، خەسڵەتەکان لە زانستە سروشتییەکاندا سەربەخۆن، لە کاتێکدا کە خەسڵەتە کۆمەڵایەتییەکان لەڕووی پێوانەکردنەوە وا دەبینرێن کە گرێدراوی بارودۆخی کۆمەڵایەتی بن (Imai, 2017: 2). بۆ نموونە، کاتێک بمانەوێت پێوانەی چینی کۆمەڵایەتی بکەین، ئەوا ناچارین بۆ هەموو ئەو کاتەگۆرییانە بگەرێینەوە کەوا پەیوەندییان بەو بوارەوە هەیە. بە واتایەکی دیکە، لە کاتێکدا کە لە زانستە سروشتییەکان ئامرازی ستاندارد بۆ پێوانەکردن هەیە، لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ نموونە لە پێوانەی چینی کۆمەڵایەتیدا، بۆ پێوانەی هەر یەک لە کاتیگۆرییەکانی چینی کۆمەڵایەتی، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ وەڵامی خەڵک بە پێی بارودۆخە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان. ئەو وەڵامانەش کە وەردەگیرێن بە پێی پرسیارەکانی توێژینەوەکە، قەبارەی نموونە، ناسنامەی بەشداربووەکان و ئەو میتۆدۆلۆجییەی کە بەکاردەهێنرێت جیاواز دەبن و دەگۆڕێن. بە پێچەوانەوە، لە زانستە سروشتییەکاندا بابەتەکانی ئەم بوارە زانستییە، بە پێی هەندێک ستانداردی نەگۆڕ و جێگیر پێوانە دەکرێن. جورێک لە نەگۆڕی لە چەمکەکانی زانستە سروشتییەکاندا لە بارودۆخە جیاوازەکان، بە لایەنی کەمەوە کاتێک کە هەمان ئامراز بە کار دەهێنرێت، بەدی دەکرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە چەمکەکان لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ نموونە کاتێک کە هەمان ئامراز بۆ پێوانەی چینی کۆمەڵایەتی بەکاردێت، ئەوا دەکرێت ئەنجامەکانیان بە پێی بارودۆخە کۆمەڵایەتی، کولتووری و کۆنتێکستەکە نەبن، یاخود نرخێکی بەهایی هەنوکەیی وەهایان نەبێت (.(Bandalos, 2018: 483

لە لایەکەوە، ئەو پرسیارە دەخرێتەڕوو کە ''ئایا چۆن دەکرێت بۆ خەسڵەتێک کە لەلایەن مرۆڤەوە بەرهەم هاتووە، تایبەتمەندی چەندایەتیبوونی پێ ببەخشرێت، یان وەک پێکهاتەیەکی راستەقینە ئاماژەی پێ بکرێت؟'' ئەگەر تەنانەت هاوڕاش بین لە سەر ئەوەی کە ئەم تایبەتمەندییانە چەندایەتی بن، بەڵام هێشتان بە بەراورد بە خەسڵەتی زانستە سروشتییەکان، ئەوا ناکرێت تەکنیکە ستانداردەکانی ئەو لقە زانستییە لەڕووی پێوانەکردنەوە بەسەر خەسڵەتە کۆمەڵایەتییەکاندا جێبەجێ بکرێت. رەخنەگرانی بواری پێوانەکردن لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا وای دەبینن کە رەنگە تێگەیشتن لە پێوانەکردن لەلایەن زاناکانی بواری زانستە سروشتییەکان تەواو جیاواز بێت لەو تێگەیشتنەی کە لەلایەن زاناکانی بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە. ئەگەر بمانەوێت لە سەر بنەمای پێوەرە نەریتییەکان بڕیاربدەین، ئەوا وادێتە بەرچاو کە هێشتان هیچ نموونەیەکی سەرکەوتووی وەها لەڕووی پێوانەی خەسڵەتە کۆمەڵایەتییەکان نەبێت. هەروەها دەکرێت بڵێین کە زۆربەی ئەو کەسانەی لە بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکان چالاکن، ئەوا زانیاری بنەڕەتییان لەبارەی پێوانەکردنەوە نیە، زۆر بە کەمی لە سەر بنەما چەمکی و مێژووییەکانی پێوانەکردن ڕاهێنراون.(Imai, 2017: 2)

لەلایەکی دیکەوە، ژیان لە کۆمەڵگای مودێرندا زۆر ئالۆز و تێکچڕژاوە، بەو مانایەی کە هەموو سیستەمەکانی ناو کۆمەڵگا بە شێوەیەکی ئالۆز و جۆراوجۆر بەیەکەوە بەستراونەتەوە. بۆیەشە، زۆر ئەستەمە لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا، مۆدێلێکی رەفتاریی بەرهەم بهێنرێت و پێشبینی بکرێت. هەموو پرۆسە و کاراکتەرەکانی ژیانی رۆژانە بەیەکەوە گرێدراون و ناکرێت هیچ کامیان بە تەنیا و جیا لەوانی دیکە پێناسە بکرێن و لێیان تێبگەین. بۆ نموونە، ئەگەر بمانەوێت توێژینەوە لەسەر بێکاری بکەین، ئەوا دەبینین کەوا گرێدراوی چەندین هۆکاری دیکەی وەک کێشە پەروەردەییەکان، نەخۆێندەواری، پەڕاوێزخستن. هەر لەبەرئەوەی کە هەموو ئەم لایەنانە بە شێوەی راستەوخۆ بە یەکەوە گرێدراون، بوونی گۆڕانکاری لە هەر بەشێکی کۆمەڵگادا، کاریگەری لە سەر کۆی گشتی کۆمەڵگاکە جێدەهێڵێت. هەبوونی گۆڕانکاری خێرا لە کۆمەڵگای مودێرندا بووەتە هۆکاری سەرهەڵدانی ڕەفتار و شێوە ڕەفتارییە نوێیەکان لە کۆمەڵگادا، ئەمەش خۆی لە خۆیدا بووەتە هۆکاری ئەوەی کە ئەستەم بێت ئەم جورە رەفتارانە پێشبینی بکرێن. داینامیکیەتی کۆمەڵگا و بێتوانایی لە پێشبینیکردن لە کۆمەڵگای تێکچڕژاو و ئاڵۆزدا، هۆکاری بنچینەیین بۆ ئەوەی بە وردی شڕۆڤە و پێوانەی دیاردەکانی نێو کۆمەڵگا نەکرێت. گرنگە ئاماژە بەوەش بدەین کە لە کۆمەڵگادا پرۆسە بەردەوامەکان هەن لە پێناو خۆگۆنجاندن لە گەڵ پێداویستی نوێ، رەفتاری نوێ و داینامیکیەتی کۆمەڵایەتی نوێ، کە ئەمەش جارێکی تر پێوانەکردن ئەستەم دەکات.(Neuman, 2014: 4-5)

چەمکی پێوانەکردن

لەگەڵ ئەوەشدا کە بە درێژایی مێژوو پێوانەکردن وەک چالاکییەکی سەرەکی مرۆڤەکان لەقەڵەمدراوە، چ لە بواری ئەدەبی یان زانستی بێت، هەروەها لەگەڵ ئەوەش کە پێوانە هەمیشە گرێدراوی بەرهەمهێنانی زانیاری راست و دروست و ورد بووە، بەڵام پێشکەشکردنی پێناسەیەک بۆ چەمکەکە کە کۆدەنگی لەسەر بێت، زۆر بە ئەستەم دەبینرێت. جیوردانی و لوسا پێیان وایە لەو پێناسە جۆراوجۆرانەی کە بۆ پێوانەکردن کراون، دەردەکەوێت جۆرێک لە ناکوکی هەیە سەبارەت بەوەی کە شتێک، دیاردەیەک چۆن دەبێت پێوانە بکرێت، هەروەها ئەو راستییەش کە ئایا خودی پێوانەکردن بە دیاریکراوی چ مانایەک دەدات. ئەمەش رەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە لە بواری زانستە سروشتی یان کۆمەڵایەتی و رەفتارییەکان بێت، ئەوا پێوانەکردن بە چالاکییەکی داینامیکی و بەرفراوانی مرۆڤەکان لەقەڵەمدەدرێت و بوارێکی فراوان دەگرێتەوە و بابەتی جۆراوجۆر دەخاتە ژێر تیشکی توێژینەوە و شڕۆڤەکردنەوە. لەلایەکی ترەوە، ئالۆزی پێناسەکردنی ئەم چەمکە لەوەدا دەردەکەوێت کە بە شێوەیەکی جیاجیا بە مەسەلەی چەندایەتییەوە گرێ دەدرێت .(Giordani and Luca, 2012: 2)

''بۆ چەندین سەدە پێوانە، بە شێوەیەکی سەرەکی بەوە لێکدراوتەوە کە تەنیا بەسەر چەندایەتییە سروشتییەکان جێبەجێ بکرێت'' ( Mari and others, 2017: 79). گالیلو گالیلێی باس لەوە دەکات کە ''ناکرێت لە کتێبە ناوازەکەی سروشت تێبگەین، تەنیا لە رێگای فێربوونی زمانەکەی و زانینی چونیەتی نووسینی تایبەتمەندییەکانی کتێبەکەوە نەبێت، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی کە بە شێوەی بیرکارییانە نووسراوتەوە'' ( Mari and others, 2016 A: 1). مەزەندەی ئەوە دەکرێت کە ئەگەر پێوانەکردنێک هەبێت، ئەوا دەبێت لە شێوەی چەندایەتی بێت. لەهەمانکاتیشدا، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە تا ئەو رادەیە گەشە دەسەنێت کە هەندێک پێوانەکردن بە هاوواتای چەندایەتی لەقەڵەمدەدەن. بۆیەش، وا دەبینرێت کە باشتر وایە چەمکەکانی وەک پێوانەکردن، چەندێتی و بەچەندایەتیکردن بەجیا پێناسە و روون بکرێنەوە و پەیوەندییەکانی نێوانیان دەستنیشان بکرێت (Giordani and Luca, 2012: 2-3). سەرەڕای ئەم دیدگایەش، گرنگە ئاماژە بەوەش بدەین کە پێوانەکردن چەند لەڕووی مەیدانی و جێبەجێکارییەوە گرنگ و جێی بایەخ بێت، ئەوندەش لەڕووی تیۆرییەوە گرنگی خۆی دەبێت. کاتێک ستیڤێنز لە ١٩٥١ پێوانەکردن لەڕووی ڕۆڵ و بنەماکانییەوە، بە بەستنەوەی شت و رووداوەکان بە ژمارەوە پێناسە دەکات، ئەوا تەنیا جەخت لە سەر گرنگی لایەنی مەیدانی پێوانەکردن دەکاتەوە. لە کاتێکدا کە لە ١٩٧٠ ''بلەلاک'' زۆر بە وردی ئاماژە بە گرنگی پێوانەکردنی لەڕووی تێورییەوە دەدات و پێیوایە کە پێوانەکردن لەڕووی تێورییەوە یارمەتیمان دەدات بۆ ئەوەی هزر و بیرکردنەوە تیۆرییەکانمان روونتر و دیارتر بن. هەروەها، یارمەتیشمان دەدات لەوەی بتوانین بیر لە گۆڕاوی نوێ بکەینەوە کە رەنگە بۆ توێژینەوەکان گرنگ و بەسوود بن (Hammersley, 2009: 4). پرۆسەی پێوانەکردن دوو قۆناغ لەخۆدەگرێت، قۆناغی پراکتیکی و قۆناغی زانیاری. لە قۆناغی پراکتیکیدا کارلێکی نێوان بەرکار یان شتەکە لەگەڵ ئامرازەکە دێتە ئاراوە و بەرهەمهێنراوێک لە سەر شێوەی چەندێتی دێتەدی، لە قۆناغی زانیاریشدا، بەرهەمهێنراوە چەندایەتییەکە، وەک بەهای پێوانەکراو پێشکەشدەکرێت و دەخرێتەڕوو .(Mari, 1997: 4)

       سەبارەت بە گرنگی پێوانەکردن لەڕووی میژووییەوە، دەکرێت بۆ شارەزایانی قۆتابخانەی پیتاگۆرییەکان لە سەدەی پێنجەمی پێش زایین بگەڕێینەوە، پێیانوابوو هەر شتێک کە ئێمە توانای تێگەیشتمان بۆی هەبێت، ئەوا بە ژمارەیەکەوە گرێدراوە. بەدەر لە ژمارەکان، ئێمە نە توانای تێگەیشتنمان دەبێت و نە دەزانین. هەروەک چۆن ئەرستۆ لە سەدەی سێیەمی پێش زایین ئاماژە بەوە دەکات کەوا ژمارەکان توخمی پێکهاتەیی هەموو شتەکانن، هەموو بوونیش بریتییە لە پێوەرێکی موزیکی و ژمارەیی .(Mari and others, 2016 A: 1)

''پێوانە (measure)  لە وشەی لاتینی مێنسورا (mensura) کە ئەویش لە مێنسوس (mensus) وەرگیراوە'' (Mari and others, 2021 A: 3). هەروەها ''فرمانی زمانی یۆنانی کۆن بۆ ئاماژەدان بەو شتەی کە پێوانە دەکرێت (to measure) لە چاوگی (metr) وەرگیراوە، کە دواتر خودی وشەی مێترۆلۆجیش هەر لەم چاوگە وەردەگیرێت'' (Mari and others, 2016 B: 77). بە پێی سێیەم و نوێترین وەشانی فەرهەنگی نێودەوڵەتی پێوانەکردن، چەمکی پێوانە بەوە پێناسەکراوە کە بریتی بێت لە ''پرۆسەیەکی ئەزموونی لەپێناو دەستکەوتنی یەک یان چەند بەهایەکی چەندێتی کە بە بەڵگە و بە شێوەیەکی لۆجیکی بەیەکەوە گرێدەدرێت'' (Joint Committee for Guides in Metrology, 2021: 27). لەوەش زیاتر، پرۆسەی پێوانەکردن هەر یەک لەم لایەنانە لەخۆدەگرێت؛ پێکهاتە و بونیادی پرۆسەکە، ئامرازی بەکارهاتوو، میتود یان رێگاکە، و دەقەکەی (بوار)، (چوارچێوەکەی)، (سنوورەکەی)، (کۆنتێکست) ((McGrane, 2010: 5. ماکزیم ١٩٩٩ پێیوایە ''پێوانەکردن بریتیە لە پرۆسەی نەخشەکێشانی مەیدانی دیاردەکان، ئەمەش لە رێگای بەکارهێنانی سیستەمی ژمارەکان'' (Sinha, 2017: 2). مەکگاو و واتسن پێناسەی پێوانەکردن دەکەن بەوەی کە ''بریتی بێت لە پرۆسەیەک کە دەرفەت بۆ زانایانی کۆمەڵایەتی دەرەخسێنێت تاوەکو لە چوارچێوەی ئەبستراکت و ئەو چەمک و تیورانەی کە بە شێوەی ناراستەوخۆ تێبینی دەکرێن دەربچن و بەرەو جیهانی ئەزموونکردنی ژیرانە هەنگاو بنێن'' Hammersley, 2009: 2-3)).

لە بواری پیشەسازیی و زانستە سروشتییەکاندا چەمکی مێترولۆجی بەکاردێت بە مەبەستی ئاماژەدان بە پێوانەکردن  (Mari, 2021 B: 41-42). بەپێی نوێترین وەشانی فەرهەنگی نێودەوڵەتی پێوانەکردن، مێترولۆجی بریتییە لە ''زانستی پێوانەکردن و جێبەجێکردنەکانی''  Joint Committee for Guides in Metrology, 2021: 27)).

 هەر لە کۆنەوە پێوانەکردن وادانراوە کە توانای بەرهەمهێنانی زانیاری رەسەنی هەبێت. بە مانایەکی دیکە، هەموو ئەو زانیارییانەی ناو سیستەمە فیزیاییەکان لەخۆدەگرێت کە پێویستیان بە هیچ جۆرە ڕوونکردنەوە و درێژدادڕی نییە. تایبەتمەندییەکانی پێوانەکردنێکی ئایدیال بریتییە لە پرۆسەیەک کە لەلایەن سیستەمێکی پێوانەکردنی تەواو راست و دروست، هەروەها لە سەر بنەمای پرۆسەیەکی تەواو دیاریکراو ئەنجام دەدرێت و جێبەجێ دەکرێت  (Mari, 1997: 1-2). مێترۆلۆجی لە پێناو پێویستیەکی نێودەوڵەتی بۆ هەبوونی زمانێکی یەکگرتوو لە بارەی پێوانەکردن هاتووتە ئاراوە و گرنگی بە تەن، دیاردە و مادە دەدات و لە پێناو پێوانەکردنی ورد و دروستییان هەوڵدەدات؛ واتا پێوانەی دووری، شوێن، خێرایی، قەبارە دەکات. هەندێک لە هەرە پێوەرە سەرەتاییەکان کە لە ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراون بریتین لە درێژی کە بە مەتر و بارستە بە کیلۆگرام پێوانە دەکرێن. لە زانستی مێترۆلۆجی، هەموو لایەنەکانی پەیوەندیدار بە دیاردەی ژێر پێوانە، وەک ئەو پێکهاتەیەی کە پێوانە دەکرێت، ئامرازەکانی پێوانەکردن، و خودی یەکەی ژێر پێوانەش دەبێت بە وردی دەستنیشان و پێناسە بکرێن  (Mari, 2021B: 41-42) بەو واتایەی کە هەموو ئەو زانیارییە زانستی و تەکنەلۆژییانەی کە بە درێژایی مێژوو بە رێگای مەیدانی کۆکراونەتەوە لەخۆدەگرێت. بۆیەش، پێوانەکردن بریتیە لەو پرۆسەیەی کە توانای پێدانی زانیاری لە بارەی یەکەیەکەوە بە ئێمە دەبەخشێت، بەمەش زانیارییەکان لە شێوەی بەهای یەکەیی دەردەکەون(Zeller,and Edward, 1980: 8).  

زانستی پێوانەکردن، هەر وەک ئاماژەمان پێدا هەندێک جار بە مێترولۆجی ناو دەبرێت، ئەوا ئامانج لێی بونیادنانی سیستەمە پێوانەییەکان و چۆنیەتی کارکردنیانە، بۆیەش باشتر وایە چ لە بواری زانستە سروشتی یان کۆمەڵایەتییەکاندا، کۆمەڵێک چەمک و زاراوەی پەیوەندیداری گشتی لە نێوان هەموو توێژەر و چالاکانی بواری پێوانە بوونی هەبێت. ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەکرێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێگەیشتنی هەمە لایەنە، لەوەش گرنگتر توانای ئەوەمان پێ ببەخشێت کە بتوانین زانیارییە بەدەستهاتووەکان و تەکنیکەکان لە نێوان بوارە جۆراوجۆرەکاندا ئاڵۆگۆر بکەین، هەڵەکان نەهێڵین و توانای فێربوون بەرز بکەینەوە  (Mari, n.d. : 5).

بنەما پێکهێنەرە سەرەکییەکان و کۆمەڵە چەمکێکی پەیوەندیدار بە پێوانەکردن

''دوو زاراوەی: رێلایەبیلیتی (reliability) و ڤالیدیتی (validity) بە زمانی سەرەکی پێوانەکردن لەقەڵەمدەدرێن'' (Hammersley, 2009: 6). لە پێوانەکردندا (لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان یاخود زانستە سروشتی و پیشەسازییەکان)، ئەوا وەک یەک پێناسەی هەر دوو چەمکی ئەکیورێسی (accuracy) و پریسیژن (precision) دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەر دوو بوارە زانستییەکە بە شێوەی جیاواز لە مانای چەمکی ڤالیدێتی لە بواری پێوانەکردن دەڕوانن. لەڕووی میترۆلۆجییەوە، ئەگەر پێوانەکردنەکە بە ئەندازەی پێویست هەر دوو تایبەتمەندی ئەکیورێسی و پریسیژن لەخۆبگرێت، ئەوا دەکرێت بڵێین کە پێوانەکردنەکە تایبەتمەندی ڤالیدێتیشی هەیە، ئەمەش لە کاتێکدا کە ڤالیدێتی لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان بریتییە لە تایبەتمەندی بونیادنراو لە سەر بنەمای ڕاستی، دروستی، وردی، حەقیقەت و یاسا. هەروەها، لە پێوانە دەروونییەکاندا، پێوانەکە بە پێوانەیەکی ڤالیدێیت لە قەڵەم دەدرێت، ئەگەر پێوەرەکە توانای پێوانەکردنی ئەو شتەی هەبێت کە بانگەشەی پێوانەکردنی بۆ دەکات (Mari, 2021B: 41-42). پێوانەکردنی گۆڕاوەکانی توێژینەوە رەنگە بە ئەستەمترین و لاوازترین خال لە پێناو ئەنجامدانی توێژینەوەیەکی چەندایەتی بە سوود لە توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان لەقەڵەمبدرێت. بۆیەش، یەکێک لە هەرە گرنگترین شتەکان کە دەبێت بەردەوام لەپێش چاوبگیرێت و جەختی لە سەر بکرێتەوە، پەڕەپێدانە بە پێوەری نوێ و هەروەها باشترکردنی ئەو ئامرازانەیە کە لە ئێستادا هەن. ناکرێت بڵێین هەر پێوەرێک کە هەبێت، ئەوا دەکرێت راستەوخۆ پشتی پێ ببەستین و بە ڕاست و دروستی دابنێین. میشێل لە ١٩٨٥ لە ئەنجامی ڕووپێوکردنی ئەو توێژینەوانەی کە پێشتر ئەنجام درابوون، بۆی دەردەکەوێت کە لە ناو ٢١% توێژینەوەکان هیچ جورێک لە تایبەتمەندی رێلایەبیلیتیان نییە. هەروەها، تەنیا ٢٦% ئەو توێژینەوانە زانیارییان لە بارەی ڤالیدێتی کۆنستراکتەکان پێشکەش کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەر دوو پڕۆسەی رێلایەبیلیتی و ڤالیدیتی بە دوو لایەنی سەرەکی و پێویست لە ئەنجامدانی هەر توێژینەوەیەکی چەندایەتی لەقەڵەمدەدرێن   (Maul and others, 2015: 48).

چەمکی ئەنسێرتنتی (uncertainty) (نادلنییایی – گومان) بە یەکێکی تر لە چەمکە گرنگەکان و گرێدراوی مەسەلەی پێوانەکردن بە جێی بایەخ دادەنرێت. لە گەڵ ئەوەشدا، گومان هەیە لەوەی چ شتێک بە ئەنسێرتنتی لە پێوانەکردندا لە قەڵەم دەدرێت، جا چ لەڕووی بەهای پێوانەکراو، ئەنجامی پێوانەکە، یان پێشبینییەکان بۆ بەهای ڕاستەقینەی یەکەی ژێر پێوانە بێت، ئەوا دەکرێت بلێین کە ئەنسێرتنتی لە پێوانەکردندا بریتیە لە یەکەیەکی گشتگیر کە ئامانج لێی پوخت کردنەوەی ئەو زانیارییە چەندایەتی و چۆنایەتییانەیە، لە رێگای پێوانەکردنەوە دەست کەوتوون (Mari, 2016A: 77) .

بابەتیبوون (objectivity) و خودیبوون (intersubjectivity) پێوانە، بە دوو لایەنی تری سەرەکی لە پێوانەکردن لەقەڵەمدەدرێن کە وەکو دوو لایەنی سەربەخۆ لە یەک، پێش چاو دەکەون. هەندێک جار پێوانەکردنەکە دەکرێت بابەتییانە بێت، بەڵام مەرج نیە لە هەمان کاتدا تایبەتمەندی خودیبوونیش لەخۆبگرێت. هەر دوو ئاراستەی ئۆبجێکتیڤیتی (objectivity) و ئینتەرسابجێکتڤتی (intersubjectivity) (واتا هەر کەسەو بەشێک لە حەقیقەت لەخۆدەگرێت)، پێکەوە دەستنیشانی کوالێتی پێوانەیەک دەکەن. بۆ نموونە، کاتێک ئێمە ئاماژە بە بەدەستهێنان و کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی پێکهاتە ئەزموونییەکان دەکەین، لە هەمان کاتدا، بە شێوەی کۆمەڵایەتییانە ئاماژە بە پێشاندان و خستنەڕووی زانیارییەکان دەدەین، ئەوا پەیڕەوی هەر دوو ئاراستەکەمان کردووە. بۆیەش، پێوانەکردنێک بە پێوانەیەکی کوالیتی بەڕز لەقەڵەمدەدرێت، ئەگەر هەر دوو لایەنی بابەتیبوون و خودیبوون لەخۆبگرێت (Mobbs and Simon, 2021: 214 ). هەر دوو بارودۆخی ئۆبجێکتیڤیتی و ئینتەرسابجێکتیڤتی بە شێوەیەکی یەکسان لەڕووی پێوانەکردنەوە بە سەر هەر دوو بوارە زانستییەکە بۆ نموونە پێکهاتە سروشتییەکان (وەک قەبارە، بارستە، هێز، و...هتد) و هەروەها پێکهاتە کۆمەڵایەتی یان ناسروشتییەکان (وەک ئاراستەکان و بەختەوەری و...هتد) جێبەجێ دەکرێن. بابەتیبوون لێرەدا بە مانای ئەوە دێت کە ئەو زانیارییانەی لە ئەنجامی پێوانەکردنەوە بەدەستهاتوون، پەیوەندیدارن بە سیستەمی ژێر پێوانەکە خۆی و لە هەمان کاتدا بەدەرن لەو ژینگەیەی کە دەورەی داون، ئەمەش لە شێوە باوەکەی هەم سیستەمی پێوانە و هەمیش ئەو بابەتەی کە پێوانەی دەکات، لەخۆدەگرێت. ئینتەرسابجێکتیڤتی (Intersubjectivity) لە لایەکی دیکەوە، بە مانای ئەوە دێت کە ئەنجامی پێوانەکردن بە شێوەیەکی یەکسان لە لایەن بابەتی جیاواز و لە کات و شوێنی جیاوازدا شی دەکرێنەوە (Mari, n.d: 5  ).. هەروەها، هەمیشە وا دانراوە کە زانستە سروشتییەکان بەدەر بن لە تێروانین و بیر و بۆچوونە مرۆییەکان و بە جیا لێیان بوونیان هەبێت، ئەمەش بە پێچەوانەی بابەتەکانی تایبەت بە زانستە کۆمەڵایەتییەکانە کەوا بە جیاو و سەربەخۆ لە تێروانین و بیر و بۆچوونە مرۆییەکان دەرناکەون. بۆیەش، گرنگە لە پرۆسەی پێوانەکردندا پەیڕەوی لە بابەتیبوون بکرێت، ئەمەش لە بەر ئەوەی کە هەمیشە پێشبینی ئەوە لە پێوانە دەکرێت تا زانیاری بابەتییانە پێشکەش بکات (Mari and others, 2017 A: 78).. هەروەها، گرنگە ئاماژە بەوەش بدەین کە پێوانەکردن سروشتێکی پڕاگماتیکیش لەخۆدەگرێت، بەوەی کە رەنگە ئەنجامی هەمان پێوانە بۆ مەبەستێکی دیاریکراو وا دەربکەوێت کە بە سوودە، بەڵام بۆ مەبەستێکی تر بە خراپ و بێ کەلک هەژمار بکرێت (Mobbs and Simon, 2021: 215 ).

لە شێوە گشتییەکەیدا، ئەگەر نیازی ئەوەمان هەبێت کە زانیارییەکی باشمان دەست بکەوێت یان بەرهەم بێت، ئەوا پێویست بەوە دەکات کە زانیاری باشیشمان لە بەر دەست دابێت و بە کاربهێنین. بە مانایەکی دیکە، هەروەک چوون ماری و هاوکارانی ئاماژەیان پێداوە هەبوونی وەرگرتەیەکی باش و گۆنجاو بە مانای دەرکردەیەکی باش و گۆنجاو دێت. ناکرێت ئەو زانیاریانەی کە ئێمە بە کاریان دەهێنین باش نەبن و لە هەمان کاتدا چاوەرێی دەرئەنجامی باش بکەین. پرۆسەی بە کارهێنانی زانیارییەکان ناتوانێت کوالیتی دەرکردە یان دەرئەنجامەکان وەک ئەکیورێسی، پریسیژن، رێلایەبیلیتی، و... هتد بەرز بکاتەوە، بەڵکو کوالیتی دەرئەنجامەکان دەوەستێتە سەر کوالیتی زانیارییەکانی وەرگرتە، واتە ئەو زانیارییانەی کە وەردەگیرێن و بە کار دەهێنرێن. بۆیەش، لێرەدا پێوانەکردن وەک ئامرازێک بە شێوەی ئەزموونگەراییانە بە کار دەهێنرێت بۆ ئەوەی زانیاری بە کوالیتی بەرز بەدەست بخات (Mari, n.d: 3). ئەگەر بمانەوێت پێوانەکردن بە پێی سیستەمی وەرگرتە و دەرکردە بخەینە روو، هەر وەک ئەوەی کە لە سیستەمە کۆمپیوتەرییەکان بوونیان هەیە، ئەوا دەکرێت پێوانەکردن وەک پرۆسەیەک لە قەلەم بدەین کە لە گەڵ وەرگرتە کار دەکات، لە پێناو بەرهەم هێنانی دەرکردە(McGrane, 2010: 2 )

هەروەک لەم هێلکارییەدا دیارە:

وەرگرتە ---------->   گۆرینی فۆرم-transformation- ئالۆگۆرپێکردن   ----------> دەرکردە    

یان بە مانایەکی دیکە و بە شێوەی ووردتر:

وەرگرتە ---------->    هەلسەنگاندن  ---------->   دەرکردە (McGrane, 2010: 2 )

 

بۆیەش، بە پێی مودێلی چوارگۆشەی رەش بێت، ئەوا دەکرێت بڵێین پێوانەکردن پرۆسەی بەرهەمهێنانی یەکەی زانیارییە کە پێی دەوترێت دەرئەنجامی پێوانە، بەو پێیەی کە ئەویش زانیارییەکان لە سیستەمی ژێر پێوانە دەگوازێتەوە:

سیستەمی ژێر پێوانە  ---------->   پێوانەکردن  ---------->    دەرئەنجامی پێوانەکردن

 

لە بەر ئەوەی کە خشتەی سەرەوە بە شێوەی گشتگیر ئاماژە بە پێوانەکردن دەدات، بۆیەش پێویستیمان بە هەندێک روونکردنەوە لەو بارەیەوە هەیە:

-           بابەتی راستەقینە بۆ پێوانە، هەمان سیستەمی ژێر پێوانە نیە، هەر بۆیەش لێرەدا بە کارهێنانی زاراوەیەک وەک سیستەمی پێوانەکراو رەنگە جۆرێک لە هەلە یان زیادەرەوی لە خۆ بگرێت. بە مانایەکی دیکە، ئێمە لێرەدا تەنیا پێکهاتە تاکییەکانی نێوان ئەو سیستەمە وەک زانینی رەنگی پەرێک، بەرزی دەنگ یان هەر پێکهاتەیەکی تاکانەی تر پێوانە دەکەین؛

-           ئەو پێکهاتە تاکییەی کە پێوانە دەکرێت پێی دەوترێت مێژراند(measurand)( یەکەی ژێر پێوانە)؛  

-           زانیارییەکان لێرەدا بە شێوەی بەها یان بەهای پێکهاتەیی پێوانەکراو پێشکەش دەکرێن؛   

-           گرنگە جیاوازی بکرێت لە نێوان ئەو یەکە پێکهاتە راستییەی کە هەیە، لە گەڵ ئەو بەهایەی کە بۆی دانراوە؛

-           هەر کاتێک ئاماژە بە ئەنسێرتنتی لە پێوانەکردن بدرێت، ئەوا دەرئەنجامەکانی پێوانەکە بە شێوەی زۆر ئالۆزتر دەردەکەون و خۆیان پێشان دەدەن؛

-           دەرئەنجامە پێوانەکراوەکان هەندێک جار وەک چەندایەتی نەک پێکهاتە(property) ئاماژەیان پێ دەکرێت، ئەمەش لە سەر ئەو بنەمایەی کە چەندایەتییەکان هەمیشە بریتین لە خودی پێکهاتەکان، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هەموو پێکهاتەیەکیش نابێت بە چەندایەتی (Mari, n.d: 6-7).

پێوانەکردن لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا

لە گەڵ ئەوەشدا کە چەندایەتی لە بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکان چەندین سەدە پێش ئێستا سەری هەلداوە، بەڵام زیادتر لە بواری باج و سەرانە و بیمە؛ بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە پراکتیکیەکان سودی لێ وەرگیراوە. دەکرێت بلێین ئاماری کۆمەڵایەتی تا ١٨٣٠ گەشەسەندنێکی وەهای بە خۆیەوە نەبینیبوو، بەڵام دوای هەولەکانی ئەدۆلف کوێتلێت، وەکو لقێکی ئەکادیمی بە شێوەیەکی خێرا گەشە دەسەنێت و کاریگەرییەکەی بە روونی بە دیار دەکەوێت (Bunge, 1995: 5). لە هەمان کاتدا، پێوانەی کۆمەڵایەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەرەتاکانی سالانی ١٨١٠ دەگەرێتەوە کاتێک کە گرووپە ئایینی و گرووپە چاکسازییە کۆمەڵایەتییەکانی تر ڕۆڵی گرنگییان لە بەرەو پێش بردنی ئەو بوارەدا بینی. بۆ نموونە، بە کارهێنانی ئامارەکان لە ١٨١٠ لە زیندانی شاری فیلادێلفیای ویلایەتی پێنسلڤانیای ئەمریکا، بە یەکەم هەول لە پێناو بەکارهێنانی ئاماری کۆمەڵایەتی بۆ دروست کردنی گۆرانکاری کۆمەڵایەتی دادەنرێت. چاکسازیخوازان لە رێگای کومەلێک زانیاری کە لە رێگای چەند خشتەیەکەوە نمایش کرابوون، هەولی ئەوەیاندا ئاماژە بە بارودۆخی نالەباری زیندانییەکان بدەن، بەوەی کە هەندێکیان بۆ ماوەی پێج سال بوو چاوەروانی دادگایی کردن و یەکلابوونەوەی کەیسەکانیان دەکرد. هەروەها، ئەوان دەیانویست لە رێی ئەو زانیارییانە ئەوە پێشان بدەن کە چۆن دەزگاکانی دادوەری لە وڵات شکستیان هێناوە و ناتوانن کارەکانیان بە خێرایی ڕاپەرێنن. هەلبەتە گرنگە ئاماژە بەوەش بدەین کە لەو کاتەدا تێگەیشتنێکی وەها لەبارەی چوونیەتی سوود وەرگرتن و بەکارهێنانی ئەو ئامارانە نەبووە یان دەکرێت بلێین: هێشتان لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خۆیدا بووه. دوا بە دوای ئەمە و لە ١٩٣٠ لە ئەمریکا، لە سەر دەستی بزۆتنەوەی تێمپرانس کە هەولیان لە پێناو دەرخستنی کاریگەرییە خراپەکانی بە کارهێنانی ماددە کحوڵییەکان دەدا، بۆ یەکەم جار مرۆڤەکان فێری ئەوە بوون چۆن بتوانن لە رێگای ئامارەکانەوە بە هەندێک دەرئەنجام بگەن. بزوتنەوەی تێمپرانس، نەک تەنیا هەولی ئەوەی دا کە لە رێگای ئامارەکانەوە، کێشە جوراوجورەکانی پەیوەندیدار بە بەکارهێنانی مادە کحوڵییەکان دەربخات، بەلکو زیاتر لەمەش، ویستیان بەکارهێنانی مادە کحوڵییەکان وەک هۆکار و لایەنی پەیوەندیدار بە تاوانکردن، کێشە ئاکارییەکان، هەژاری و بە فیرۆدانی ئابووری پێش چاو بخەن. هەر دوا بە دوای ئەم هەولانەش، لە نێوان سالانی ١٨٦٦-١٨٩٩ لە بەر ئەوەی کە لەڕووی ژیانی سیاسییەوە، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەوروپا کێشەکانی وەک مووچەی مانگانە، بێ کاری و بارودوخی کرێکاران بوون بە بابەتی رۆژانە، بۆیەش چەندین دامەزراوەی تایبەت بە ئاماری کرێکاران سەریان هەلدا (Dettweiler and others, 2020: 5-6). گرنگە لێرەدا ئاماژە بەوەش بدرێت کە کاریگەری ئاماری کۆمەڵایەتی بە سەر تیۆری کۆمەڵایەتی زۆر بە کەمی بە دیار دەکەوێت، لە هەمان کاتیشدا و بە نزیککراوەیی نیو سەدەی پێچووە تا کاریگەرییەکەی بە سەر ئابووری و سەدەیەکیش تاوەکو توانیویەتی کاریگەری بە سەر لقەکانی تری زانستە کۆمەڵایەتییەکان دروست بکات. تەنانەت، ئەگەر تەماشای کارەکانی هەندێک زانای وەک میل، مارکس، ڤێبەر، پارسۆنز، و پارێتۆ بکەین، ئەوا لایەنی چەندایەتی زۆر بە کەمی لە کارەکانیان بەدی دەکرێت. لەمە زیادتریش و لە سەردەمی ئێستادا، قۆتابخانە ئابوورییەکان بە شێوەیەکی بنەرەتی ناچەندایەتین و تەنانەت لە بەرەی دژ بە چەندایەتیش ڕادەوەستن (Bunge, 1995: 5).

''هین''  ٢٠١٣ ئاماژە بەوە دەکات کە ئیدی رەنگە ناچار بین دان بەو ڕاستییە دابنێین کە توانای دەرک کردن و مەعریفی مروڤ و لایەنی کەسایەتیەکەی چەندایەتی نیە، بۆیەش بەو دەرئەنجامە دەگەین کە هیچ رێگایەکمان لە بەر چاو نیە بتوانین کێشەی پێوانەکردن بە تایبەتی لە ڕووی ماتماتیکییەوە چارەسەر بکەین (Mari and Dario, 2017: 29).

بە بەراورد بە زانستە سروشتییەکان، هەندێک لە زاناکان وای دەبینن کە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان و بە تایبەتیش لە دەرونزانی، رەنگە نەکرێت پێوانە بە کار بهێنرێت. ''میشل'' ساڵی ٢٠٠٩ ئاماژە بەوە دەدات کە بە پێچەوانەی چەندایەتییە سروشتییەکان، ئەوا مەرج نیە تایبەتمەندیەکانی ''سروشتە دەروونییەکان'' بە شێوەی ناچاری چەندایەتی بن. ئەو پێی وابوو کە جیاوازی لە نێوان تایبەتمەندییەکان و سروشتی ئەم دوو بوارە زانستییەدا هەن. لە هەمان کاتدا، ''ترێندەریش'' ساڵی ٢٠٠٩ پێی وابوو شتێک بە ناوی چەندایەتی و پێوانەکردن لە دەرونزانیدا نییە، ئەمەش لە بەر ئەوەی کە ئێمە کونترولی پێویستمان بە سەر بابەتەکانی ژێر لێکولینەوەی ئەو لقە زانستیە نیە. لە گەڵ ئەوەشدا کە گریمانەکانی ئەم زانایانە جێی بایەخ و سەرنج دانن و ئارەزووی دووبارەکردنەوەی مودێلی زانستە سروشتییەکان لە دەرونزانی مێژوویەکی دور و درێژی هەیە، بەڵام هەروەک کۆن لە ١٩٦١ ئاماژەی پێ دەکات، گرنگە ئەوە لە بیر نەکەین زانستە سروشتییەکان لە بواری پێوانەکردندا پێویستیان بە سەدان ساڵ لە هەول و کارکردنی چوونایەتی هەبووە هەتا بەو سەردەمەی ئێستا گەیشتووون. کەواتە، گرنگە پەلە نەکەین لەوەی کە بەم خێراییە بریار لە سەر مەحال بوونی پێوانە لە دەرونزانی بدەین، بەلکو ئەگەر بمانەوێت مەحاڵ بوون یان نەبوونی پێوانەمان بۆ دەربکەوێت، ئەوا یەکەم شت کە پێویستە بیکەین، ئەوەیە کە گومانەکان لە سەر پێوانە و چەندایەتی لابەرین (Lester et al, 2014) .

لە لایەکی دیکەوە، رەخنەگرانی بواری پێوانەکردن و چەندایەتی پێیان وایە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بە پێچەوانەی زانستە سروشتییەکان، یانیش بە مانایەکی دیکە، رەفتارە مرۆییەکان بە بەراورد بە شتە سروشتییەکان و تەنانەت زیندەوەرانی دیکە، لە بەر ئەوەی کە بابەت و شتەکان هۆکار و مانا و واتا لە خۆ دەگرن، بۆیە ناکرێت و توانای پێوانەکردنیان نابێت. رەخنەگران بە هێنانەوەی چەندین بەڵگەی فەلسەفی و میتۆدۆلۆجییەوە هەول لە پێناو جەخت کردن لە سەر سەلماندنی قسەکانیان دەدەن  ((Cobb and Craig, 1998: 2 .

هەروەها، ''ماریو بانج'' لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە (ئایا دەکرێت هەموو خەسڵەتێک بە چەندێتی بکرێت؟ )، پێیوایە تەنیا بوون نەبێت کە چۆنایەتیە، ئەوا بۆ هەموو شتەکانی دیکە مەسەلەی بە چەندایەتی کردن دەوەستێتە سەر توانا و حەز و ئارەزووی ئێمە بۆ بابەتەکە. هەر لە بەر ئەمەش، ئەگەر ئێمە شکستمان خوارد لە بە چەندایەتی کردن، ئەوا لە جیاتی ئەوەی بریاردانی پێش وەختەمان لە سەر پرۆسەکە هەبێت، وا باشترە دەرفەت بە کەسانی تر بدەین و هانیان بدەین بۆ ئەوەی ئەوانیش هەول و تواناکانی خۆیان بخەنە گەڕ. لەمە زیاتریش، ''بانج'' بە مەبەستی زیادتر جەخت کردنەوە لە سەر ئەم مەسەلەیە، ئاماژە بە دوو بنەمای پلەداری(هەنگاو بە هەنگاو) دەکات کە ئەمانەن:

1.       کوی پێکهاتەی هەر شتێکی کونکرێتی، بێجگە لە بوون، لە بنەرەتدا دەکرێت بە چەندایەتی بکرێت؛

2.       پێکهاتەی هەر یەکەیەکی کونکرێتی، بێجگە لە بوون، بە لایەنی کەمەوە نیشاندەرێکی (ئیندیکێیتەرێکی) (indicator) بابەتی و تەکنیکێکی پێوەری لەخۆدەگرێت (Bunge, 1995: 2-3).

کێشەکانی پەیوەندیدار بە پێوانە و پێوانەکردن لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕەهەندی جۆراوجۆر لە خۆ دەگرن، جا چ لەڕووی هاوڕانەبوون لە سەر مانا و پێناسەیەکی جێگیر بۆ چەمک و زاراوەکان یان لە ڕووی خودی سروشتی ئەو بابەتانەوە بێت کە لەو بوارە زانستییە هەن. هەر لە بەر ئەمەش، دەبێت هەمیشە ئەو راستییەمان لە بیر بێت کە پێوانە یەکەیەکی سروشتی نییە، واتا یەکەیەک نییە کە لە ئەبەد و ئەزەلەوە هەبووبێت. بە مانایەکی دیکە، ناکرێت بڵێین کە پرۆسەیەکە لە لایەن مرۆڤەوە نەدوزراوتەوە و بەدەر لە مرۆڤ هەر هەبووە، بەلکو بە پێچەوانەوە، پێوانە بریتیە لە پرۆسەیەکی بە مەبەست دانراو(Mari and others, 2013: 2). لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا و لە کاتی توێژینەوەی مەیدانی و رووپێو کردن ئەوا توێژەر لەڕووی پێوانەکردنەوە تووشی کۆمەڵە کێشەیەکی جۆراوجۆر دەبێتەوە کە لێرەدا هەول دەدەین ئاماژە بە هەندێکیان بدەین:

-           نموونەکە وەڵامی پرسیارێک ناداتەوە کە بەلایەوە هەستیار بێت یان مەترسی لە سەر ژیانی دروست بکات. یانیش تەنانەت هەست بەوە بکات کە رەنگە بە وەڵام دانەوەی پرسیارەکە مەترسی بۆ سەر ژیانی دروست ببێت؛ 

-           بەشداری نەکردنی نموونە لە پرسیارەکانی توێژینەوە: هەندێک جار ئەستەمە بکرێت چاوپێکەوتن لە گەڵ نموونەی لێکولینەوەکەدا بکرێت، ئەمەش کاتێک کە چەند کەسانێک لە نموونەی هەلبژێردارو ئامادەیی ئەوەیان تێدا نابێت بەژداری لە توێژینەوەکەدا بکەن. ئەمەش پێی دەوترێت وەڵام نەدانەوەی یەکە، کە لێرەشدا ئەگەر ئەوانەی کە ئامادەیی بەژداری کردنیان لە رووپێوەکەدا نەبووە، بە شێوەی سیستەماتیک جیاواز بن لەو ئەندامانەی نموونە کە بەژدارییان لە رووپێوەکەدا کردووە، ئەوا دەبێتە هۆی دروست بوونی لایەنگری لە دەرئەنجامەکانی توێژینەوەکە؛   

-           بەشداری نەکردن و وەڵام نەدانەوەی نموونە بۆ پرسیارێکی دیاریکراو: لێرەشدا پرۆسەی ڕووپێوکردنەکە رووبەڕووی کێشە دەبێتەوە، کاتێک کە نموونەکە بەژداری لە ڕووپێوەکەدا دەکات و ئامادەیی ئەوە پێشان دەدات کە وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا، ئامادەیی ئەوەی تێدا نابێت وەڵامی برگەیەکی دیاریکراو بداتەوە، ئەمەش پێی دەوترێت وەڵام نەدانەوەی برگەیی یان دانەیی، ئەمەش جارێکی تر رەنگە ببێتە هۆی دروست بوونی لایەنگری لە دەرئەنجامەکان؛

-           بە هەڵە وەڵامدانەوەی پرسیارەکان (خۆلادان لە وەڵامی راست): بە تایبەت کاتێک ئەندامانی نموونەکە بە شێوەیەک وەڵامی پرسیارەکە بدەنەوە، کە وەڵامەکان لە لایەن کۆمەڵگاوە رەوا و جێگای پەسەند بن. بە واتایەکی دی، هەندێک جار نموونەی لێکولینەوەکە نایەوێت ئەو کەسەی کە چاوپێکەوتنی لە گەڵ دەکات وەڵامە راستەکەی دەست بکەوێت و هەول دەدات وەڵامێک بخاتە روو کە جێی رەزامەندی گشت بێت، نەک ئەو وەڵامەی کە خۆی مەبەستییەتی. ئەم جورە وەڵام دانەوانەش، هۆکارن بۆ ئەوەی ئەستەم بێت تاوەکو بتوانین رەفتار و بیر و بۆچوونە هەستیارەکان پێوانە بکەین. بۆ نموونە، ئەگەر پرسیاری ئەوە لە نموونەی توێژینەوەکە بکرێت کە ئایا بەژداری هەلبژاردنەکانیان کردووە یان نە، رەنگە نموونە بە بەلێ وەڵام بداتەوە، ئەمەش وەک وەڵامێک کە لە لایەن گشتەوە پەسەندکراوە، کەچی لە راستیدا ئەندامی نموونەکە بەژداری هەلبژاردنەکانی نەکردووە (Mari et al, 2021C: 93-96).

یەکێک لە کێشەکانی دیکەی گرێدراوی پرۆسەی پێوانەکردن بریتیە لەو جیاکاریی و لایەنگرییەی کە لە تاقیکردنەوەکاندا بۆ هەموو ئەو گرووپانەی کە پێوانەکە بە سەرییاندا جێبەجێ دەکرێت، هەیە. بۆ نموونە، ئارکاگنی و هاوکارانی ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەگەر تاقیکردنەوەکان لە پێناو پێشبینی کردنی دەرئەنجامەکان لە داهاتوودا بونیادنرابن، ئەوا گرنگە تا دەکرێت ئەم تاقیکردنەوانە وورد و دروست بن. بەو مانایەی کە ئەو تاقیکردنەوەانە دەبێت بە شێوەیەکی یەکسان پێشبینی بۆ هەموو گرووپەکان بکەن. بۆیەش، ئەو کاتە تاقیکردنەوەیەک بە تاقیکردنەوەی جیاکاری، نایەکسان و لایەنگرانە لەقەلەمدەدرێت کە هەمان دیقەی پێشبینی کردنی نەبێت. بە واتایەکی دی، کاتێک دوو گرووپ لە ڕووی هەمان ئاستی کۆنتراستەوە پێناسە کرابن، ئەوا نمرەی بە دەست هاتوو لە سەر دوو گرووپەکەش لەبارەی پرسیارێک یان تاقیکردنەوەیەک دەبێت یەکسان بێت. کەواتە ئەگەر پێشبینی ئەوەمان لە بارەی دوو گرووپەوە کرد کە نمرەی یەکسان بە دەست بهێنن، بەڵام نمرەی جیاوازییان لە تاقیکردنەوە بە دەست هێنا، ئەوا ئەم تاقیکردنەوەیە بە تاقیکردنەوەیەکی (ئەزموونێکی) لایەنگرانە لەقەلەمدەدرێت. شایەنی باسکردنیشە کە ئەمە هەرگێز بەو مانایە نایێت کە ئەگەر لە گرووپێکدا، دوو یان سێ کەس نمرەی کەمترییان لەوەی لێیان چاوەروان دەکرا بە دەست هێنا، ئەوا کۆی تاقیکردنەوەکە بە لایەنگرانە لەقەلەمبدرێت، بەلکو، رەنگە ئەم حاڵەتە بچێتە چوارچێوەی (error)هەلەی پێوەری. کەواتە، تەنیا ئەو کاتەی کە جیاوازی لە سەرتانسەری گرووپەکە بەدی کرا، ئەوا بەو پێیەی کە ئەم حالەتە ئەستەمە بچێتە چوارچێوەی هەلەی پێوەرییەوە، ئەوا ئەو کاتە دەکرێت تاقیکردنەکە بە لایەنگری لەقەلەمبدرێت(Arcagni and others, 2021: 480).

پێش ئەوەی کە ئێمە پرسیار یان تاقیکردنەوەیەک بە لایەنگرانە لە قەڵەم بدەین، ئەوا پێویستە کە لایەنەکانی تریش کە ڕەنگە هۆکاری جیاوازییەکە بن لە پێش چاو بگرین، نەک ئەوەی کە تەنیا تەرکیزمان لە سەر خودی تاقیکردنەوەکە بێت. بۆ نموونە، ئەگەر وا دابنێنین کە لە یەکێک لە زانکۆکان نمرەی رەگەزی نێر لە وانەی بیرکاری بەرزترە لە رەگەزی مێ، ئایا دەکرێت بلێین: کە ئەمە راستەوخۆ مانای ئەوە دەدات کە ناوەروک و خودی تاقیکردنەوەکە جیاکاری بەرامبەر بە رەگەزی مێ کردووە؟ ئەمە رەنگە راست بێت، بەڵام بە دلنییاییەوە ئێمە پێوسیتیمان بە کۆکردنەوەی زانیاری زیادترە، پێش ئەوەی بتوانین بریار لە سەر هەبوون یان نەبوونی جیاکاری لە تاقیکردنەوەکە بدەین. دەبێت ئەوەمان لە بیر بێت کە رەنگە زۆر هۆکاری تر بوونیان هەبن تاکو رەگەزی نێر نمرەی بەرزتر لە رەگەزی مێ بە دەست بهێنێت، نەک خودی تاقیکردنەوەکە. بۆ نموونە، ئەگەر دواتر بوومان دەرکەوت کە رەگەزی نێر زیاتر لە رەگەزی مێ بەژداری کۆرسەکانی ڕاهێنانی بیرکارییان کردووە، ئەوا بە دلنییاییەوە ئەمە دەکرێت هۆکارێکی گرنگ بێت بۆ ئەوەی بۆمان ڕوون ببێتەوە کە بۆچی رەگەزی نێر نمرەی بەرزترییان لە تاقیکردنەوەی بیرکاری بە دەست هێناوە. بۆیەش، لە پێناو بەرزکردنەوەی نمرەی رەگەزی مێ لە وانەی بیرکاری، ئەوا رەنگە پێویست بەوە بکات کە ئەوانیش زیاتر بەشداری کۆرسەکانی راهێنانی بیرکاری بکەن، نەک ئەوەی کە بمانەوێت هۆکاری نزمی نمرەکانیان، بە شێوەیەکی راستەوخۆ و یەکسەر بۆ جیاکاری لە سروشتی تاقیکردنەوەکە بگەرێنینەوە((Arcagni et al, 2021: 480

پرۆسەی پێوانەکردن و بنەماکانی پێوانەکردنێکی باش

لە پێناو پێوانەیەکی باش، دەکرێت ئاماژە بە سێ بنەمای سەرەکی بۆ پێوانەکردنی گۆڕاوەکان لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بدەین، کە ئەوانیش ئەمانەی خوارەوەن (Mari et al, 2021D:225-226):

1.       خەسڵەتەکانی پەیوەندیدار بە توێژینەوە دەبێت هەمان بەهایان پێبدرێت: بەو مانایەی کە هەر کەسێک یان کەیسێک تەنیا دەبێت یەک (category) کاتەگوری بیانگرێتەوە. بۆ نموونە ئەگەر بمانەوێت گۆڕاوی ئایین پێوانە بکەین بە دەستنیشانکردنی چوار خەسڵەت یان وەڵامی (مەسیحی، نامەسیحی، جوو، و موسلمان) ئەوا لێرەدا توێژینەوەکەی ئێمە تایبەتمەندی هەبوونی خەسڵەت بە بەهای یەکسان لە خۆ ناگرێت. لێرەدا کەسێکی موسلمان یان جوو خۆی لە خۆیدا بە کەسێکی نامەسیحی لەقەلەمدەدرێت، بۆیەش ئەندامی نموونەکە ئەگەر هەر یەکێک لە بەهاکانی (موسلمان-غێر مەسیحی) یان (جولەکە_غێر مەسیحی) هەلبژێرێت هەر راستە. بە مانایەکی دیکە، زیاتر لە یەک وەڵامی راست بۆ وەڵام دانەوە هەیە، کە ئەمەش بە مانای پێنەدانی بەهای یەکسان بۆ هەموو خەسڵەتەکان وەک یەک دێت.

2.       خەسڵەتی گشتگیری: بەو مانایەی هەر کەیسێک کە هەمانە دەبێت کاتەگۆریێک (گرووپێک) لە خۆی بگرێت. بۆ نموونە، لە کەیسی ئایینەکان ئەگەر بمانەوێت وەڵامی ''نامەسیحی'' لاببەین بۆ ئەوەی پرسیارەکەمان تایبەتمەندی بەهای یەکسانی هەبێت، ئەوا هێشتان هەر بە پرسیارێکی گشتگیر داناندرێت، چونکە پرسیارێک تەنیا ئەو کاتە تایبەتمەندی گشتگیر دەبێت، کە هەموو ئەگەرەکان لە ناو خۆیدا هەلبگرێت. بە مانایەکی دیکە، دەبێت وەڵامەکان هەموو جۆرە بارۆدوخێک کە رەنگە ئەگەری بوون یان روودانیان هەبێت، لە خۆ بگرن. لە نموونەی ئایینەکان، ئایینی مەسیحیەت و ئیسلام و جوو تەنیا ئایینێک نین کە هەبێت، بەلکو بە هەمان شێوەش، کۆمەڵە ئایینێکی تریش وەک بوودیزم، و هیندۆییزم و... هەن کە دەکرا وەک وەڵام و ئەگەرێک دەستنیشان بکرێن بەڵام هیچ شوێنێکیان لە پرسیارەکە پێ نەدراوە. بۆیەش، ئەگەر بلێین ئایینی (مەسیحی، جوو، ئیسلام و ئایینەکانی دی)، ئەوا لێرەدا پەیرەوی هەر دوو خەسڵەتی ئاماژە پێدراومان کردووە؛ 

3.       فرە ڕەهەندی: لێرەدا مەبەست لە فرەڕەهەندی ئەوەیە کە پێوانەکە لە ناوخۆیدا لەگەڵ یەک دەگۆنجێت. لەم حالەتەدا ئەگەر ئێمە کۆمەڵە پارچە زانیارییەکی جۆراوجۆری دیاریکراو تێکەل بە یەک پێوەر یان بابەت بکەین (بخەینە ناو یەک پێوەر)، ئەوا مەرجە هەموو ئەو پارچە زانیارییانە پێوانەی هەمان شت بکەن. هەروەها، هەندێک جار تەکنیکی پێشکەوتووتر وەک شیکردنەوەی فاکتەر بە کار دەهێنرێت بە مەبەستی دەستنیشانکردنی فرە ڕەهەندی داتاکان.   

لێرەدا هەندێک پێشنیار دەخرێنە روو لە پێناو هەلبژاردنی پێوەرێکی گۆنجاو لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان کە بە کورتی ئەمانەن((Mari and others, 2021D: 207  :

-           بنەمای سەرەکی هەر پێوانەیەک ئەوەیە کە دەبێت پێوانەکە یەک بگرێتەوە لە گەڵ پێناسەی دیاریکراوی چەمکی ئەو پێکهاتەیەی(contrast) کە لە ناو توێژینەوەکەدا بە کار دێت. بۆیەش، گرنگە لە پێناو هەلبژاردنی پێوەرێکی گۆنجاو بیر لە پێناسەی چەمکی ناو توێژینەوەکە بکرێتەوە؛

-           پێویست بەوە ناکات کەسی توێژەر خۆی تەنیا بە پێوەرێک یان جۆرە پێوەرێکی دیاریکراوەوە گرێ بدات، بەلکو باشترە کە داهێنەر بێت و بەردەوام بە دوای پێوانەی تر بگەرێت. بە مانایەکی دیکە، دەبێت بە شێوەی کراوە بیر بکرێتەوە، بەو پێیەی کە ناکرێت بیر لەوە بکرێتەوە کە جەخت کردنەکە تەنیا لە سەر پێوەرێک بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان بێت؛ 

-           ئەگەر توێژەرانی دی زانیاریی بە نرخیان لە بارەی هەلبژاردنی پێوەرێکی دیاریکراو دەست کەوت، ئەوا شتێکی ئاساییە کە توێژەر سوود لەم جۆرە زانیارییانە وەربگرێت. زۆر جار بیرۆکەی باش بۆ گۆرانکاری تێدا کردن یان هەلبژاردنی پێوەرێکی گۆنجاو دەکرێت لە ناو ئەدەبیاتی پێشووتر بدوزرێتەوە. بۆیەش، هەوڵدان بۆ دەستکەوتنی زانیاری لەبارەی کارەکانی توێژەرانی دیکە بە مەبەستی دەستنیشانکردن و هەلبژاردنی پێوەرێکی گۆنجاو بە هەنگاوێکی باش و پێویست دادەنرێت.  

-           لە بەر ئەوەی کە کێشە پراکتیکی و لۆجیکییەکان لە کاتی هەوڵدان بۆ پێوانەکردنی گۆڕاوەکانی توێژینەوەکە سەر هەلدەدەن، بۆیەش، ئەگەر پلان و بەرنامە دارێژی پێشوەختەمان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە هەبێت، ئەوا دەکرێت بە سەریاندا زال ببین.   

-           پێوەرەکە دەبێت لە گەڵ یەکەی شیکردنەوەی توێژینەوەکە بگونجێت، هەروەها توانای گشتاندنیش بە توێژەر ببەخشێت، بۆیەش دەبێت هەمیشە جەخت لە سەر یەکەی شیکردنەوەکە بکرێت بۆ ئەوەی لە گەڵ پێوەرەکە هاوتەبا بێت.

لێرەدا هەول دەدەین لە سێ ڕوانگەی جیاوازەوە، ئاماژە بە تایبەتمەندییەکانی پرۆسەی پێوانەکردن و پێویستی بۆ زیادتر ووردبوونەوە لەو بابەتەدا بکەین. سێ ڕوانگەکان بریتین لە شیکردنەوەەی واقعییانە، شیکردنەوەی کرداری، و هەروەها شیکردنەوەی پێشکەشکاری بۆ پێوانەکردن

بە کورتی دەکرێت هەر یەک لەم ڕوانگانە بەم شێوەیە بخەینە روو:

1.       شیکردنەوەی واقعییانە بۆ پێوانەکردن: هێشتان کۆمەلێک زانا و فەیلەسوفی بواری پێوانەکردن، بڕوای تەواویان بە بنەما سەرەکییەکانی ئەم روانگەیە هەیە کە خاڵە سەرەکییەکانی دەکرێت لەمانەدا کورت بکرێنەوە: هەر شتێک کە پێوانە دەکرێت بریتیە لەو یەکە و پێهاتەیەی کە رێژەکەی جێگیره و بە شێوەی چەندایەتییە؛ رێژە چەندایەتییەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ لەم جیهانەدا بوونیان هەن، بە بێ ئەوەی کە پێویستیان بە هیچ پرۆسەیەکی پێوانەکردن هەبێت؛ پێوانەکردن تەنیا بریتیە لەو پرۆسەیەی کە ئەم رێژە چەندایەتییانەی پێشتر لە جیهاندا بوونیان هەبوون، دەستنیشان بکات و بەدەر بخات، یان بە مانایەکی دیکە ئەو ڕێژە چەندێتییانە دەدۆزێتەوە؛ سیستەمە پێوەرییەکان بەها ڕاستەقیینەکانی ئەم یەکە چەندایەتییانە وەردەگرن و بەهای پێوانە کراوی ئەم یەکانە وەک بەرهەمی پێوانەکردنەکە دەخەنە روو؛ لە سیستەمە پێوانەییە ئایدیاڵەکاندا، بەهای پێوانەکراو بریتییە لە هەمان بەهای ڕاستەقینە کە لەو یەکەیەدا هەیە؛ لە لایەکی دیکەوە، سیستەمە پێوەرییەکان لە بەر سروشتی جێبەجێ کارییان، ئەوا توانای ئایدیال بوونیان نابێت؛ بە هەمان شێوەش، ناکرێت بڵێین کە پرۆسەی پێوانەکردن بریتیە لە پرۆسەیەک کە هەلە لە خۆ ناگرێت.

2.       شیکردنەوەی کرداری بۆ پێوانە: لێرەدا مەزندەی ئەوە دەکرێت کە ئەو یەکانەی پێوانە دەکرێن، ئەوا بە پێی جۆری ئەو میتۆدانەی کە ئێمە بۆ پێوانەکردن بە کار دەهێنین و سودی لێ وەردەگرین، دەستنیشان دەکرێن. شیکردنەوەیەکی تەواو جێبەجێکاری یان ئەزموونی بۆ پێوانەکردن رەنگە جارێکی دی ئێمە تووشی کێشە بکاتەوە، ئەمەش لە بەر ئەوەی کە دەرئەنجامەکانی پێوانەکردن بریتین لەو کومەلە زانیارییانەی کە دەکرێت لە دەرەوەی ئەو چوارچێوە ئەزموونییەی کە ئەو زانیارییانە تێیدا کوکراونەتەوە، شی بکرێنەوە و لێکدانەوەیان بۆ بکرێت. ئەمەش جارێکی دی ئەو راستییەمان بۆ دەردەخات کە، یەکەی پێوانە کراوە بە جیاواز دەردەکەوێت بە بەراورد بەو یەکەیەی کە بە هۆی ئامرازی پێوانەکردنەوە بە باشترین شێوە هەولی پێوانەکردنی دراوە. بۆیەش، ئیدی ئایدیاڵ نەبوونی پێوانەکە بۆ هەلەی پێوانەیی-error- ناگەرێتەوە، بەلکو بۆ گومان و دڵنیانەبوونی -uncertainty- پێوانەکردنەوە دەگەرێتەوە. لە پێوانەکردنی مودێرندا، وا دەبینرێت کە ئەگەر هەلسەنگاندن بۆ هەموو لایەن و پێکهاتەکانی هەلە لە پێوانەکردندا بکرێت و راست بکرێنەوە، ئەوا لە گەڵ هەموو ئەم هەولدانانەش بۆ نەهێشتنی هەلەی پێوانەیی، هێشتان جورێک لە گومان و نادلنیایی بۆ راستی و دروستی دەرئەنجامی پێشکەشکراو هەر بوونی دەبێت. ئەم گومانەش بریتییە لەوەی کە تا چەند بە باشی و ووردیی و رێکوپێکی دەرئەنجامەکانی پێوانەکردن گوزارشت لە بەهای ئەو یەکەیە دەکەن کە پێوانە کراوە.

3.       شیکردنەوەی پێشکەشکاری بۆ پێوانەکردن: لێرەدا شیکردنەوەی پێشکەشکاری بۆ پێوانەکردن جێگای تێروانینە ئۆنتۆلۆجیە ڕەسەنەکەی گرتۆتەوە. بە پێی تێروانینە ئۆتنولۆجیە کۆنەکە، پێوانەکردن بە لە بەر چاوگرتنی ئەگەری هەبوونی هەلە، ئەوا لە پێناو دۆزینەوەی راستییدا بونیاد نراوە، ئەمەش لە کاتێکدا بە پێی شیکردنەوەی پێشکەشکاری، پێوانەکردن لە ئاستێکی زۆر نزمتری پێشکەش کردنی ڕاستیدایە. لە هەمان کاتدا و سەرەرای ئەوەی کە ئەم یەکانە ڕەنگە لە ئاستێکی نزمتری پێشکەش کردنی راستیدا بن، بەڵام هێشتان وەک یەکەیەک کە توانای پێوانەکردنیان هەبێت، دەردەکەون. توانای پێوانەکردنی ئەو یەکانەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە هێشتان دەکرێت وەک بەهایەکی ژمارەیی پێشکەش بکرێن. گرنگترین چەمک لێرەدا پێشکەشکارییە، ئەمەش بە مانای گۆڕین یان پێشکەشکردنی شتەکان یان پێکهاتەکانییان لە یەکەی ئەزمووونییەوە بۆ یەکەی سیمبۆلییە. لە هەمان کاتدا، دەکرێت بلێین کە پێوانەکردن بریتییە لە توانای بە کارهێنانی ژمارەکان بە مەبەستی وەسفکردنی دیاردەیەکی دیاریکراو (Mari, 2003: 2-4). 

هەلسەنگاندن؛ یەکێکی تر لەو چەمکانەیە کە بە بابەتی پێوانەکردن گرێ دراوە و تەنانەت هەندێک جار وادەبینرێت کە ئەم چەمکە بە مانای خودی پێوانەکردنیش بێت. لەمە زیاتریش، هەندێک بواری دیکەش وەک بریاردانی تاکەکەسی، پێشبینی کردن و تەنانەت کرداری هەڕەمەکیش دەکرێت بچنە چوارچێوەی پێوانەکردن و وەک نموونەی پێوانەکردنیش ئاماژەیان پێ بدرێت. بە مانایەکی دیکە، پێوانەکردن وەک شێوازێکی تایبەتی هەلسەنگاندن مامەلەی لە گەڵ دەکرێت(Mari et al, 2021 A: 2). بە درێژایی مێژوو وا دانراوە کە تایبەتمەندییەکانی پێوانەکردن دەکرێت لەم چەند خالەدا کورت بکرێتەوە:

1.       هۆکارە ئۆنتۆلۆجییەکان: پێوانە بریتیە لەو پرۆسەیەی کە ئامانج لێی دۆزینەوەی ئەو بەهایانەیە کە لە پێکهاتەی شتەکان بە شێوەی خۆڕسک هەن (Mari et al, 2017 A: 78-79). بە واتایەکی دی، پێوانەکردن وەک هەلسەنگاندنێک توانای دەستنیشانکردنی ئەو ژمارانەی هەیە کە لە پێکهاتەی بنەرەتی شتەکان بوونیان هەیە(Mari et al, 2017 A: 2)؛

2.        هۆکارەکانی پەیوەندیدار بە مەعریفە ناسی(ئێپیستمۆلۆجییەکان): پێوانەکردن بریتیە لەو پرۆسەیەی کە ئامانج لێی بەرهەم هێنانی راستی یان بە لایەنی کەمەوە زانیاری بە بەها و باوەرپێکراوه لە سەر ئەو پێکهاتانەی کە ئامانجی پێوانەن؛

3.       هۆکارە پڕاگماتیکییەکان: پێوانەکردن پرۆسەیەکە، بە شێوەیەک دیزاینکراوە بۆ ئەوەی شایستەیی ئەو ئامانجەی تێدا بێت کە هەولی بە دەست هێنانی دەدات، ئەمەش بۆ ئەو پێکهاتانەی کە ئامانجی پێوانەکەن. بە دەربرینێکی دی، بە پێی زانیارییە بەردەستەکان، ئەوا ئەنجامەکانی بە دەست هاتوو لە رێی پێوانەکردن گۆنجاون بۆ هەر ئامانجێک کە هەوڵی بۆ بدرێت(Mari and others, 2021 A: 2)؛

4.       هۆکارە فۆرماڵەکان: ''پێوانەکردن بریتیە لەو پرۆسەیەی کە ئامانج لێی هەلسەنگاندنی پێکهاتەکانە بە شێوەیەکی بەردەوام لە رێگای سیمبۆلەکان'' (Mari et al, 2017 A: 78-79). بە مانایەکی دیکە، پێوانە وەک هەلسەنگاندنێک توانای بەرهەم هێنانی سیمبۆلەکانی هەیە و لە هەمان کاتدا توانای ئەوەمان پێ دەدات کە بە شێوەیەکی فورمال و تەواو پێناسەکراو مامەلە لە گەڵ ئەو سیمبۆلانە بکەین (Mari et al, 2017 A: 2).

لە کوتاییدا گرنگە ئاماژە بەوە بدرێت کە پێوانەکردن هەر دوو پرۆسەی مەیدانی و زانیاری(تیۆری) پێکەوە لەخۆدەگرێت، کە ئامانج لێی بەرهەم هێنانی زانیارییە لەبارەی جیهان و بە تایبەتیش لەبارەی پێکهاتەی ئەو شتانەی کە پێوانە دەکرێن. بە مانایەکی دیکە، تەنیا ئەو کاتە توانای پێوانەی پێکهاتەیەکمان دەبێت، کە شتەکە یان پێکهاتەکە  لە جیهانی ئەزموونیدا بوونێکی حەقیقی هەبێت. سەرەرای ئەمەش، بوونی ئەزموونی شتەکە تەنیا لایەنی پێویست بۆ پێوانەکردن نیە، هەروەها، گرنگە ئاماژە بەوەش بدرێت کە ئەو پێکهاتە ئەزموونییانەی کە لە جیهاندا بوونیان هەیە، بە شێوەیەکی بنەرەتی بە هۆی گۆڕاوە ماتماتیکییەکانەوە دەخرێنە روو(Atta-Asiedu,  2020: 170) .

کێشەی بنەرەتی لە پێوانەکردن لە خودی چەمکی ''یەکەی ژێر پێوانەکردن'' (مێژراند) بەدی دەکرێت، کە لە دوو رووەوە خۆی پێشان دەدات و دەردەکەوێت بەوەی کە:

1.       یەکەی ژێر پێوانە بریتییە لەو یەکەیەی کە ئێمە بە نیازی پێوانەکردنین واتا ئەو یەکەیەی کە دەمانەوێت پێوانەی بکەین؛

2.       هەروەها یەکەی ژێر پێوانە وەک ئەو یەکەیەی کە بابەتی پێوانەکردنە، واتا ئەو یەکەیەی کە لە حەقیقەتدا پێوانەکراوە. (یەکە یان پێهاتە پێوانەکراوەکە)

بابەتی جێی بایەخ لێرەدا ئەوەیە؛ جیاوازی هەیە لە نێوان ئەو پێکهاتەیەی کە ئێمە بە نیازین پێوانەی بکەین، لە گەڵ ئەو پێکهاتە یان یەکەیەی کە لە راستیدا پێوانە کراوە. بە مانایەکی دیکە، جیاوازی هەیە لە نێوان ئەو یەکەیەی کە توێژەر بە مەبەستی پێوانەکردن هەڵیبژاردووە و هەولی پێوانەکردنی دەدات لە گەڵ ئەو یەکە یان پێک هاتەیەی کە بە راستی پێوانە دەکرێت.  بۆ نموونە ئەگەر کەسێک بیەوێت درێژایی شتێک لە پلەیەکی دیاریکراو پێوانە بکات، ئەوا رەنگە لە کاتی پێوانەکردنەکەدا پلەی گەرماکە جیاواز بێت لەو پلە دیاریکراوەی کە بۆی دانراوە، یان پێوەرەکە خۆی گۆرانکارییەک دروست بکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەرئەنجامی پێوانەکە بۆ پێکهاتەکە بە هەلە دەربچێت. یانیش لە کاتی پێوانەی ژیری تاک لە رێگای تاقیکردنەوەیەکەوە، ئەوا ئەگەر تەنیا زانیارییەکان لە سەر توانای کەسەکە بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت لەو تاقیکردنەوەیە وەربگرین نەک توانا ژیرییەکەی، ئەوا جارێکی دیکە دەرئەنجامی هەلەمان دەست دەکەوێت (.Mari, n.d: 17)

ئەنجام

 بە پێی بوارە زانستییەکان گۆرانکاری بە سەر چۆنیەتی پێوانەکردنەکەشدا دێت. تێگەیشتن لە پێوانە لە بواری زانستە سروشتییەکان جیاوازە لەو تێگەیشتنەی کە بۆ پێوانە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا دەکرێت. تەنانەت هەندێک جار وا دەبینرێت کە ئاست، توانا، و شێوازی تێگەیشتنی زانا، توێژەر و چالاکوانانی هەر دوو بوارە زانستییەکەش لە بارەی پێوانەکردنەوە جیاواز بێت. کاتێک باس لە زانستە سروشتییەکان دەکرێت، ئەوا باسکردنە لە جۆرێک لە سەربەخۆیی و رەهایی لە دەرئەنجامەکانی توێژینەوەکان، ئەمەش بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە دەرئەنجامی پێوانەکردنەکان لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە و دەبینرێت. زانستە کۆمەڵایەتییەکان یان ئەو زانستانەی کە لە پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەگەڵ دیاردە مرۆییەکان و جۆری ژیانی مرۆڤ دان، ئەوا جورێک لە لایەنگری لە سروشتەکەیدا بەدی دەکرێت، ئەمەش بۆ جیاوازی بیر و بۆچوون، شیکردنەوە، تێرامان و ماناکان لەو بوارە زانستییەدا دەگەڕێنەوە، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئێمە بۆ مەسەلەی بابەتی بوون لە زانستدا پەلکێش دەکات. بە تێروانین لە سروشتی بابەتەکانی هەر دوو بوارە زانستییەکە، هەروەها مەسەلەی ئەستەمی پێوانەکردن لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بە هۆی رێژەیی بوونی بابەتەکان و رێژەیی راستێتی، ئەوا ڕەنگە بەو دەرئەنجامە بگەین کە پێوانەکردن لە زانستە سروشتییەکان لە ئاستێکی پێشکەوتووترە بە بەراورد بە زانستە کۆمەڵایەتییەکان. لە کاتێکدا کە ئامانجی پێوانەکردن بەرهەمهێنانی جۆرێکە لە راستیێتی، بەڵام لە بەر ئەوەی کە ڕەنگە هەندێک جار پێوانەکردنەکە توانای پێوانەی تەواوی ئەو شتە یان پێکهاتەیەی نەبێت کە ئامانجی پێوانەکردنە، بۆیەش دەکرێت بە دەرئەنجامی هەڵە بگەین و پێوانەکەش لە ئاستێکی نزمتر لەو ئاستەی کە لێی چاوەڕوان دەکرێت، دەربکەوێت.

References

-        Arcagni, Alberto, Marco Fattore, Filomena Maggino, and Giorgio Vittadini. 2021. "Some Critical Reflections on the Measurement of Social Sustainability andWell-Being in Complex Societies." Sustainability 4-5.

-        Atta-Asiedu, Kwaku Ayim. 2020. "Measurement as a Tool in Social Research." ResearchGate 2.

-        Bandalos, Deborah L. 2018. Measurement Theory and Applications for the Social Sciences. Edited by Todd D. Little. New York: The Guilford Press.

-        Bunge, Mario. 1995. "Quality, quantity, pseudoquantity and measurement in social science." Journal of Quantitative Linguistics 5.

-        Cobb, Clifford W., and Craig Rixford. 1998. "Lessons Learned From the History of Social Indicators." Redefining Progress 5-6.

-        Dettweiler, Ulrich, Barbara Hanfstingl, and Hannes Schröter, . 2020. Epistemological and Ethical Aspects of Research in the Social Sciences. Frontiers in Psychology and Frontiers in Education. 2

-        Giordani, Alessandro, and Luca Mari. 2012. "Measurement, Models, and Uncertainty." IEEE Transactions on Instrumentation and Measurement 4.

-        Hammersley, Martyn. 2009. "Is Social Measurement Possible, and Is It Necessary?" ResearchGate 1-2.

-        Imai, Kosuke. 2017. Quantitative Social Science An Introduction. Princeton: Princetion University Press

-        Joint Committee for Guides in Metrology. 2021. "International Vocabulary of Metrology." Joint Committee for Guides in Metrology, January 11.

-        Lester, Paula E., Deborah Inman, and Lloyd Bishop. 2014. Handbook of Tests and Measurement in Education and the Social Sciences. Lanham: Rowman & Littlefield.

-        mai, Kosuke. 2017. Quantitative Social Science An Introduction. Princeton: Princetion University Press.

-        Mari, Luca, Andrew Maul, Torres David Irribarra, and Mark Wilson. 2013. "Quantification is Neither Necessary Nor Sufficient for Measurement." Journal of Physics 2.

-        . Maul, Andrew, David Torres Irribarra, and Mark Wilson. 2015. "On the philosophical foundations of psychological measurement." Elsevier 1-2.

-        Mari, Luca. 1997. "The role of determination and assignment in measurement." Measurement 79.

-        Mari, Luca. 2003. "Epistemology of measurement." Measurement 3.

-        Mari, Luca. n.d. "Measurement Science And Its Evolution." Physical Methods, Instruments and Measurements. Encyclopedia of Life Support Systems

-        Mari, Luca, Andrew Maul, and Mark Wilson. 2016 A. "A meta-structural understanding of measurement." Journal of Physics Conference Series 5.

-        Mari, Luca, Andrew Maul, David Torres Irribarra, and Mark Wilson. 2016 B. "Quantities, Quantification, and the Necessary and Sufficient Conditions for Measurement." Meaurement 2-3

-        Mari, Luca, and Dario Petri. 2017. "The metrological culture in the context of big data: managing data-driven decision confidence." IEEE Instrumentation and Measurement Magazine 4.

-        Mari, Luca, Paolo Carbone, Alessandro Giordani, and Dario Petri. 2017 . "A structural interpretation of measurement and some related epistemological issues." Studies In History and Philosophy of Science 2-4.

-        Mari, Luca, Mark Wilson, and Andrew Maul. 2021 A. "Philosophical perspectives on measurement." In Measurement across the Sciences - Developing a shared concept system for measurement, 79. Springer.

-        Mari, Luca, Mark Wilson, and Andrew Maul. 2021 B. "Technical and cultural contexts for measurement systems." In Measurement across the Sciences - Developing a shared concept system for measurement, 77. Springer.

-        Mari, Luca, Mark Wilson, and Andrew Maul. 2021C. "Modeling measurement and its quality." In Measurement across the Sciences - Developing a shared concept system for measurement, 214. Springer.

-        Mari, Luca, Mark Wilson, and Andrew Maul. 2021 D. "Values, scales, and the existence of properties." In Measurement across the Sciences - Developing a shared concept system for measurement”, 170. Springer.

-        McGrane, Joshua A. 2010. "Are psychological quantities and measurement relevant in the 21st century?" Frontiers in Psychology 1-2.

-        Mobbs, Anthony, and Simon Boag. 2021. "A system of classifying and measuring personality, emotion, and behaviour." ResearchGate 41-42.

-        Neuman, W. Lawrence. 2014. Social Research Methods: Qualitative and Quantitative Approaches. Harlow: Pearson Education Limited.

-        Mobb, Clifford W., and Craig Rixford. 1998. "Lessons Learned From the History of Social Indicators." Redefining Progress 5-6, . 

-        Sinha, Chetan. 2017. "Measurement issues of the social class in social psychology of education: Is it a category mistake?" Polish Psychological Bulletin 483.

-        Zeller, Richard A., and Edward G. Carmines. 1980. "Introduction to measurement." In Measurement in the social sciences: The link between theory and data, 1-2. Cambridge: Cambridge University Press.



 

القياس في البحث العلمي

الملخص:

ان الهدف من هذا البحث هو إبراز أهمية القياس في البحث العلمي، مع التركيز على القياس في البحث الاجتماعي والتقدم الذي أحرزه، اضافة الى الأختلاف في وجهات النظر حول مدى الحاجة إلى القياس في العلوم الاجتماعية. ولفهم القياس، تطرقنا الى جملة من المفاهيم المتعلقة بالقياس مثل الصدق والثبات والدقة والموضوعية والذاتية، حيث أن هذه المفاهيم تؤثر بشكل مباشر على عملية بناء المقياس وتطبيقه. وتوصلنا من خلال هذا البحث الى أن فهم القياس في العلوم الطبيعية يختلف عن فهمه في العلوم الاجتماعية، وأن القياس في العلوم الطبيعية أكثر تقدما مقارنة بالعلوم الاجتماعية. أن الغرض من القياس هو إنتاج نوع من الحقيقة، الأ أن عدم قدرته على قياس البنية أو الظاهرة المراد قياسها، قد يؤدي بنا الى استنتاجات خاطئة، وبالتالي يبدو القياس في مستوى أقل من المتوقع.

الكلمات المفتاحية: البحث الاجتماعي، القياس، الصدق والثبات

 

Measurement in Scientific Research

Abstract:

The purpose of this paper is to highlight the importance of measurement in scientific research, with an emphasis on measurement in social research and the progress it has made, as well as, the differences in views in the social sciences on the need for measurement. To explain measurement, scale-related concepts such as reality, validity, certainty, accuracy, objectivity and intersubjectivity are highlighted, as these concepts directly affect the measurement process and scale creation. The understanding of measurement in the natural sciences differs from the social sciences. Measurement in the natural sciences was found to be more advanced than in the social sciences. While the purpose of measurement is to produce some kind of truth, but it may sometimes not be able to measure the entire object or component intended to measure, therefore, we may reach wrong conclusions, and the measurement may appear at a lower level than expected.

Keywords: Social research, Measurement, Reliability, Validity.



* ئەمە توێژینەوەیەکی وەرگیراوە لە نامەی ماستەری قوتابی (حسن ویسی ئەسمەر) بەناونیشانی (پێوانەکردن لە توێژینەوەی کۆمەڵایەتیدا) بەسەر پەرشتی: پ. ی. د. مراد حکیم محمد کە لە بەشی کۆمەڵناسی/کۆلێژی ئاداب/زانکۆی سەڵاحەدین ئەنجامدراوە وەک یەکێک لە پێداویستییەکانی بەدەستهێنانی پلەی ماستەر بەر لە گفتوگۆکردن.

* ڤەکولەرێ بەرپرس.